ئەپڵ

ڕەنگە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا ئەپڵ نەوەی سێیەمی بیستۆکی بێوایەری AirPods نمایش بکات

ماوەیەکی زۆر کەم تێپەڕیوە بەسەر ڕاگەیاندنی نەوەی دووەمی بیستۆکی بێوایەری AirPods لە لایەن ئەپڵەوە، بەڵام ڕاپۆرتەکان دەڵێن کە وا دیارە ئەپڵ لە ئامادەکاریدایە بۆ نمایشکردنی نەوەی سێیەم لە بیستۆکەکە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی DigiTimes، لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا (2019) ئەپڵ نەوەی سێیەم لە بیستۆکی بێوایەری AirPods بەردەست دەکات. وا پێشبینی ناکرێت کە دیزاینی بیستۆکەکە بگۆڕدرێت، بەڵام ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێ داوە کە نەوە نوێیەکەی بیستۆکی بێوایەری AirPods خاوەن تایبەتمەندی ڕەتکردنەوەی دەنگ دەبێت و بەرگەکەشی دژە ئاو دەبێت.

لە پاش کەمێک لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، بەڕێز Ming-Chi Kuo پێشبینیکەری بە توانا بە پێگەی 9to5Mac ـی وت کە وا پێشبینی دەکات لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا یاخود سەرەتاکانی ساڵی داهاتوودا ئەپڵ 2 جۆر لە بیستۆکی بێوایەری AirPods ڕابگەیەنێت. ڕاشی گەیاندووە کە چاوەڕوان ناکرێت گۆڕانکاری لە دیزاینیدا ڕووبدات.

بەردەستکردنی نەوەیەکی نوێی بیستۆکە بێوایەرەکە لە لایەن ئەپڵەوە و لە پاش ماوەیەکی کەم بەسەر ڕاگەیاندنی نەوەی دووەم، دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ئەو فرۆشە زۆرەی بیستۆکە بێوایەرەکە لە ئەم دواییەدا و داگیرکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە بازاڕی بیستۆکە بێوایەرەکاندا.

سەرچاوە :

25 نیسان، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
837