10
سیستەمی وەگەرخەر 6, حوزه‌یران 2019 بۆچوون

لە وەشانی macOS Catalina ـدا ئەپڵ بەشی Dashboard ـی لابردووە

لەگەڵ ڕاگەیاندنی وەشانی نوێی macOS 10.15 ـدا لە ژێر ناوی macOS Catalina، ئەپڵ چەندین گۆڕانکاری ئەنجامداوە. لە وەشانە نوێیەکەدا لە پاڵ لابردنی ئەپی iTunes و جێگرتنەوەی بە 3 ئەپی دیکە، ئەپڵ بەشی Dashboard ـیشی لابردووە.

ئەپڵ بەشی Dashboard ـی 14 ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی 2005 ـدا زیادکرد لەو کاتەوەی کە کۆمپانیاکە وەشانی Mac OS X 10.4 Tiger ـی ڕاگەیاند. لە ساڵەکانی دواتردا چەند گۆڕانکارییەکی تێدا ئەنجامدرا و باشتر کرا. بەشەکە وەکو بەشێکی چالاک وابوو و بریتی بوو لە لەخۆگرتنی چەندین وێدجێت (Widget) بە مەبەستی ئاسانکاری کردن لە بینینی وردەکاری ئەپەکان لە جیاتی کردنەوەی ئەپەکاندا.

بە پێی وەشانی macOS Catalina بێت، بەشی Dashboard ماڵئاوایی لێ کردین و بە تەواوی لابرا، وا دیارە گەڕانەوەی ئەستەم بێت. هەرچەندە بەشەکە یەکێک بوو لە بەشە بەسوودەکان و ئاسانکارییەکی باشی ئەنجام دەدا، بەڵام زۆرینەری بەکارهێنەرانی سیستەمی macOS بەکارهێنەرێکی بەردەوامی نەبوون، ئەمەش بە بەشێکی بێسوودی لە قەڵەم دەدات.

ئەگەر لە دوای دامەزراندنی وەشانی macOS Catalina سەرنج بدەیتە سەر بەشی ئەپەکان، دەبینیت کە ئەپی Dashboard بە شێوەی نیشانەی پرسیار “?” بە دەر دەکەوێت، ئەمەش مانای سڕانەوەی بەشەکە دەردەخات.

وەشانی macOS Catalina لە ئێستادا بە شێوەی تاقیکاری بەردەستە بۆ گەشەپێدەران و لە مانگی داهاتووشدا بە شێوەی تاقیکاری گشتی بەردەست دەکرێت، هەروەها لە پایزی ئەمساڵدا بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ