10
ئەپ و نەرمەکاڵا 27, ئاب 2019 بۆچوون

ئینستەگرام کار لەسەر بەردەستکردنی ئەپێکی نامەبەری نوێی هاوشێوەی Snapchat دەکات بە ناوی Threads

لە چەند مانگی ڕابردوودا، کۆمپانیای ئینستەگرام ئەپی نامەبەری Instagram Direct ـی کۆتایی پێهێنا، ئەمەش بەر لەوەی ئەپەکە لە حاڵەتی تاقیکاری دەربچێت. بەڵام کۆمپانیاکە کار لەسەر بەردەستکردنی ئەپێکی هاوشێوەی Snapchat دەکات و دەیەوێت پەیوەندی هاوڕێ نزیکەکان توندوتۆڵتر بکات.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی The Verge، کۆمپانیای ئینستەگرام کار لەسەر بەردەستکردنی ئەپێکی نامەبەری نوێ دەکات بە ناوی Threads بۆ تۆڕەکەی. ئەپەکە تایبەت دەبێت بە تایبەتمەندی نوێی “Close friends list” و ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات تاوەکو بە شوێنەکان، خێرایی و وزەی پاتری ئامێرەکانیان لەگەڵ نزیکترین هاوڕێ دیاریکراوەکانیان لە لیستەکەدا هاوبەشی پێبکەن. لە هەمان کاتدا دەتوانن گفتوگۆ بە شێوەی نووسین و دەنگ و ڤیدیۆ ئەنجام بدەن.

هاوشێوەی ئەپی Snapchat، زانیارییە هاوبەشی پێکراوەکانی وەکو شوێنەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەبن و بە بەردەوامی نوێ دەبنەوە بۆ هاوڕێ دیاریکراوەکانی نێو لیستی Close friends.

بۆ ئەوەی ئەپی نامەبەری Threads هاوشێوەی Instagram Direct بە ماوەیەکی کەم لەناو نەچێت، پێویستە ئینستەگرام تایبەتمەندی جۆراوجۆر و جیاواز لە ئەپەکەدا بەردەست بکات ببێتە ئەپێک کە زیاتر بێت لە نامەبەر.

تاوەکو ئێستا دیار نییە کە لە چ کاتێکدا ئەپەکە بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەست دەکرێت، بەڵام دەزاندرێت لە ئێستادا لە ژێر حاڵەتی تاقیکاریدایە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ