ئەپڵ
29, ئاب 2019
ئەپڵ ڕێکەوتی ئەنجامدانی کۆنگرەی تایبەت بە نمایشکردنی iPhone 11 و چەند بەرهەمێکی دیکەی خۆی ئاشکرا کرد

وا دیارە ئامادەکارییەکانی کۆمپانیای ئەپڵ بە کۆتا هاتوون بۆ ڕاگەیاندنی ئایفۆن و بەرهەمە نوێیەکانی دیکەی ئەمساڵی. هەر بۆیە کۆمپانیاکە ڕێکەوتی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی تایبەتی ئاشکرا کرد.
کۆمپانیای ئەپڵ ڕێکەوتی 10 ـی مانگی 9 ـی ئەمساڵی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی تایبەت بە نمایشکردنی iPhone 11 و چەند بەرهەمێکی دیکەی خۆی لە ژێر ناوی “By innovation only : تەنها بە نوێگەری”. کۆنگرەکە لە شانۆی Steve Jobs لە بارەگای Apple Park لە شاری کۆپێرتینۆی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا لە کاتژمێر 10:00 ـی سەر لە بەیانی بە کاتی ئەمریکا و کاتژمێر 8:00 ـی ئێوارە بە کاتی هەولێری پایتەختی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
لە هەمان کاتدا، ئەپڵ بانگهێشتنامەی ڕەوانەی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران کرد تاوەکو بەژداری لە کۆنگرەکەدا بکەن.
ئەو بەرهەمانەی کە پێشبینی دەکرێن لە کۆنگرەکەدا نمایش بکرێن:
- iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11XR.
- زنجیرەیەکی نوێ لە کاتژمێری زیرەکی Apple Watch.
- MacBook Pro 16-inch.
- چەند نەوەیەکی نوێ لە ئامێری iPad.
- دووبارە ناساندنەوەی خزمەتگوزارییەکانی +Apple TV و Apple Arcade و زیاتر.
کەی ئای تی ئێن بۆ کۆنگرەی تایبەتی ئەمجارەی ئەپڵیش لەگەڵتان دەبێت بۆ گواستنەوەی ڕووماڵی کۆنگرەکە بە زمانی شیرینی کوردی، لەگەڵمانبن بۆ زانینی نوێکارییەکانی تایبەت بە کۆنگرەکە!
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.