ئەندرۆید

هواوەی ڕووکاری EMUI 10 ـی بنچینەکراوی لەسەر Android Q ڕاگەیاند

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی گەشەپێدانی هواوەی 2019 لە شاری Dongguan ـی چین، کۆمپانیا چینییەکە وەشانێکی نوێی لە ڕووکاری EMUI بە ناوی EMUI 10 ـەوە ڕاگەیاند.

ڕووکاری EMUI 10 بنچینەکراوی سیستەمی Android Q ـە. سەبارەت بە دیزاینی ڕووکارە نوێیەکە، گۆڕانکاری لە وێنۆچکەی ئەپەکانی Camera و Phone و ژمارەیەک ئەپی دیکەدا کراوە و نوێکراونەتەوە. هەروەها ژمارەیەک کاتژمێری نوێی دیکە بۆ ڕوونمای قفڵ (Lock Screen) ـی ڕووکارەکە زیاد کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخی تاریک (Dark Mode) لەمەودوا توانای ئەوەی دەبێت لە ئەپە لایەنە سێیەمینەکاندا کار بکات.

لە لایەنی باشترکردنی تواناوە، خێرایی ڕووکارە نوێیەکە بە ڕێژەیەکی زۆر زیادکراوە، ئەمەش بە هۆی باشترکردنی پەڕگەی EROFS و نوێکردنەوەی تایبەتمەندی GPU Turbo بۆ وەشانی 3.0. لەگەڵ ئەوەشدا، خێرایی ئاڵوگۆڕکردنی ئەپەکانیش زیاد کراوە.

لە ڕووکارە نوێیەکەدا، هواوەی تایبەتمەندییەکی ناوازەی بە ناوی Multi Screen ـەوە زیاد کردووە کە دەتوانرێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و خێرا ڕوونمای مۆبایلەکەت بگوازیتەوە بۆ سەر کۆمپیوتەر و لاپتۆپەکان.

لە ڕێکەوتی 8 ـی مانگی داهاتوودا کۆمپانیا چینییەکە ڕووکاری EMUI 10 بۆ ژمارەیەک لە مۆبایلەکانی بە شێوەی تاقیکاری گشتی بەردەست دەکات و یەکەمین مۆبایلیش کە ڕووکارەکەی بۆ بەردەست دەکرێت، مۆبایلی هواوەی P30 دەبێت.

هەروەها هواوەی لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەدا ئاشکرایکرد کە مۆبایلی هواوەی Mate 30 بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە نێو پاکەتدا، ڕووکاری EMUI 10 ـی لەسەر جێگیر دەبێت.

پەیوەندیدار بە کۆنگرەی گەشەپێدانی هواوەی 2019:

سەرچاوە :

9 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
828