ئەپڵ
11, ئهیلول 2019
مۆبایلی iPhone 11 Pro خاوەنی وایەری بارگاویکردنەوەی جۆری USB-C بۆ Lightning دەبێت

بۆ یەکەمجار لە دوای بەردەستکردنی یەکەمین نەوەی ئایفۆن لە ساڵی 2007 ـەوە، ئەپڵ گۆڕانکاری لە جۆری پلاگ و وایەری بارگاویکردنەوەی ئایفۆنەکاندا دەکات.
کەمێک لەمەوبەر کۆمپانیای ئەپڵ هەریەکە لە مۆبایلەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max ـی ڕاگەیاند. مۆبایلەکانی iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max خاوەن وایەری بارگاویکردنەوەی جۆری USB-C بۆ Lightning ـن لە نێو پاکەتەکانیاندا، توانای بارگاویکردنەوەی پلاگی ئایفۆنە نوێیەکان 18 واتە.
ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە دەرچەی ئایفۆنەکان لە جۆری USB-C نابن، بەڵکو خاوەن دەرچەی جۆری Lightning دەبن هاوشێوەی ئایفۆنەکانی پێشوو و تەنها دەرچەی پلاگی بارگاویکردنەوەکەیان گۆڕاون بۆ USB-C. بەڵام، بەداخەوە جۆری هەرزانی iPhone 11 خاوەن پلاگ و وایەرە نوێیەکەی بارگاویکردنەوە نابێت.
وە لە کاتێکدا کە تاوەکو ئێستا ئەپڵ دەرچەی ئایفۆنەکانی لە Lightning ـەوە نەگۆڕیوە بۆ USB-C (ڕەنگە ساڵی داهاتوو ڕووبدات)، شتێکی باشە هیچ نەبێت گۆڕانکاری لە دەرچەی پلاگ و جۆری بارگاویکردنەوەیان کردووە.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.