ئای ئۆ ئێس

ئەپڵ لە دواین وەشانی تاقیکاری iOS 13 ـەدا چارەسەری کێشەی تێڕوانینی چاوی لە FaceTime ـدا کردووە

دوێنێ ئەپڵ سێیەمین وەشانی تاقیکاری iOS 13 ـی تایبەت بە گەشەپێدەران بەردەستکرد. وەشانە تاقیکارییەکە چارەسەرییەکی گرنگ لە خۆ دەگرێت، ئەویش چارەسەرکردنی کێشەی تێڕوانینی چاوە لە ئەپی FaceTime ـدا.

لە پێشووتردا کاتێک سەیری ڕوونمات دەکرد لە کاتی پەیوەندییە ڤیدیۆییەکان لە ئەپی FaceTime، تێبینی دەکرا کە چاوت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر کامێرا نییە و لە خوار کامێرایە. بەڕێز Mike Rundle لە تویتەر تێبینی چارەسەرییەکی کردووە لە سێیەمین وەشانی تاقیکاری iOS 13 ـدا، ئەویش چارەسەرکردنی کێشەی تێڕوانینی چاوە لە ئەپی FaceTime لە ڕێگەی زیادکردنی دوگمەیەکەوە لە کاتێکدا کە سەیری ڕوونما دەکرێت.

هەر وەک لە وێنەی دووەمدا دیارە، لە ئەپی Camera کاتێک سەیری ڕوونما دەکەیت، تێبینی ئەوە دەکرێت کە چاوت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر کامێرا نییە. بەڵام لە وێنەی یەکەمدا، کاتێک سەیری کامێرا دەکەیت لە نێو ئەپی FaceTime لە سێیەمین وەشانی تاقیکاری iOS 13، دەردەکەوێت کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاوت لەسەر کامێرایە لە کاتێکدا کە سەیری ڕوونما دەکەیت.

ئەپڵ دوگمەیەکی بە ناوی “FaceTime Attention Correction” لە ڕێکخستنەکانی ئەپی FaceTime لە سێیەمین وەشانی تاقیکاری iOS 13 زیادکردووە تاوەکو چارەسەری کێشەکەی پێ بکرێت. ئەگەر دەتەوێت کێشەی ناوبراو چارەسەر بکەیت، پێویستە دوگمەکە لە ڕێکخستنەکانی ئەپی FaceTime کارا بکەیت. ئەوەی جێگای ئاماژە پێکردنە، دوگمەکە بە تەنها بۆ ئامێرەکانی iPhone XS و iPhone XS Max زیادکراوە.

وا بڕیارە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا ئەپڵ وەشانی iOS 13 بە شێوەیەکی گشتی و بۆ هەمووان بەردەست بکات. لە دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ئەپڵ یەکەمین وەشانی تاقیکاری گشتی لە وەشانەکەی بۆ ئەو کەسانە بەردەستکرد کە خوازیاری تاقیکردنەوەی وەشانەکە بوون.

سەرچاوە :

3 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
704