10
ئەندرۆید 22, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

هیچکام لە مۆبایلەکانی هواوەی Mate 30 و Mate 30 Pro خاوەن کۆگای Google Play و ئەپە سەرەکییەکانی دیکەی گووگڵ نین

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمپانیای هواوەی مۆبایلەکانی Mate 30 و Mate 30 Pro ـی بە تایبەتمەندی و نرخی بەرزەوە ڕاگەیاند. بەڵام هەر وەکو پێشووتر باس دەکرا، هیچ کام لە مۆبایلە نوێیەکانی هواوەی خاوەن کۆگای Google Play و ئەپە سەرەکییەکانی دیکەی گووگڵ نین.

هۆکاری نەبوونی هیچ کام لە ئەپە گرنگ و سەرەکییەکانی گووگڵ لە مۆبایلە نوێیەکانی هواوەیدا، بۆ سزاکانی چەند مانگی ڕابردووی حکومەتی ئەمریکا بۆ سەر کۆمپانیا چینییەکە دەگەڕێتەوە، هەروەها بە هۆی ئەم سزایانەشەوە کۆمپانیای گووگڵ گشت مامەڵەیەکی لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکەدا وەستاند. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە کۆمپانیاکە مۆڵەتی گووگڵ بۆ بەکارهێنانی کۆگای Google Play و ئەپە سەرەکییەکانی دیکەی گووگڵ وەرنەگرێت لە مۆبایلە نوێیەکانیدا.

لە جێگەی کۆگای Google Play و ئەپە سەرەکییەکانی دیکەی گووگڵ، کۆمپانیای هواوەی کۆگای App Gallery ـی تایبەت بە دابەزاندنی ئەپ و یارییەکان و چەند ئەپێکی دیکەی خۆی کردۆتە جێگرەوە. بەڕێز Richard Yu بەڕێوەبەری کۆمپانیا چینییەکەش حاڵەتەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە لە جێگەی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایلی گووگڵ (Google Mobile Services)، ئێمە خزمەتگوزارییەکانی مۆبایلی هواوەی (Huawei Mobile Services) ـمان لە مۆبایلەکانی Mate 30 و Mate 30 Pro ـدا جێگیر کردووە.

دەگوترێت کە کۆمپانیا چینییەکە هەلی دامەزراندنی کۆگای Google Play و ئەپە سەرەکییەکانی دیکەی گووگڵی بۆ کڕیارانی مۆبایلە نوێیەکانی Mate 30 و Mate 30 Pro ڕەخساندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە چۆن کردارەکە ئەنجام دەدرێت.

هەبوونی کۆگایەکی تایبەت بە داگرتنی ئەپ و یارییەکان کە خاوەندارێتی لە لایەن هواوەییەوە بکرێت، گوومانی هەبوونی کۆدی سیخوڕیکردن لە نێو ئەپ و یارییەکاندا زیاد دەکات و پێناچێت هێندە پارێزراو بێت لە چاو کۆگای Google Play ـی گووگڵەوە. بەو هیوایەی کە کۆگاکەی هواوەی ببێتە پارێزەری ئەپ و یارییە زیانبەخش و سیخوڕییەکان لە بەکارهێنەرانی مۆبایلە نوێیەکانی هواوەی.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ