هەواڵ 14, ته‌مموز 2019

هواوەی بە سەدان کارمەندی ئەمریکی لە کارەکانیان دوور دەخاتەوە

دەنگۆ هەیە کە کۆمپانیای هواوەی چینی بە نیازە بە سەدان کارمەندی ئەمریکی لە کارەکانیان دوور بخاتەوە. ئەمەش لە دوای ئەوەی ماوەی چەند مانگێکە سزاکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ سەر هواوەی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر ڕاژەکانی ئەمریکاوە بەردەوامییان هەیە .

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی WSJ بێت، هواوەی دەیەوێت بە سەدان کارمەندی ئەمریکی تایبەت بە توێژینەوە ناسەرەکییەکان لە دامەزراوەیەک بە ناوی Futurewei Technologies لە ئەمریکا بێکار بکات و لە کارەکانیان دوور بخاتەوە. چەند کارمەندێکی چینیش لە دامەزراوەکەدا بوونیان هەن و دەگوترێت کە هواوەی بژاردە دەخاتە بەردەم کارمەندە چینییەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ چین و کارکردن لە کۆمپانیای هواوەیدا.

هەر چەندە ژمارەیەک لە کارمەندەکانی دامەزراوەکە لە پێشووتردا ئاگادار کرابوونەوە کە بە نزیکترین کات لە کارەکانیان لادەبرێن، هواوەی سوورە لەسەر ئەوەی کە کارمەندی زیاتر لە دامەزراوەکە و لە داهاتوودا لە کارەکانیان دوور بخاتەوە.

لە سەرەتاکانی مانگی 5 ـی ئەمساڵەوە حکومەتی ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر کۆمپانیای هواوەی چینیدا سەپاند بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر ڕاژەکانی دەوڵەتی ئەمریکاوە، بەم هۆیەوەش کۆمپانیا چینییەکە بێبەش کرا لە توانای کڕینی چەندین پارچەی ڕەقەکاڵا و نەرمەکاڵا لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان. سزاکانی سەر هواوەی تاوەکو ئێستا بەردەوامییان هەیە لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەی G20 ـی ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە ئەمریکا سزاکان لەسەر هواوەی لادەبات.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ