بابەتی گرینگ 31, ئاب 2026

ئەلگۆریتمی سۆشیاڵ میدیا چییە؟ بۆچی بەتەنها سەیرکردنی شتێک دەیانی تری هاوشێوە دێتە پێش چاوم؟


لە سۆشیاڵ میدیادا، ئەلگۆریتم وەک سیستەمێک یان بەرنامەیەک وایە کە پۆستەکانت بۆ ڕیز دەکات. لەجیاتی ئەوەی پۆستەکان بەپێی کاتی بڵاوکردنەوەیان نیشان بدات، بەپێی ئەوە نیشانیان دەدات کە چەندە گونجاون بۆت و چەندە ئەگەری هەیە ڵایک یان کۆمێنتیان بۆ بکەیت. بۆ نموونە؛ ئەو پۆستانەی لە «فید – Feed»ی ئینستەگرامەکەتدا دێنە پێشەوە، یان ستۆریی ئەو هاوڕێیانەت کە یەکسەر لە سەرەتاوە دەیانبینیت، هەمووی بەهۆی ئەلگۆریتمەوە ڕیز کراون.

ئەم ئەلگۆریتمانە لەلایەن پرۆگرامەرەکانەوە دروست دەکرێن و تەکنەلۆژیایەک بەکاردەهێنن پێی دەوترێت فێربوونی ئامێر (Machine learning). واتە ئەلگۆریتمەکان «خۆیان فێر دەبن» چۆن کارەکان بکەن بێ ئەوەی هەمیشە پێویستیان بە چاودێریی بەردەوامی مرۆڤ بێت. ئەوان هەڵدەستن بەو کارانەی کە بۆ مرۆڤ قورس و بێزارکەرن؛ وەک:

  • ڕێکخستنی ئەو هەموو پۆستەی دەبنە پێشنیار بۆت.
  • شاردنەوە و سنووردارکردنی هەندێک پۆست (کە پێی دەوترێت شادۆ بان – Shadow ban).
  • ڕێکخستنی ڵایک و کۆمێنتەکان بۆ ئەوەی پۆستەکان زیاتر ببینرێن.

جگە لەوەش، ئەلگۆریتمەکان وەک بازاڕێک وان؛ بڕیار دەدەن کێ زیاتر ببینرێت و ژینگەیەک دروست دەکەن کە هاندەری دروستکەرانی ناوەڕۆک (Content creators) بێت بۆ ئەوەی زیاتر کار بکەن.

بۆچی ئەلگۆریتم هەیە؟

کاری سەرەکیی ئەلگۆریتم ئەوەیە ئەو شتانەت پێشان بدات کە پەیوەندیدارن بە تۆوە. سۆشیاڵ میدیاکان ئەمە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی لەناو ئەو لێشاوە گەورەیەی پۆست و ڤیدیۆکاندا، تەنها ئەوانەت بۆ هەڵبژێرن کە بەکەڵکن و بەدڵت دەبن. ئەلگۆریتم ئەو پۆستانەت دەخاتە پێش چاو کە زیاتر «سەرنجڕاکێشن»، لە بەرامبەریشدا ئەو پۆستانە فڕێ دەداتە دواوە کە بێمانان یان کوالێتییان نزمە (جا بەشێوەیەکی گشتی بێت، یان تەنها بۆ کەسێکی دیاریکراو).

سەبارەت بەوەی ئەلگۆریتم چۆن پۆستەکان هەڵدەسەنگێنێت، هەندێک جار کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا خۆیان بە ئاشکرا دەڵێن کە چ جۆرە پۆستێک بە «باش» دەزانن و پاڵپشتی دەکەن. نابێت ئەوەشمان بیربچێت کە سۆشیاڵ میدیاکان لە بنەڕەتدا کۆمپانیای بازرگانین و بەشێکی زۆری پارەکانیان لە ڕیکلامەوە دەست دەکەوێت. بۆیە زۆرجار براندەکان یان پەیجەکان پارە دەدەن بۆ ئەوەی ئەلگۆریتمەکە پۆستەکانیان بخاتە پێش چاوی خەڵک و پرۆمۆتیان بکات.

ئەلگۆریتم چۆن کار دەکات؟

ئەلگۆریتمەکان بە شێوەیەک دیزاین کراون کە چەندین لایەنی جیاواز لەبەرچاو دەگرن:

  • لەسەر بنەمای ناوەڕۆک: سیستەمەکە هەوڵ دەدات تامی تۆ بزانێت لە ڕێگەی پڕۆفایلەکەتەوە، پاشان ئەو پۆستانەت پێشان دەدات کە پێی وایە بەدڵت دەبن. هەرکە گرنگیت بە جۆرە پۆستێک یان هاشتاگێک دا، یەکسەر بابەتەکانی تری ئەو بوارەت دەخاتە بەردەست.
  • بە شێوەی هاوبەش: تۆ دەبەستێتەوە بەو کەسانەی کە ئارەزووەکانیان لە تۆ دەچێت. بۆیە زۆرجار ڤیدیۆیەک دەبینیت تەنها لەبەر ئەوەی کەسێکی وەک تۆ گەڕانی بۆ ئەو جۆرە ڤیدیۆیە کردووە.
  • هەستیاری بۆ ژینگە و شوێن: ئەلگۆریتمەکان دەتوانن زانیارییە کەسییەکانت (وەک لۆکەیشن و شوێنی جوگرافییەکەت) بخەنە ناو حیساباتەکانیانەوە بۆ ئەوەی بابەتی پەیوەندیدار بە ناوچەکەتت پێشان بدەن.
  • فێربوونی ئامێر: کۆمپیوتەرەکان چاو لە فێربوونی مرۆڤ دەکەن؛ زانیاری لە جیهانی ڕاستەقینەوە وەردەگرن و ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاستی خۆیان لە پێشنیارکردنی پۆستەکاندا باشتر دەکەن.

کاریگەریی ئەلگۆریتم لەسەر بڵاوبوونەوەی کلتوور
ئەم شێوازە کارکردنەی ئەلگۆریتم کاریگەریی گەورەی لەسەر بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی کلتووری هەیە. بۆ نموونە، کاتێک ئەلگۆریتمێک پشت بە «لۆکەیشن» دەبەستێت، ئەوا بڵاوبوونەوەی هونەرێک یان هەواڵێکی دیاریکراو تەنها لەو ناوچەیەدا قەتیس دەکات یان ئاڕاستەی دەکات. ئەمەش دەکرێت لایەنی باش و خراپی هەبێت؛ زۆرجار ئەلگۆریتم بەکاردێت بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەسەر بابەتێک، بۆیە لەپڕ دەبینیت شاشەکەت پڕ بووە لە پۆستی تەندروستی و ژەمەخۆراکی، سینەمای بیانی، یان تەنانەت سیاسەتیش.

لایەنە نەرێنی و جێ مشتومڕەکان:
لایەنە خراپەکانی ئەلگۆریتم هەمیشە جێگەی باسێکی گەرم بوون، بەتایبەت کاتێک دێتە سەر باسی تایبەتمەندییە کەسییەکان (Privacy). ئەلگۆریتم بە زانیارییە کەسییەکانی تۆ کار دەکات بۆ ئەوەی بزانێت چی بخاتە پێش چاوت (بۆ نموونە؛ بەکارهێنانی داتای هەستیاری وەک لۆکەیشنەکەت، ئەو هاوڕێیانەی زۆرترین قسەیان لەگەڵ دەکەیت، ئەو پەیج و هاشتاگانەی زۆر بەدوایاندا دەگەڕێیت). هەروەها ڕەخنەی ئەوەش هەیە کە چۆن ئەلگۆریتم یاری بە بیروڕا و ئارەزووەکانی خەڵک و کۆمەڵگەی دیجیتاڵی دەکات.

لە ڕێگەی «شادۆ بان»ـەوە، ئەلگۆریتم دەتوانێت کەلێنی گەورە لە زانیاریدا دروست بکات؛ چونکە هەندێک پۆست دەشارێتەوە و پشتگوێیان دەخات، لەبەرامبەریشدا ئەو پۆستانە دەخاتە پێشەوە کە قازانجی مادییان تێدایە. ئەمەش وای کردووە خەڵک لێی تووڕە بن، چونکە ئەلگۆریتم وا خۆی نیشان دەدات کە «ئەو» دەبێت بڕیار بدات چ پۆستێک گرنگە و شایەنی بینینە! ئەمەش دەبێتە هۆی بڕیارێکی لایەنگیرانە سەبارەت بەوەی کێ بخرێتە ژێر تیشک و ببێتە ترێند.

کەواتە ئەلگۆریتم بەشێوەیەکی یەکەمی کاریگەریی لەسەر بڵاوبوونەوەی کلتوور هەیە و شێوە بە کۆمەڵگەی دیجیتاڵی دەدات. لە کۆتاییدا ئەمە ئەلگۆریتمە کە بڕیار دەدات چ جۆرە بابەتێک لە شاشەکەی تۆدا جێگەی ببێتەوە، و کام هونەرمەند، دروستکەری ناوەڕۆک، یان براند شایەنی ئەوەیە زیاتر لەوانی تر ببینرێت.

بۆچونی تۆ