تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ئینستەگرام بە 2 تایبەتمەندی نوێوە ڕێگە لە بەدیارکەوتنی قسە بێماناکان و هەڕەشەکان دەگرێت لە بەشی لێدوان (Comment)

دوێنێ کۆمپانیای فەیسبووک خاوەن تۆڕی ئینستەگرام، 2 تایبەتمەندی نوێی بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد (AI) ـیەوە بۆ بەشی لێدوان (Comment) ڕاگەیاند بە مەبەستی دەرنەکەوتنی قسە بێمانا و هەڕەشە خوازەکان و بێزارکەرەکان.

تایبەتمەندی یەکەم بریتییە لە وەبیرخەرەوەی سڕینەوەی لێدوانەکان لە پێش بڵاوکردنەوەیانەوە. بە شێوەیەک، ئەگەر لێدوانەکە قسەیەکی ناشرین یاخود هەڕەشە ئامێزانە لەخۆ بگرێت، بۆ ماوەی چەند چرکەیەک بیرت دەخاتەوە کە کرداری گەڕانەوە (Undo) بکەیت بۆ سڕینەوەی لێدوانەکە لە پێش بڵاوبوونەوەیەوە بۆ ئەوەی کار نەکاتە سەر دەروونی خاوەن بڵاوکراوەکە.

تایبەتمەندی دووەم بریتییە لە سنووردارکردنی دەرکەوتنی لێدوانەکانی شوێنکەوتووەکان. لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت لێدوانی شوێنکەوتوویەکی دیاریکراو بە گشتی نەبینرێت و تەنها خاوەن بڵاوکراوەکەوە و خۆی توانای بینینی هەبێت، وە هەروەها ئاگادار نابێت لەوەی کە سنووردار کراوە. ئەمەش بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە کێشە جیاوازەکان. دەتوانرێت لە هەر کاتێکدا هەژمارە سنووردارکراوەکە لە لیستی سنووردارکردندا لا ببرێت یاخود کەسانی دیکە زیاد بکرێن.

ئینستەگرام لەم دواییەدا سەرنجی تەواوەتی خستۆتە سەر بەشی لێدوان، بە مەبەستی بەدیار نەکەوتنی قسە ناشرینەکان، هەڕەشە خوازەکان و بێزارکەرەکان لە بڵاوکراوەکاندا. هەر وەک ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا تایبەتمەندی پاڵاوتنی لێدوانەکانی زیادکرد کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت شوێنکەوتووانت توانای نووسینی چەند وشەیەکی دیاریکراویان نەبێت وەکو لێدوان بۆ بڵاوکراوەکانت.

لە ئێستادا هەردوو تایبەتمەندییەکە لە ژێر تاقیکردنەوەدایە و بۆ ژمارەیەکی کەم لە بەکارهێنەران بەردەستکراون، بەمزووانە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی تۆڕەکە بەردەست دەکرێن.

سەرچاوە :
9 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
704