10
سۆنی 21, ئایار 2019 بۆچوون

یەکەمین نموونەی خێرایی PlayStation 5 بڵاوکرایەوە؛ 10 هێندە خێراترە لە کردنەوەی یارییەکان بە بەراورد بە PlayStation 4

کۆمپانیای سۆنی لە ئامادەکاریدایە بۆ بڵاوکردنەوەی نەوەی پێنجەمی سەکۆی PlayStation کە بە PlayStation 5 ناو دەبرێت. ڤیدیۆیەکی خێرایی پلەیستەیشنە نوێیەکە بڵاوکرایەوە کە دەردەکەوێت 10 هێندە خێراترە لە کردنەوەی یارییەکان بە بەراورد بە PlayStation 4.

ڕۆژنامەنووسی پێگەی The Wall Street بە ناوی Takashi Mochizuki لە تویتەر جریوەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردۆتەوە کە بریتییە لە نیشاندانی خێرایی PlayStation 5 لە کردنەوەی یارییەکان و بەراورد کردنی بە PlayStation 4. لە ڤیدیۆکەدا، PlayStation 5 بە تەنها 0.83 چرکە یاری Spider-Man دەکاتەوە، لە کاتێکدا کە سەکۆی PlayStation 4 بە 8.10 چرکە هەمان یاری دەکاتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا بەڕێز Mark Cerny ئەندازیاری سیستەم لە کۆمپانیای سۆنی چەند وردەکارییەکی دەربارەی نەوەی پێنجەمی سەکۆی PlayStation ئاشکراکرد، ڕایگەیاند کە پلەیستەیشنە نوێیەکە پشتگیری گرافیکی ڕوونی 8K دەکات، خاوەن پڕۆسێسەری 8 ناوەکی و 7 نانۆمەتری لە جۆری AMD ـی کۆمپانیای Ryzen دەبێت و خاوەن گرافیک کارتی جۆری AMD ـی کۆمپانیای Radeon Nav دەبێت. هەروەها بیرگەکەشی لە جۆری SSD دەبێت.

تاوەکو ئێستا ڕوون نییە بە دیاریکراوی لە چ کاتێکدا پلەیستەیشنە نوێیەکە لە لایەن سۆنییەوە ڕادەگەیەندرێت، بەڵام پێشووتر کۆمپانیای سۆنی ڕایگەیاند کە تاوەکو هاوینی ساڵی داهاتوو ناتوانین پلەیستەیشنە نوێیەکە ببینین.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ