10
ئای ئۆ ئێس 10, ئایار 2019 بۆچوون

ئەپی فەیسبووک بە وێنۆچکەی سەرەکی و ڕووکاری نوێوە بۆ iOS نوێکرایەوە

فەیسبووک لە کۆنگرەی F8 ـی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین گۆڕانکاری و نوێکاری لە تۆڕەکەیدا ڕاگەیاند. یەکێک لەو نوێکاری و گۆڕانکارییانە، گۆڕینی ڕووکاری تۆڕەکەی بوو لە وێب و ئەپەکاندا، لەگەڵ چەند چاکسازییەکدا. ئەمڕۆ وەشانێکی نوێی ئەپەکە ڕەوانەی کۆگای ئەپ ستۆر بۆ بەکارهێنەرانی ئای ئۆ ئێس کرا کە تێیدا چەندین نوێکاری و گۆڕانکاری ئەنجام دراون.

وەشانە نوێیەکەی ئەپی فەیسبووک بۆ ئای ئۆ ئێس وەشانی ژمارە 220.0 ـە. تێیدا لە دوای چەند ساڵێک، وێنۆچکەی سەرەکی ئەپەکە گۆڕاوە بۆ ڕەنگێکی شینی جیاوازی تێکەڵاو (کاڵ و تۆخ)، وە هەروەها پیتی f ـی نێو وێنۆچکەکە لە بەشی ڕاستەوە گوازراوەتەوە بۆ ناوەڕاست.

دەربارەی ڕووکاری نێو ئەپەکەش، کۆمپانیاکە لە دوای تەواوبوونی کۆنگرەی F8 لە 30 ـی مانگی ڕابردوودا، ڕووکارێکی تەواو سپی ڕەوانەی ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی ئەپەکەی لە هەردوو سیستەمی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید کرد. لە وەشانە نوێیەکەی ئەپەکەدا بۆ ئای ئۆ ئێس، هەمووان دەتوانن ڕووکارە نوێیەکەی ئەپەکە بەکار بهێنن، کە ڕووکارێکی تەواو سپییە.

تاوەکو ئێستا وەشانی نوێی ئەپەکە ڕەوانەی کۆگای گووگڵ پلەی بۆ ئەندرۆید نەکراوە. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەکەی خوارەوە بکەیت بۆ نوێکردنەوە یاخود داگرتنی ئەپی فەیسبووک بۆ ئای ئۆ ئێس بۆ بەدەستهێنانی گۆڕانکارییە ناوبراوەکان.

بۆچونی تۆ