ئامێرە هەمەجۆرەکان

کاتژمێری نوێی Galaxy Watch Active 2 خاوەن تایبەتمەندی نەخشەکێشی دڵ (ECG) دەبێت

کۆمپانیای سامسۆنگ لە ئامادەکاریدایە بۆ نمایشکردنی نەوەی دووەمی کاتژمێری زیرەکی Galaxy Watch Active. هەروەک لە پێشوودا چەند وێنەیەکی زیندوو و تایبەتمەندییەکانی کاتژمێرە زیرەکەکە دزەیان پێکرا. سامسۆنگ بۆ یەکەمجار تایبەتمەندی نەخشەکێشی دڵ (ECG: Electrocardiography) لە کاتژمێرە زیرەکەکەدا بەکار دەهێنێت.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Wareable، سامسۆنگ لە نەوەی دووەمی کاتژمێری زیرەکی Galaxy Watch Active ـدا پێوانەکردنی ترپەی دڵ باشتر دەکات، هەروەها هەستەوەرێکی دیکە بۆ کاتژمێرە زیرەکەکە زیاد دەکات کە تایبەت دەبێت بە نەخشەکێشی دڵ (ECG: Electrocardiography)، بەمەش بەکارهێنەرانی کاتژمێرە زیرەکەکە دەتوانن بۆ یەکەمجار نەخشەکێشی دڵیان ببینن. ئەوەی جێگای ئاماژەپێکردنە، ئەمە بۆ یەکەمجارە سامسۆنگ ئەو جۆرە هەستەوەرە بۆ کاتژمێرە زیرەکەکانی بەکاربهێنێت.

بەڵام ڕاپۆرتەکە دەڵێت بەکارهێنەران ناتوانن سوود لە تایبەتمەندی نەخشەکێشی دڵ لە کاتژمێری زیرەکی Galaxy Watch Active 2 ـدا ببینن ڕاستەوخۆ لە دوای بەردەستبوونی، بەڵکو سامسۆنگ تایبەتمەندییەکە لە سەرەتاکانی ساڵی 2020 ـدا لە ڕێگەی نوێکارییەکەوە بۆ بەکارهێنەرانی کاتژمێرە زیرەکەکە بەردەست دەکات. ئەمەش بە مەبەستی ئامادەکردنی تایبەتمەندییەکە بێ کەم و کورتی.

تایبەتمەندی نەخشەکێشی دڵ (ECG: Electrocardiography) لە کاتژمێرە زیرەکەکاندا تایبەتمەندییەکی نوێ نییە، ساڵی پار ئەپڵ لە زنجیرەی چوارەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch ـدا بۆ یەکەمجار تایبەتمەندییەکەی بەکارهێنا، بەڵام تایبەتمەندییەکە تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی پار و چەند مانگێک لە دوای بەردەستکردنی کاتژمێرەکەدا بەردەست نەبوو بۆ کڕیارانی کاتژمێرە نوێیەکەی ئەپڵ. هەر بۆیە ئاساییە ئەگەر لە دوای بەردەستکردنی بۆ کاتژمێری زیرەکی Galaxy Watch Active 2 ـیش تایبەتمەندی (ECG: Electrocardiography) بەردەست نەبێت.

سامسۆنگ درەنگ کەوت لە زیادکردنی ئەم تایبەتمەندییە بۆ کاتژمێرە زیرەکەکانی، بەڵام ئەم تایبەتمەندییە پێویستی بەوەیە کە لە لایەن کارگێڕی دەرمان و خواردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە قبوڵ بکرێت، هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی سامسۆنگە لە زیادکردنی تایبەتمەندییەکە.

چاوەڕوان دەکرێت سامسۆنگ 3 جۆر لە کاتژمێری Galaxy Watch Active 2 لە کۆنگرەیەکی تایبەتدا و لەگەڵ ڕاگەیاندنی مۆبایلی گالەکسی Note 10 لە مانگی داهاتوودا ڕابگەیەنێت.

سەرچاوە :
17 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
841