تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
20, تەممووز 2019
لەمەودوا پێش ئەوەی هەژمارەکەت ناچالاک ببێت، ئینستەگرام ئاگادارت دەکاتەوە

ئینستەگرام لە هەوڵدایە تاوەکو بەکارهێنەرانی لە تۆڕەکەدا بهێڵێتەوە و پارێزراوتری بکات. لە هەنگاوێکی نوێدا، لەمەودوا کۆمپانیاکە ئاگادارت دەکاتەوە پێش ئەوەی هەژمارەکەت ناچالاک ببێت.
لە دوای بڵاوکردنەوەی هەر وێنەیەکی بێئابڕوویی، لێدوانی بێزارکەر و هەڕەشە ئامێز یاخود بازرگانی قەدەغەکراو، کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بڵاوکراوە یاخود لێدوانەکەت دەسڕێتەوە و ئاگادارت دەکاتەوە کە پێویستە دووبارە نەبێتەوە. لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەمان کردار، کۆمپانیاکە ڕاستەوخۆ هەژمارەکەت ناچالاک دەکات بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکانەوە.
بە پێی کۆمپانیاکە بێت، زیادکردنی ئەو ئاگادارکەرەوەیە بۆ پارێزراوکردنی تۆڕەکەیە لە بڵاوکراوە و لێدوانە قەدەغەکراوەکان. لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیاکە زیاتر سەرنجی خستبووە سەر پارێزراوی و 2 ئامرازی گرنگی زیادکرد، دانەیەکیان ئاگاداری دەکردیتەوە لە سڕینەوەی لێدوانە هەڕەشە ئامێز و خراپەکان و ئەوەی دیکە تایبەت بوو بە سنووردارکردنی دەرکەوتنی لێدوانەکانی شوێنکەوتووەکان.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.