شاومی

تەکنەلۆژیایەکی نوێی بارگاویکردنەوەی کۆمپانیای شاومی بە 17 خولەک مۆبایلێکی پاتری 4.000 ملی ئەمپێری بە تەواوی بارگاوی دەکاتەوە

تا دێت تایبەتمەندی مۆبایلەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن، لەگەڵ ئەمەشدا پێویستیان بە وزەیەکی زۆر دەبێت بۆ کارپێکردن، هەندێک لە مۆبایلەکانیش بە ماوەیەکی زۆر بارگاوی دەبنەوە. بەڵام کۆمپانیای شاومی لە ئامادەکاریدایە بۆ کۆتایی پێهێنان بە خاوی بارگاویبوونەوەی مۆبایلەکان.

بەڕێز Lin Bin دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای شاومی چینی لە هەژماری خۆی لە پێگەی Weibo ـدا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردۆتەوە. تێیدا بەراوردی مۆبایلێکی شاومی دەکات کە فراوانی پاتری 4.000 ملی ئەمپێرە بە بەکارهێنانی بارگاویکەرێکی 100 واتی بە ناوی Super Charge Turbo لەگەڵ مۆبایلی OPPO R17 Pro کە فراوانی پاتری 3.700 ملی ئەمپێرە بە بەکارهێنانی بارگاویکەرێکی 50 واتی بە ناوی SuperVOOC flash charge. مۆبایلەکەی شاومی بە تەنها پێویستی بە 17 خولەکە تاوەکو پاترییەکی بە تەواوی لە 0 ـەوە پڕ ببێت، لە کاتێکدا مۆبایلی OPPO R17 Pro ـەکە هێشتا بە ڕێژەی 65% بارگاوی بووەتەوە.

مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە لە لایەن بەڕێوەبەرەکەی شاومییەوە، بۆ ناساندنی تەکنەلۆژیای بارگاویکەرەوەی خێرای Super Charge Turbo بوو. ئەمە لە کاتێکدایە مۆبایلی هواوەی Mate X توانای بارگاویکردنەوەی 55 واتە و خێراترینە لە ئێستادا. ڕەنگە شاومی لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا تەکنەلۆژیاکە بەردەست بکات و سەرەتا لە مۆبایلە نوێیەکانی زنجیرەی Redmi ـدا بەکاری بهێنێت.

سەرچاوە :

27 ئازار، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
704