تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

گووگڵ دەیەوێت لە ڕێگەی بەردەستکردنی ئەپی Shoelace ـەوە بگەڕێتەوە نێو بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

گووگڵ هەرگیز نەیتوانیوە لە بواری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا سەرکەوتوو ببێت، لە ماوەی ڕابردووشدا کۆمپانیاکە تۆڕی کۆمەڵایەتی + Google ـی بە یەکجاری لەکارخست بە هۆی کەمی ژمارەی بەکارهێنەرانەوە. گووگڵ دەیەوێت لە ڕێگەی بەردەستکردنی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی نوێوە، دەست بکاتەوە بە ڕکابەری فەیسبووک و تویتەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.

گووگڵ بەمنزیکانە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بە ناوی Shoelace ـەوە بەردەست دەکات بۆ بەکارهێنەرانی iOS و Android، تۆڕەکە تایبەتە بە دیاریکردنی کاتی بۆنە و چاوپێکەوتنەکان و یارمەتیدەرە تاوەکو هاوڕێیان پێکەوە لە ژیانی ڕاستیدا کۆبکاتەوە، بە شێوەیەک کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات تاوەکو لیستی چالاکییەکان و بۆنەکان درووست بکەن و ئەو شوێنانە دیاری بکەن کە مەبەستیان لێیەتی. هەروەها دەتوانرێت هاوڕێیان بانگهێشت بکرێن تاوەکو بەژدار ببن لە بۆنە و چاوپێکەوتنەکان.

ئەپەکە بەشێکە لە پڕۆژەی Area 120 ـی گووگڵ، لە ئێستادا لە ژێر تاقیکردنەوەدایە و بۆ ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی شاری نیویۆرک لەسەر سیستەمەکانی iOS و Android بەردەستکراوە. لە ئەگەری سەرکەوتنی تۆڕەکەدا، بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەست دەکرێت.

لە ڕاستیدا، گووگڵ ئەپێکی هاوشێوەی بە ناوی Schemer لە ساڵی 2011 ـەدا بەردەستکرد کە ڕێگەی بە بەکارهێنەران دەدا تاوەکو یەکتر ببینن و کاتی بۆنە و چاوپێکەوتنەکانیان دیاری بکەن. بەڵام تەمەنی ئەپەکە زۆر کەم بوو و لە پاش چەند مانگێک بوونی نەما.

سەرچاوە :
12 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
704