هەواڵ 13, حوزه‌یران 2019

هواوەی داواکاری تۆمارکردنی ناوی سیستەمی Hongmeng ـی لە چەند دەوڵەتێک کردووە وەکو نیشانەی بازرگانی

سەپاندنی سزای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئامێرەکانی هواوەی لە ئەمریکا و خستە لیستی ڕەشی کۆمپانیاکە لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر ڕاژەکانی ئەمریکاوە تاوەکو ئێستا درێژەی کێشاوە، بە دەیان کۆمپانیای ئەمریکیش پەیڕەوی سزاکەی حکومەتی ئەمریکایان کردووە و هاوبەشێتییان لەگەڵ کۆمپانیای هواوەیدا پچڕاندووە، کە گرنگترین سزا سزای قەدەغەکردنی کارپێکردنی سیستەمی ئەندرۆید بوو لە لایەن گووگڵەوە. بەڵام وا دیارە کۆمپانیای هواوەی دەستەوەستان ڕاناوەستێت لە بەرامبەر سزاکانی ئەمریکادا و داوای لە چەند دەوڵەتێک کردووە بۆ تۆمارکردنی ناوی سیستەمە کارپێکەرەکەی وەکو نیشانەیەکی بازرگانی.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Reuters، کۆمپانیای زەبەلاحی چینی “هواوەی” داوای لە هەر یەکە لە دەوڵەتەکانی پیرۆ و کەنەدا و نیوزلەندا و ئەفریقای باشور کردووە کە ناوی سیستەمی کارپێکەری Hongmeng وەکو نیشانەیەکی بازرگانی تۆمار بکەن.

هەروەها بە پێی حکومەتی پیرۆ بێت، لە ڕێکەوتی 27 ـی مانگی ڕابردووەوە کۆمپانیای هواوەی داوای لە حکومەتی وڵاتەکە کردووە کە ناوی Hongmeng وەکو نیشانەیەکی بازرگانی تۆمار بکەن، ئەمەش دەکاتە تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێکی کەم لە سەپاندنی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر کۆمپانیاکە. حکومەتی پیرۆش داوای لە هواوەی کردووە کە بە زووترین کات وردەکاری دیکەیان بۆ ڕەوانە بکات تاوەکو بە فەرمی ناوەکە وەکو نیشانەیەکی بازرگانی قبوڵ بکرێت.

لە 32 ملیۆن دانیشتوانی وڵاتی پیرۆدا، 5.5 ملیۆنیان ئامێرەکانی هواوەی بەکاردەهێنن، هەر بۆیە کۆمپانیاکە گرنگییەکی زیاتر دەدات بە وڵاتی ناوبراو.

ئەم کردارەی کۆمپانیای هواوەی بە مانای ئەوە نایات کە بە دڵنیاییەوە کۆمپانیاکە سیستەمەکە ڕادەگەیەنێت، تەنها پلانێکی پاشەکەوتکراوی کۆمپانیاکەیە و لە ئەگەری قەدەغەکردنی یەکجاری بەکارهێنانی سیستەمی ئەندرۆیدا لە لایەن گووگڵەوە، هواوەی سیستەمەکەی بەکاردەهێنێت. لە دواین وتاری بەڕێوەبەری هواوەی Richard Yu ـشدا درووستکردنی سیستەمەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە وەکو پلانێکی پاشەکەوتکراو کۆمپانیاکەی سیستەمێکی تایبەت بە خۆی درووست دەکات.

تاوەکو ئێستا کۆمپانیای هواوەی بە شێوەیەکی فەرمی کارکردنی لەسەر سیستەمی کارپێکەری Hongmeng OS ڕانەگەیاندووە و ناوەکەشی پشتڕاست نەکردۆتەوە. هەر بۆیە تاوەکو ماوەیەکی درێژ ڕێکەوتی ئاشکراکردنی سیستەمەکە بە نادیاری دەمێنێتەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ