ئامێرە هەمەجۆرەکان
19, ئەیلوول 2019
هواوەی کاتژمێری زیرەکی Huawei Watch GT 2 ـی بە سیستەمی LiteOS و پاترییەکی خۆڕاگرەوە ڕاگەیاند

لە پاڵ ڕاگەیاندنی مۆبایلەکانی Mate 30 و Mate 30 Pro و Mate 30 RS Porsche Design، کۆمپانیای هواوەی کاتژمێری زیرەکی Huawei Watch GT 2 ـی بە سیستەمی LiteOS و پاترییەکی خۆڕاگرەوە ڕاگەیاند.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی کاتژمێرە زیرەکەکە، هواوەی بە یەکجاری پشتی لە سیستەمی Wear OS ـی گووگڵ کرد و لە جێگەی ئەو سیستەمە، سیستەمی LiteOS ـی بۆ کاتژمێرە زیرەکەکەی بەکارهێناوە. مۆدێلی 46 میلیمەتری کاتژمێری زیرەکی Huawei Watch GT 2 خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 1.39 ئینج لە جۆری OLED و بە وردی نیشاندانی 454 بە 454 پێکسڵ. جۆرە 42 میلیمەترییەکەشی خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 1.2 ئینج لە جۆری OLED و بە وردی نیشاندانی 390 بە 390 پێکسڵ. هەردوو جۆرەکەی کاتژمێرەکە پڕۆسێسەری Kirin A1 ـیان لەسەر جێگیرکراوە و خاوەن تایبەتمەندییەکانی Bluetooth 5.1 و GPS و هەستەوەری پێوانەکردنی دڵن.
کاتژمێرە زیرەکەکەی هواوەی خاوەن بڕوانامەی 5ATM ـە، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە بەرگری بەرامبەر بە ئاو و تەپوتۆز هەیە تاوەکو قوڵی 50 مەتر و بۆ ماوەی 10 خولەک. هەروەها خاوەن وەرگر(مایک) و بڵندگۆیەکە کە دەتوانرێت پەیوەندی تەلەفۆنی پێ ئەنجام بدرێت تاوەکو دووری 150 مەتر لە مۆبایلەکەوە.
سەبارەت بە پاترییەکەی، کاتژمێری زیرەکی Huawei Watch GT 2 خاوەن پاترییەکە کە دەتوانێت تاوەکو 10 کاتژمێر لە تەلەفۆنکردنی بەردەوام و 14 ڕۆژ لە بەکارهێنانی بەردەوام خۆڕاگر ببێت. هەروەها پشتگیری لە 15 جۆر وەرزشی جیاواز دەکات و خاوەن تایبەتمەندی Always-on ـە کە ڕوونماکەی بە بەردەوامی بە ڕووناکی دەهێڵێتەوە.
نرخی جۆری 42 میلیمەتری کاتژمێرەکە لە 252$ ـەوە دەستپێدەکات و نرخی جۆری 46 میلیمەترییەکەشی لە 274$ ـەوە دەستپێدەکات، وا بڕیارە مانگی داهاتوو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەست بکرێت.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.