10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 15, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

کەلێنێک لە وەشانی تاقیکاری iOS 13 ـدا ڕێگە دەدات بە بێ داخڵکردنی تێپەڕەوشە دەستت بگات بە ژمارە پەیوەندییەکان

وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆمپانیای ئەپڵ وەشانی جێگیری iOS 13 ڕەوانەی سەرجەم بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپاد و ئایپۆدەکان بکات. بەڵام بەر لە بەردەستکردنی وەشانە جێگیرەکە لە لایەن ئەپڵەوە، کەلێنێکی ئاسایشی لە دواین وەشانی تاقیکاری iOS 13 ـدا دۆزرایەوە.

یەکێک بە ناوی Jose Rodriguez، کەلێنێکی لە دواین وەشانی تاقیکاری iOS 13 ـدا دۆزیوەتەوە کە ڕێگە دەدات دەستت بگات بە ژمارە پەیوەندییەکان بە بێ ئەوەی تێپەڕەوشەی ئامێرەکە داخڵ بکەیت. کەلێنەکە لە ڕوونمای قفڵدا کار دەکات، بۆ بەدەست گەیشتنی ژمارە پەیوەندییەکان بەبێ داخڵکردنی تێپەڕەوشە، پێویستە لە کاتی هاتنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی FaceTime ـدا پەنجە لە دوگمەی Message و بژاردەی Custom بنێیت. وە دواتر تایبەتمەندی VoiceOver لە ڕێگەی Siri ـییەوە کارا بکەیت.

ساڵی ڕابردوو، هەمان کەس کەلێنی هاوشێوەی لە وەشانی iOS 12.1 ـدا دۆزییەوە. Rodriguez دەڵێت کە لە ڕێکەوتی 17 ـی مانگی 7 ـی ئەمساڵەوە ئەپڵی ئاگادارکردۆتەوە لە بوونی ئەو کەلێنە، بەڵام هێشتا و تاوەکو وەشانی Gold Master ـی iOS 13 کەلێنەکە کار دەکات.

بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم حاڵەتە، پێگەی The Verge ڕایگەیاندووە کە هەنگاوەکانیان هاوشێوەی Rodriguez تاقیکردۆتەوە و حاڵەتەکەیان پشتڕاست کردۆتەوە. Rodriguez دەڵێت وا دیارە کەلێنەکە لە دواین وەشانی تاقیکاری iOS 13.1 ـدا چارەسەر کراوە.

ئەمە یەکەمین کەلێنی قفڵی ڕوونما (Lockscreen) نییە کە لە وەشانەکانی iOS ـدا بدۆزێتەوە، لە ساڵی 2013 و لە وەشانی iOS 6.1 ـدا کەلێنێکی مەترسیدار دۆزرایەوە کە دەتوانرا لە ڕێگەیەوە بەبێ داخڵکردنی تێپەڕەوشە دەستت بگات بە تۆمارکراوە تەلەفۆنییەکان و زانیارییە تەلەفۆنییەکان و وێنەکان و زیاتریش.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ