شاومی

شاومی ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلی Black Shark 2 Pro ـی ئاشکراکرد

کۆمپانیاکان بەردەوامن لە نوێکردنەوەی مۆبایلەکانیان بە پڕۆسێسەری نوێی Snapdragon 855 Plus. بۆ ئەم مەبەستەش، کۆمپانیای شاومی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلی نوێی Black Shark 2 Pro ـی ئاشکراکرد. ئەمەش لە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەم بەسەر ڕاگەیاندنی مۆبایلی Black Shark 2.

لە بڵاوکراوەیەکدا لە پێگەی Weibo ـی چینی، کۆمپانیای شاومی ڕێکەوتی 30 ـی ئەم مانگەی دیاریکرد بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلی Black Shark 2 Pro. شاومی ئاشکرای نەکردووە کە نەوە نوێیەکەی زنجیرە مۆبایلی Black Shark کام پڕۆسێسەری لەسەر جێگیر دەبێت، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە مۆبایلە نوێیەکە خاوەن پڕۆسێسەری نوێی Snapdragon 855 Plus دەبێت.

ئاشکراکردنی ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلی Black Shark 2 Pro لە دوای ئەوەوە دێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمپانیای Nubia بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا مۆبایلی Red Magic 3 بە پڕۆسێسەری Snapdragon 855 Plus ـەوە بەردەست دەکات.

پڕۆسێسەری Snapdragon 855 Plus بە ڕێژەی 15% خێراترە لە نەوەی پێش خۆی و خێراییەکەی لە نێوان 2.84 بۆ 2.96 گێگا هێرتزدایە. پێشبینی دەکرێت هاوشان لەگەڵ جێگیرکردنی پڕۆسێسەری Snapdragon 855 Plus ـدا، خێرایی ڕوونمای نەوە نوێیەکەی مۆبایلی Black Shark ـیش زیاد بکرێت.

سەرچاوە :
21 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
822