گەرمترین

چەند نموونەیەکی دزەپێکراوی مۆبایلی Google Pixel 4 XL بڵاوکرانەوە و دیزاینی تەواوی مۆبایلەکە ئاشکرا دەکەن

تەنها مانگێک تێپەڕیوە بەسەر ئاشکراکردنی دیزاینی پشتەوەی مۆبایلی Google Pixel 4 لە لایەن گووگڵەوە بەر لە ڕاگەیاندنی، تاوەکو ئێستا دزەپێکردنی وێنە و زانیارییەکانی مۆبایلەکە بەردەوامییان هەیە و ئەمڕۆش چەند نموونەیەکی دزەپێکراوی مۆبایلەکە بڵاوکرانەوە.

پێگەی PriceBaba و هەژماری OnLeaks لە تویتەر چەند وێنەیەکی نموونەی مۆبایلی Google Pixel 4 XL ـیان بڵاوکردەوە. لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە مۆبایلە نوێیەکەی گووگڵ خاوەن 3 کامێرا دەبێت لە پشتەوە، هەروەها خاوەن 2 کامێرا دەبێت لە پێشەوە. وا دیارە گووگڵ بۆ ئەمجارە بایەخی بە نۆچ و چاڵی ژێر ڕوونما نەداوە، هەر بۆیە لێوارێکی پڕاوپڕ بە پانی ڕوونما لە سەرەوە بەکاردەهێنێت بۆ جێگیرکردنی کامێراکان و بەشەکانی دیکە.

لە وێنەکانی دیکەدا بەدەر دەکەوێت کە مۆبایلەکە لە لێواری ڕاستەوە خاوەن دوگمەیەک دەبێت تایبەت بە هەڵکردن و کوژانەوە، هەروەها دوگمەیەکی دیکە کە وا چاوەڕوان دەکرێت تایبەت بێت بە یاریدەدەری دەنگی Google Assistant. ئەوەی جێی ئاماژە پێکردنە، مۆبایلەکە خاوەن هیچ دوگمەیەکی کۆنتڕۆڵکردنی دەنگ نابێت لە لێواری چەپەوە.

زانیارییە دزەپێکراوەکانی پێشووتر پێمان دەڵێن کە مۆبایلی Google Pixel 4 XL خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.25 ئینج لە جۆری OLED. تاوەکو ئێستا ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام وا چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی 10 ـی ئەمساڵدا کۆمپانیای گووگڵ لە بۆنەیەکی تایبەتدا مۆبایلەکە لەگەڵ وەشانێکی نوێ لە یاریدەدەری دەنگی Google Assistant و چەند بەرهەمێکی دیکە ڕابگەیەنێت.

سەرچاوە :

8 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
704