10
ئەپڵ 10, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

ئەپڵ iPhone 11 ـی بە 2 دانە کامێرا و چەند ڕەنگێکی نوێ و نرخی دەستپێکی 699$ ـەوە ڕاگەیاند

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیەکی تایبەت لە لایەن ئەپڵەوە لە ئەمشەودا، مۆبایلی iPhone 11 بە 2 دانە کامێرا و چەند ڕەنگێکی نوێ و نرخی دەستپێکی 699$ ـەوە ڕاگەیاندرا.

نەوە نوێیەکەی ئایفۆن لە iPhone XR ـی ساڵی ڕابردوو دەچێت. وە بە هەمان شێوەی iPhone XR، مۆبایلی نوێی iPhone 11 خاوەن ڕوونمایەکی فراوانە بە قەبارەی 6.1 ئینج، لەسەر ڕوونماکەی نۆچ بوونی هەیە و خاوەن هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاوی Face ID ـییە بۆ کردنەوەی قفڵ.

گەورەترین گۆڕانکاری کە لە ئایفۆنە نوێیەکەدا ئەنجام بدرێت، گۆڕینی شێوازی ڕێکخستنی کامێراکانی پشتەوەیەتی لەگەڵ گواستنەوەی وێنۆچکەی سێوەکە بۆ ناوەڕاست. مۆبایلی iPhone 11 خاوەن 2 دانە کامێرایە لە پشتەوە بە ڕوونییەکانی 12 مێگاپێکسڵ و هەریەک لە کامێراکان توانایان هەیە 2 هێندە شتەکان نزیک بکەنەوە.

هاوشێوەی مۆبایلەکانی گووگڵ و ئەوانی دیکە، کامێرای iPhone 11 خاوەن دۆخی شەو Night mode ـە کە دەتوانێت وێنەکان لە دۆخە تاریکەکاندا بچرکێنێت و ئەنجامێکی باش بدات بە دەستەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، کامێراکانی ئایفۆنە نوێیەکە توانای هەیە بە ڕوونی 4K60fps ڤیدیۆکان تۆمار بکات، هاوشان بە توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆکان لە دۆخەکانی slow-mo و time lapse ـدا.

سەبارەت بە کامێرای پێشەوەی ئایفۆنە نوێیەکە، ڕوونی 12 مێگاپێکسڵە و لە جۆری TrueDepth ـە. توانای هەیە بە ڕوونی 4K60fps و لە دۆخی slow-mo ـدا ڤیدیۆکان تۆمار بکات.

مۆبایلی نوێی iPhone 11 خاوەن پڕۆسێسەری جۆری A13 Bionic ـە، کە ئەپڵ دەڵێت ئایفۆنە نوێیەکە خاوەن خێراترین پڕۆسێسەر و کارتی گرافیکە تاوەکو ئێستا لەسەر مۆبایلێکی زیرەک بوونی هەبووبێت.

سەبارەت بە پاتری ئایفۆنە نوێیەکە، بەرگری پاتری iPhone 11 لە چاوی iPhone XR ـەوە کاتژمێرێک زیاترە، هەروەها لە چاو iPhone XS و iPhone XS Max ـەوە 4 و 5 کاتژمێر زیاترە. لە توانایدایە بەرگەی ڕۆژێکی تەواو بگرێت. iPhone 11 خاوەن بەرگەگری جۆری IP68 ـە و توانای هەیە تاوەکو 2 مەتر و بۆ ماوەی 30 خولەک لە نێو ئاودا بەرگە بگرێت.

نرخی iPhone 11 لە 699$ ـەوە دەست پێدەکات و وا بڕیارە لە ڕێکەوتی 20 ـی ئەم مانگەدا دەست بکرێت بە فرۆشتنی. هەروەها لە 13 ـی ئەم مانگەدا بە شێوەی داواکاری پێشوەختە دەست دەکرێت بە فرۆشتنی. iPhone 11 بە ڕەنگەکانی سپی و ڕەش و سوور و زەرد و مۆر و سەوز بەردەست دەبێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ