10
فەیسبووک 5, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

کۆمپانیای PayPal لە پشتگیریکردنی دراوی ئەلیکترۆنی Libra ـی فەیسبووک پاشگەزبووەوە

لە ناوەڕاستەکانی ئەمساڵدا، بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو کۆمپانیای فەیسبووک دراوی ئەلیکترۆنی Libra ـی ڕاگەیاند. هەر لە کاتی ڕاگەیاندنیدا، هەریەکە لە کۆمپانیاکانی Visa و Master Card و PayPal و Andreessen Horowitz و Uber و زیاتر پشتگیرییان لە دراوەکە کرد و بڕیاریاندا هاوکار بن لە پێشخستنی دراوەکە. بەڵام کۆمپانیایەکی بەناوبانگ و گرنگ ڕایگەیاند کە چیدیکە پشتگیری لە دراوە ئەلیکترۆنییەکەی فەیسبووک ناکەن.

لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا، کۆمپانیای PayPal ـی ئەمریکی تایبەت بە سیستەمی ئاڵوگۆڕکردنی پارەی ئەلیکترۆنی ڕایگەیاند کە چیدیکە یەکێک نابن لەو کۆمپانیایانەی کە پشتگیری لە دراوی ئەلیکترۆنی Libra ـی فەیسبووک بکەن و لە هاوپەیمانێتی دراوەکەدا دەکشێتەوە، لە کاتێکدا کە PayPal ـیش یەکێک بوو لەو نزیکەی 30 کۆمپانیا زەبەلاحە پشتگیرەی دراوە ئەلیکترۆنییەکەی فەیسبووک.

کۆمپانیای PayPal هۆکاری پاشگەزبوونەوەیانی لە پشتگیریکردنی دراوی ئەلیکترۆنی Libra ـی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت دەبووایە ئەو بژاردەیەمان هەڵبژاردایە بۆ برەودان بە بازرگانی و کارەکانی خۆمان. هەروەها PayPal دەڵیت بەردەوام دەبن لە بەستنی هاوپەیمانێتی لە کارە جیاوازەکانی دیکەدا لەگەڵ کۆمپانیای فەیسبووک.

سەبارەت بەم پشت لێکردنەی PayPal، هاوپەیمانێتی Libra کاردانەوەی هەبوو و ڕایگەیاند:

دەربارەی ئەو باسە ئاگادارین، ڕەنگە ڕێکخستنەوەی ئەم سیستەمە داراییە زۆر قورس بێت، ڕاسپاردنی ئەو ئەرکە لە هەموو شتێکی دیکە بەلامانەوە گرنگترە. وا باشترە لە ئێستادا سەبارەت بە کەموکورتییەکانی ئەم ڕاسپاردنە بیر بکەینەوە.

بەم ماوە کەمەی ڕاگەیاندنی دراوەکە، بەربەستی زۆر هاتۆتە پێش فەیسبووک. کۆمەڵەی Group of Seven ـی ئابووری لە ماوەی ڕابردوودا ڕایانگەیاندبوو کە ڕێگە بە بەردەستکردنی دراوی ئەلیکترۆنی Libra نادەن تاوەکو سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان تەواو نەکات. هەروەها Mark Carney بەرپرسیاری بانکی بەریتانیای مەزن و Donald Trump سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی فەیسبووک ڕایانگەیاندبوو کە لەگەڵ دراوە ئەلیکترۆنییەکەی فەیسبووکدا نین.

هاوپەیمانێتی Libra بە بەژداری دەیان کۆمپانیای زەبەلاح لە ڕێکەوتی 14 ـی ئەم مانگەدا یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی خۆی ڕێک دەخات.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ