ئەپڵ

پڕوپاگەندە: ڕەنگە ئەپڵ نەوەیەکی نوێ لە ئامێری Apple TV بە پڕۆسێسەری A12 ـەوە ڕابگەیەنێت

کۆتا نەوەی ئامێری Apple TV کە نمایشکرا، لە ساڵی 2017 ـەدا بوو. وا دیارە ئەپڵ دەیەوێت درێژە بە زیندوو هێشتنەوەی ئامێرەکە بدات بە ڕاگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لێی.

کەمتر لە هەفتەیەک ماوە بۆ دەستپێکردنی کۆنگرەی By innovation only ـی ئەپڵ تایبەت بە نمایشکردنی ئامێرە نوێیەکانی کۆمپانیاکە کە وا بڕیارە لە ڕێکەوتی 10 ـی ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێت. هەژمارێک بە ناوی never_released لە تویتەر جریوەیەکی بڵاوەپێکردووە و ژمارەی مۆدێلی نەوەیەکی نوێی لە ئامێری Apple TV ئاشکرا کردووە. بە پێی جریوەکە بێت، ژمارەی مۆدێلی Apple TV بریتی دەبێت لە AppleTV11,1 J305AP.

جریوەکە ڕێکەوتی بەردەستکردنی نەوە نوێیەکەی ئامێری Apple TV ـی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێگەی MacRumors لە ڕێگەی پەڕگەی وەشانی iOS 13 ـدا پشتڕاستی کردۆتەوە کە ژمارەی مۆدێلی Apple TV ـە نوێیەکە AppleTV11,1 دەبێت بە ژمارە کۆدی J305AP ـەوە.

هەمان هەژمار، دڵنیایی داوە کە نەوە نوێیەکەی ئامێری Apple TV بە پڕۆسێسەری A12 کار دەکات، نەوەک پڕۆسێسەری A12X و هەر پڕۆسێسەرێکی دیکە. لە ڕاستیدا، ئەمە هەنگاوێکی زۆر باشە لە لایەن ئەپڵەوە بۆ بەکارهێنانی پڕۆسێسەری A12 لە جیاتی A10X.

هیچ کام لە هەژماری never_released و پێگەی MacRumors ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی نەوە نوێیەکەی Apple TV ـیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە کۆنگرەی هەفتەی داهاتووی ئەپڵدا ڕابگەیاندرێت.

سەرچاوە :
5 ئه‌یلول، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
927