ئای ئۆ ئێس

بەمزووانە ئەپی فەیسبووک لە مۆبایلەکان و وێبدا بە دیزاینێکی تەواو سپییەوە نوێ دەکرێتەوە

ئەمڕۆ کۆمپانیای فەیسبووک کۆنگرەی ساڵانەی خۆی لە ژێر ناوی F8 لە شاری سان خۆسێی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا ئەنجامدا، تێیدا چەندین ڕاگەیاندنی دەربارەی خزمەتگوزارییەکان و پلانەکانی ئاشکراکرد. یەکێک لەو ڕاگەیاندنانە، ڕاگەیاندنی وەشانی 5 بوو لە ئەپی فەیسبووک بۆ مۆبایلەکان و تۆڕەکە لە وێبدا.

دیزاینە نوێیەکەی ئەپی فەیسبووک بۆ مۆبایلەکان و پەڕەی وێبی خزمەتگوزارییەکە، تەواو دیزاینێکی سپییە. با سەرەتا لە ڕووکارە نوێیەکەی مۆبایلەکانەوە دەست پێ بکەین. لە ڕووکارە نوێیەکەدا هێڵی گەڕانەکانی سەرەوەی ئەپەکە لادەچێت و نووسینی فەیسبووک بە قەبارەیەکی گەورە شوێنی دەکرێتەوە. هێڵی گەڕان دەبێت بە دوگمەیەکی بچکۆلە و لە بەشی سەرەوەدا لە پاڵ دوگمەی مێسنجەر دەبێت. هەر چەندە گۆڕانکاری لە بەشی بڵاوکراوەکان ڕوو دەدات، بەڵام سەرنجی زیاتر خراوەتە سەر گۆڕانکاری ڕووکاری کۆمەڵەکان. چونکە بە پێی کۆمپانیاکە بێت، دەیان ملیۆن کۆمەڵەی چالاکیان هەیە و 400 ملیۆن بەکارهێنەر بە دوای کۆمەڵەیەکدا دەگەڕێن کە بەسوود بێت. هەر بۆیە سەرنج دەخرێتە سەر گۆڕینی دیزاینی نێو کۆمەڵەکان و زیادکردنی ئامرازی بەسوود بۆیان.

دەربارەی دیزاینی خزمەتگوزارییەکە لە وێبدا، خاوەن دیزاینێکی تەواو سادە و سپی دەبێت. ئەوەی جێگای سەرنجە، وێنۆچکەی فەیسبووک لە دیزاینە نوێیەکەدا گۆڕاوە بۆ وێنۆچکەیەکی ڕەنگی شینی کاڵ و بازنەیی لە سەرەوەدا. شوێنی دوگمەی بەشەکان دەکرێنە بەشی سەرەوە (هاوشێوەی ئەپی فەیسبووک لە ئەندرۆید)، هەروەها ستۆرییەکانیش لە سەرەوەدا ڕیز دەکرێن و بەشی دەستە ڕاستیش تایبەت دەبێت بە پێشنیارەکان و پەیوەندییەکان. لە بەشی دەستە چەپیشدا چەند بەشێکی جیاوازی نێو خزمەتگوزارییەکە ڕیزکراون.

لە ئەمڕۆوە دیزاینە نوێیەکە بۆ ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی مۆبایلەکان لە سیستەمەکانی iOS و Android بەردەست دەکرێت و لە داهاتوودا بۆ ژمارەیەکی زیاتر لە بەکارهێنەران بەردەست دەکرێت. ڕووکارەیەکی وێبیش لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە :

30 نیسان، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
710