10
ئای ئۆ ئێس 3, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

ئینستەگرام ئەپی نامەبەری سەربەخۆی Threads ـی بۆ بەکارهێنەرانی iOS و Android بەردەستکرد

لە دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا دەرکەوت کە کۆمپانیای ئینستەگرامی سەر بە فەیسبووک کار لەسەر ئەپێکی نوێی نامەبەری سەربەخۆ دەکات بە ناوی Threads، ئەمڕۆ کۆمپانیاکە دەستی بە بەردەستکردنی ئەپە نامەبەرەکە کرد بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕەکەی.

ئەپی نامەبەری Threads ئەپێکی سەربەخۆیە و تایبەتە بە کەسانی نێو لیستی هاوڕێ نزیکەکانت (Close Friends) کە لە تۆڕەکەدا دیاریت کردوون. لە ئەپەکەدا، ئینستەگرام زیاتر سەرنجی خستۆتە سەر خێرایی و پارێزراوی تاوەکو بە ماوەیەکی زۆر کەم و بە ئاسانی بەکارهێنەران وێنە، ڤیدیۆ، نووسینەکان و زیاتر لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکانیان هاوبەشی پێ بکەن. ئامانج لە درووستکردنی ئەم ئەپە، بۆ هێشتنەوەی پەیوەندی و لێک نزیککردنەوەی هاوڕێ نزیکەکانە.

لە ئەپی Threads ـدا 3 بەش بوونی هەن، کە بریتین لەمانە:

  1. بەشی سەرەکی نامەکان، ڕێگەت پێ دەدات نامە هاتوو و ڕۆیشتووەکان ببینیت، لەگەڵ حاڵەتەکانی سەر هەژماری هاوڕێیانت.
  2. بەشی کامێرا، کە ڕێگەت پێ دەدات وێنە و ڤیدیۆکان بچرکێنیت و تۆمار بکەیت و ڕاستەوخۆ لە یەک کاتدا بینێریت بۆ چەند هاوڕێیەکت. لەم بەشەدا ناتوانیت فلتەر بکەیتە سەر وێنە و ڤیدیۆکان.
  3. حاڵەت (Status)، دەتوانیت بە ئیمۆجەیەک حاڵەتی خۆت دەرببڕیت کە لەسەر وێنەی هەژمارت لە بەشی سەرەکی ئەپەکەدا بەدیار دەکەوێت.

تایبەتمەندی حاڵەت (Status) سەرنجڕاکێشترینە بە لای منەوە، کە تاوەکو ئێستا لە هیچ تۆڕێکی دیکەدا نەمبینیوە. ڕێگەت پێ دەدات بە ئیمۆجییەک حاڵەتی ئێستات دەرببڕیت. لەگەڵ ئەوەشدا، تایبەتمەندی Auto Status بوونی هەیە کە بە شێوەی خودکارانە حاڵەتی ئێستات دەکات بە ئیمۆجی بە پێی جوڵەکانت.

ئینستەگرام دەڵێت شێوازی بەکارهێنانی ئەپەکە هێندە ئاسانە، کە بە تەنها ئەنجامدانی 2 هەنگاوی بچکۆلانە دەتوانیت وێنە و ڤیدیۆکانت بۆ هاوڕێکانت بنێریت.

لە ڕاستیدا، ئینستەگرام ئەم ئەپەی بۆ ڕکابەری Snapchat ـی پڕبەکارهێنەر هێناوەتە بوون، زۆرێک لەو بڕوایەدان کە ڕەنگە ئەپەکە بەسەر Snapchat ـدا سەربکەوێت و ببێتە پڕبەکارهێنەرترین لە لای چینی گەنجان و چینەکانی دیکە.

درووستکردنی ئەم ئەپە نامەبەرە لە لایەن ئینستەگرامەوە لە دوای ئەوەوە بوو کە لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیاکە ئەپی نامەبەری Direct ـی بە یەکجاری داخست و کۆتایی پێهێنا. بەو هیوایەی ئەمجارە ئینستەگرام لە مەیدانی ئەپە نامەبەرەکاندا جێگەی ببێتەوە.

دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەکانی خوارەوە بکەیت بۆ داگرتنی ئەپەکە، بەڵام لە ئێستادا ئەپەکە لە هەنگاوی یەکەمی بەردەستکردنیدایە و ڕەنگە لە کۆگای وڵاتەکەت بەردەست نەبێت بۆ داگرتن لە ئێستادا.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ