10
هەواڵ 14, ته‌مموز 2019

هواوەی بۆ جارێکی دیکە داوای تۆمارکردنی ناوی سیستەمەکەی وەکو نیشانەی بازرگانی کرد

تاوەکو ئێستا ئەمریکا سزاکانی لەسەر هواوەی لانەداوە، بەڵام کۆمپانیاکە دەستەوەستان نییە و دەیەوێت پشت بە لابردنی سزاکان نەبەستێت. بۆ ئەم مەبەستە، لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیاکە داواکاری بۆ تۆمارکردنی ناوی سیستەمی تایبەت بە خۆی وەکو نیشانەی بازرگانی ڕەوانەی چەند دەوڵەتێک کردبوو، بۆ جاری دووەم کۆمپانیاکە داواکارییەکەی بۆ شوێنێکی جیاواز و بە ناوێکی جیاوازەوە ڕەوانەکرد.

هواوەی لە دۆسیەیەکدا داواکاری ڕەوانەی ئۆفیسی تۆمارکردنی داهێناننامەی یەکێتی ئەوروپا کردووە بۆ تۆمارکردنی ناوی سیستەمی کارپێکەری Harmony وەکو نیشانەیەکی بازرگانی. هواوەی لە ڕێکەوتی 12 ـی ئەم مانگەدا داواکارییەکەی ڕەوانە کردووە و لە ئێستادا داواکارییەکە لە ژێر تاوتوێکردندایە.

داواکارییەکەی هواوەی بۆ تۆمارکردنی سیستەمەکەی بە ناوی Harmony ـەوە سەرسامکەرە، چونکە لە پێشوودا کۆمپانیاکە سیستەمەکەی بە ناوی Hongmeng ـەوە ڕەوانەی چەند دەوڵەتێک کردبوو.

لە مانگی 5 ـی ئەمساڵەوە حکومەتی ئەمریکا کۆمەڵێک سزای خستۆتە سەر کۆمپانیای هواوەی چینی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر ڕاژەکانی ئەمریکاوە. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەی G20 ـی ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە ئەمریکا سزاکان لەسەر هواوەی لادەبات، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.

پڕپاگەندەکان دەڵێن لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا هواوەی سیستەمە نوێیەکەی خۆی ڕەوانەی زیاتر لە 1 ملیۆن ئامێری خۆی دەکات بە شێوەی تاقیکاری، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت سیستەمەکەی هواوەی لە سیستەمی Android خێراتر و فراوانتر بێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ