رەقەکاڵا

شاومی تەکنەلۆژیای بارگاویکەرەوەی بێوایەری خێرای Mi Charge Turbo ـی بە توانای 30 واتەوە ڕاگەیاند

لە دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆ هەبوو کە گوایە شاومی تەکنەلۆژیایەکی نوێی بارگاویکەرەوەی بێوایەری خێرا بە توانای 30 واتەوە ڕادەگەیەنێت، دەنگۆکە بووە ڕاست و ئەمڕۆ کۆمپانیا چینییەکە تەکنەلۆژیاکەی ڕاگەیاند.

کۆمپانیای شاومی تەکنەلۆژیایەکی نوێی بارگاویکەرەوەی بێوایەری خێرای بە ناوی Mi Charge Turbo ـەوە ڕاگەیاند، تەکنەلۆژیاکە توانای هەیە بە خێرایی 30 وات مۆبایل بارگاوی بکاتەوە. تەکنەلۆژیاکە سوود لە کۆیلی کارەبایی 5 هێڵی جۆری نانۆکریستاڵی دەبینێت بۆ بارگاویکردنەوەی مۆبایل بە شێوەی بێوایەر. لە توانایدایە مۆبایلێکی خاوەن پاتری 4,000 ملی ئەمپێری لە 0% تاوەکو 50% بە تەنها 25 خولەک لە ڕێگەی بارگاویکەرەوەی بێوایەرەوە بارگاوی بکاتەوە، هەروەها توانای هەیە مۆبایل بە ماوەی 69 خولەک بە تەواوی بارگاوی بکاتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیا چینییەکە پشتڕاستی کردەوە کە بۆ یەکەمجار تەکنەلۆژیاکە لە مۆبایلی Mi 9 Pro 5G ـدا بەکاردێت، کە پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتوودا مۆبایلەکە ڕابگەیاندرێت.

هەروەها شاومی لە کۆنگرەی تایبەت بە نمایشکردنی تەکنەلۆژیاکەدا، ڕاگەیاند کە بارگاویکەرەوەی بێوایەری خێرای 40 واتی لە ژێر گەشەپێداندایە و لە ماوەیەکی نزیکی ئایندەدا نمایش دەکرێت. لە ڕابردوودا شاومی ڕایگەیاند کە کار لەسەر ڕاگەیاندنی تەکنەلۆژیایەکی بارگاویکەرەوەی بە وایەری خێرا دەکات بە توانای 100 وات.

سەرچاوە :
9 ئه‌یلول، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
951