فەیسبووک

ڕەنگە ئەپی مێسنجەر لە ناوخۆی ئەپی فەیسبووکدا یەکبخرێت

لە پێشوودا کۆمپانیای فەیسبووک ڕایگەیاند کە خوازیارن نامەکان لە ئەپەکانی Messenger و WhatsApp و Instagram ـدا یەکبخەن. بەڵام ڕەنگە لە پێش ڕوودانی ئەمە، کۆمپانیاکە ئەپی مێسنجەر لە نێو ئەپی فەیسبووکدا یەکبخات.

بەڕێز Jane Manchun Wong توێژەرەوەی ئەپەکان لە جریوەیەکدا لە تویتەر ڕایگەیاندووە کە فەیسبووک ئەپی مێسنجەر لە نێو ئەپی فەیسبووکدا یەکدەخات، بەمەش دەتوانرێت لە ناوخۆی ئەپی فەیسبووکەوە ئاڵوگۆڕی نامەکانی مێسنجەر بکرێت بە بێ ئەوەی پێویست بکات ئەپی مێسنجەر بکرێتەوە. ئەگەر ڕووبدات، بە کرتە کردن لە وێنۆچکەی مێسنجەر لە پەڕەی سەرەکی ئەپی فەیسبووک دەتوانرێت نامەکانی مێسنجەر بەدەر بخرێن و ئاڵوگۆڕی نامەکان ئەنجام بدرێن. بەڵام ئەگەر ئێستا کرتە لە وێنۆچکەکە بکەیت لە پەڕەی سەرەکی ئەپی فەیسبووک، ڕاستەوخۆ ئەپی مێسنجەرت بۆ دەکاتەوە.

ئەمە یەکێک دەبێت لە هەنگاوەکانی ئاسانکاری کردن بۆ بەکارهێنەران لە لایەن فەیسبووکەوە، چونکە هەموو جارێک پێویست بە کردنەوەی ئەپی مێسنجەر ناکات بۆ ئاڵوگۆڕکردنی نامەکان ئەگەر ئەپی فەیسبووک بەکار بهێنیت و لە جیاتی ئەوە 1 ئەپ بەکار دەهێنیت.

لە ساڵی 2011 ـەدا فەیسبووک ئەپی مێسنجەری تایبەت بە بەشی نامەکانی فەیسبووکی بۆ مۆبایلەکان ڕاگەیاند، وە لە دوای ساڵی 2014 ـەوە تاوەکو ئەم ساتە فەیسبووک چیدیکە ڕێگای بە بەکارهێنەران نەدەدا نامەکان لە نێو ئەپی فەیسبووکدا بەکار بهێنن، بەمەش بەکارهێنەرانی ناچار کرد ئەپی مێسنجەر دابگرن بۆ ئەنجامدانی نامەکانی فەیسبووک.

سەرچاوە :

12 نیسان، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
930