ئەندرۆید
1, ئازار 2017
سامسۆنگ مۆبایلی Galaxy Xcover 4ی ڕاگەیاند
کۆمپانیای سامسۆنگی کۆری تازەترین ئەندامی زنجیرەی مۆبایلەکانی Xcoverی ڕاگەیاند کە بەرگەی بارودۆخی سەخت دەگرن و سوودێکی زۆریان بۆ ئەو کەسانە هەیە کە لە ژینگەی سەختدا کار دەکەن.
مۆبایلی Samsung Galaxy Xcover 4 خاوەنی بڕوانامەکانی IP68 و MIL-STD 810Gیە کە یەکەمیان واتای ئەوە دەگەیەنێت کە مۆبایلەکە توانای هەیە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لە قوڵایی 1.5 مەتر لە ئاودا بمێنێتەوە، هەروەها بەرگری لە بەرامبەر تۆزیش هەیە، دووەم بڕوانامەشیان کە زۆر کەمتر لە مۆبایلدا دەبینرێت ستانداردێکی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە بۆ تاقیکردنەوەی ئامێری جیاواز بەکاردێت لەژێر کۆمەڵێک بارودۆخی سەختی وەک پلەی گەرمی زۆر بەرز یاخود زۆر نزم، لەرینەوەی بەهێز، بەرکەوتنی تیشکادەنەوەی خۆر(solar radiations)، هەروەها ئەوەی لای زۆربەی کڕیارانی مۆبایلەکە جێگای بایەخ دەبێت پارێزراوبوونیەتی لە شێ و خوێ و توانای کارکردنە بە مۆبایلەکە بە دەستکێشەوە.
دیزاینی مۆبایلەکە جیاوازییەکی زۆری نییە لەگەڵ Galaxy Xcover 3، هەروەها ئەم مۆبایلە بە گشتی خاوەن تایبەتمەندی نزم بۆ مامناوەندە.
کورتەیەک لە تایبەتمەندییەکانی: –
- ڕونما: 5 ئینچ بە ڕوونی (720×1280) پیکسڵ لە جۆری LCD
- پرۆسێسەر: Exynos 7570 quadی چوار ناوکی کە ناوکەکانی لە جۆری Cortex-A53ن
- ڕام: 2 گێگابایت
- باتری: 2800 میللی ئەمپێر
- کامێرا: 13 مێگاپیکسڵ لە دواوە و 5 مێگاپیکسڵ لە پێشەوە
- سیستەم: Android 7.0
- بارستایی: 172 گرام
مۆبایلەکە مانگی داهاتوو بە نرخی 259 یۆرۆ لە بازاڕەکانی ئەوروپا بەردەست دەبێت.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.