ئینتەرنێت 6, حوزه‌یران 2015

کێشەی ڕێکلام و لاپەڕەکانی فەیسبووک!

FBadsتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک یەکێکە لەو تۆڕە بەناوبانگانەی کە زۆرترین بەکارهێنەری هەیە، لەم خشتەیەی خوارەوە هەندێک ئامار و زانیاری وورد لەسەر تۆڕی فەیسبووک دەخەینەڕوو بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی بابەتەکە:

2015-06-06_23-40-26بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەکارهێنەری زۆرەو، پێویستی بەوە هەیە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان لەڕێی ئەم تۆڕەوە داهاتێک بەدەست بهێنێت تاکو بتوانێت بیکاتە سەرچاوەیەکی داهات و قازانج بۆ پەرەپێدانی زیاتری تۆڕەکەو بۆ سوودوەرگرتن لەو هەلەش کە ئەو تۆڕە بەم شێوەیە خێرایە بووبە یەکەم تۆڕی کۆمەڵایەتی لە جیهاندا.
بێگومان هەموو ماڵپەرێکی بەناوبانگ و پڕخوێنەر یان بەکارهێنەر، یەکێک لەسەرچاوە داراییەکانی بریتیە لە ڕیکلامکردن، فەیسبوکیش بەدەرنیە لەوەو، سەرچاوەی یەکەمی داهاتی بریتیە لە ڕیکلام کەبەزۆری لەتەنیشتەکانی ماڵپەرەکەدا دەردەکەون، یان هەندێک پۆست و وێنە کە پرۆمۆت دەکرێن وەک بابەتێکی سەرەکی دێنە بەشی سەرەکیەوە.
بێگوومان ژمارەیەکی زۆر خاوەن کۆمپانیا لاپەڕەی خۆیان لەفەیسبووک دروستکردووە بۆ سوودوەرگرتن لەو هەلەی کە ژمارەیەکی زۆر بەکارهێنەر رۆژانە سەردانی فەیسبووک دەکەن، بەڵام ئەو لاپەڕانە هەروا بەشێوەیەکی ئاسان ناتوانن ئەو سوودەببین لەبەر دووهۆکار:

  • کەمی فانەکان: لاپەڕەکان کە دورست دەکرێن بەشێوازێکی خۆکار بڵاونابنەوە، دەبێت خاوەن لاپەڕەکە لە ڕێگەی رێکلامەوە بۆ لاپەڕەکەی بتوانێت زۆرترین ژمارەی لایک کۆبکاتەوە تاکوو دوواتر ئاگاداری لاپەڕەکەی ببن.
  • نەگەیشتنی بابەتەکانی لاپەڕەکان بەژمارەیەکی زۆری بەکارهێنەر “کە ئەمە سەرەکیترین کێشەی لاپەڕەکانی فەیسبووکە”.

بۆنمونە: لاپەڕەیەکمان هەیە بەناوی “کورد” سەرەتا دەبێت نزیکی ١٠٠٠ دۆلار بۆ رێکلام تەرخان بکرێت تاکوو نزیکی 10 بۆ 20 هەزار لایک کۆبکاتەوە، ئەوەش پشت دەبەستێت بە حەز و ئارەزووی بەکارهێنەرانەوە کە چەند ئەو لاپەڕەیە دەکەنە دڵخوازی خۆیان. پاشان با وایدابنێین لاپەڕەکە بووبەخاوەنی 50،000 لایک، بەڵام سەیر لەوەیە کاتێک بابەتێک لەلاپەڕەکە بڵاو دەکاتەوە، فەیسبووک تەنها پیشانی نزیکی 2000 کەسی ئەدات، لەو ژمارەیەش لەوانەیە نزیکەی 100 بۆ 500 لایک بێت بۆبابەتەکە.
کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە: لەکۆی 50 هەزار بەکارهێنەر بۆچی تەنها هەزار بەکارهێنەر ئەو بابەتەی بینیوە؟ زۆرجار دەبینین ئەولاپەڕانە لەفانەکانیان دەپارێنەوە بۆئەوەی لایک و شەیر بکرێن چونکە رێژەی بەشداری بەکارهێنەرەکانیان کەمبووە! ئەمەش ڕاستی ئەو بابەتە دەگەیەنێت کە فەیسبووک بەبێ رێکلام هیچ بابەتێک پیشانی هەموو فانەکانی نادات، تەنها چالاکی و ڕووداوی نێوان هاورێکان نەبێت کە گرنگی یەکەمەو پیشان دەدریت بەبێ رێکلام.
کەواتە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیە گەورەیە کەبەهۆی بەکارهێنەرانەوە دروست بووەو ناوبانگی پەیداکردووە، دەبێتە سەرچاوەیەکی داهاتی زۆرگەورە تەنها بۆدامەزرێنەرانی، بۆ نمونە ماڵپەری گوگڵ، پارەدەداتە خاوەن ئەو ماڵپەڕانەی کە رێکلامەکانی بڵاودەکەنەوە، یان یوتیوب پارە دەداتە خاوەن کەناڵە بەناوبانگەکان تاکو رێکلام بخاتە ناو بڵاوکراوە ڤیدیۆیەکانیان، بەڵام فەیسبووک، تەنها خودی دامەزرێنەکان سودمەندی ئەو بڕەپارە زۆرە دەبن کە بەبەشداری ملیۆنان کەسی دونیا دروست بووە.
دڵنیام هەموو خاوەن لاپەڕەکان بەدەست ئەم کێشەوەیە دەناڵێنن، کاتێک بابەتێکی زۆرجوان بڵاودەکەنەوە، بەڵام کەمترین بەشداربوو دەیبینێت بەمەش ژمارەی زۆرکەم لایک و لێدوانی دەبێت.
لەکۆتاییدا، پێموایە، ماڵپەری فەیسبووک گەیشتۆتە لوتکەی بەناوبانگبوونی و لەئاستێکدایە کە ئیتر دەکرێ لاوازی بەشداریکردنی بەکارهێنەران بەخۆیەوە ببینێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە لاپەڕەکان بەرەو لاوازی دەڕۆن و بەشێکی زۆری بەکارهێنەری دنیاش لەگەڵ بەرەوپێشچوون و خێرابوونی هێڵی ئینتەرنێت بەرەو سەیرکردنی ڤیدیۆ دەڕۆن.

ئاکام عومەر
ماستەر لە تەکنۆلۆجیای زانیاری

سەرچاوەکان:
https://zephoria.com/social-media/top-15-valuable-facebook-statistics رۆژی سەردان 5/5/2015.
http://www.jonloomer.com/2015/02/03/facebook-organic-page-reach-is-not-dead رۆژی سەردان 5/5/2015.
http://newsroom.fb.com/company-info رۆژی سەردان 5/5/2015.

تاگەکان فەیسبووک
بۆچونی تۆ