ئەپڵ

پێشبینیکەر Kuo: مانگی داهاتوو ئەپڵ زنجیرەی پێنجەم لە کاتژمێری زیرەکی Apple Watch ڕادەگەیەنێت

پڕوپاگەندەکان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch لە لایەن ئەپڵەوە سەریان هەڵدا. پێشبینیکەری بەناوبانگ Ming-Chi Kuo پێشبینی خۆی سەبارەت بە ڕاگەیاندنی زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch ئاشکراکرد.

پێشبینیکەر Ming-Chi Kuo ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکات لە مانگی داهاتوودا ئەپڵ زنجیرەی پێنجەم لە کاتژمێری زیرەکی Apple Watch ڕابگەیەنێت، بۆ ئەم پێشبینییەش Kuo پشتی بەوە بەستووە کە کۆمپانیای Japan Display ـی ژاپۆنی بۆ درووستکردنی ڕوونما ژمارەیەکی زۆر لە ڕوونمای جۆری OLED ـی بۆ زنجیرەیەکی نوێی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch دابینکردووە.

کۆمپانیای Japan Display لە ئەمساڵدا بڕی 15 بۆ 20% ـی بەرهەمهێنانی ڕوونمای OLED ـی بۆ کاتژمێری زیرەکی Apple Watch زیاد کردووە، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ساڵی 2021 ڕێژەکە بەرز ببێتەوە بۆ 80%.

ئەگەر پێشبینییەکەی Kuo ڕاست بێت (لە ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە پێشبینییەکانی ڕاست بوون)، مانگی داهاتوو هاوشانی ڕاگەیاندنی iPhone 11 لە لایەن ئەپڵەوە، زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch ـیش دەبینین.

هەروەها Kuo دەڵێت زنجیرەی ئەمساڵی Apple Watch خاوەن بەرگی جۆری سیرامیک دەبێت، بەڵام ڕوون نییە کە یەک مۆدێلی وا دەبێت یاخود ماددەکە بۆ سەرجەم مۆدێلەکانی کاتژمێرە زیرەکەکە بەکاردەهێندرێت. پێشبینی دەکرێت زنجیرەی شەشەمی Apple Watch کە ڕەنگە لە ساڵی داهاتوودا نمایش بکرێت، خاوەن ڕوونمای جۆری microLED ببێت.

سەرچاوە :
17 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
932