10
گووگڵ 20, ته‌مموز 2019 بۆچوون

کۆنتڕۆڵی Google Stadia لە سەرەتای ڕاگەیاندنیەوە پشتگیری لە بیستۆکە بێوایەرەکان ناکات

سات بە سات نزیک دەبینەوە لە کاتی ڕاگەیاندنی سەکۆی Google Stadia ـی تایبەت بە یاریکردن. بەڵام بەر لە ڕاگەیاندنی، کۆمپانیاکە زۆرێک لە هەوادارانی سەکۆکەی بێهیوا کرد.

لە وەڵامدانەوەی پرسیارێکدا لە تۆڕی Reddit، بەڕێز Andrey Doronichev بەڕێوەبەری بەرهەمی Google Stadia ڕایگەیاندووە کە کۆنتڕۆڵی تایبەت بە سەکۆکە لە سەرەتای ڕاگەیاندنیدا پشتگیری لە بیستۆک و ئەو ئامێرانە ناکات کە لە ڕێگای Bluetooth ـەوە پەیوەست دەکرێن. بەڵام کۆنتڕۆڵی سەکۆکە خاوەن دەرچەی بیستۆک دەبێت و بەکارهێنەران دەتوانن لە جیاتی بیستۆکە بێوایەرەکان، بیستۆکە بەوایەرەکان بەکاربهێنن.

هەروەها Doronichev لە وەڵامی پرسیارەکەدا ڕایگەیاندووە کە دەتوانرێت کۆنتڕۆڵی تایبەت بە سەکۆیەکە بە کۆمپیوتەرەکان و مۆبایلەکانی Pixel ـەوە پەیوەست بکرێت، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد کە کام نەوەیەی مۆبایلی Pixel توانای پەیوەست بوونی بە کۆنتڕۆڵەکەوە دەبێت.

بەڕێز Doronichev ئاماژەشی بەوە کردووە کە پشتگیرییەکە لە سەرەتای ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی سەکۆکەدا بەردەست نابێت بۆ کۆنتڕۆڵەکە، هەر بۆیە ئومێد هەیە کە لە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر بەردەستکردنی سەکۆکە، پشتگیری پەیوەستکردن لە ڕێگای Bluetooth ـەوە زیاد بکرێت.

وا بڕیارە گووگڵ بە دیارینەکراوی و لە مانگی 11 ـی ئەمساڵدا خزمەتگوزاری Google Stadia بۆ 14 وڵات بەردەست بکات. وە لە ساڵی 2020 ـیشدا خزمەتگوزارییەکە بۆ سەرجەم ناوچەکانی جیهان بەردەست بکات.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ