سێرڤه‌ر 3, ئەیلوول 2026

پڕۆگرامی Poodle: سێرڤەری لۆکاڵی خێرا و ئاسان کە لەلایەن گەشەپێدەرێکی کوردەوە دروستکراوە و پەرەی پێدەدرێت!

بۆ گەشەپێدەرانی وێب و پەرەپێدەرانی PHP، بوونی ژینگەیەکی گەشەپێدانی خۆجێیی (Local Development Environment) مەرجێکی سەرەکییە بۆ تاقیکردنەوە و پەرەپێدانی پڕۆژەکان پێش ئەوەی بخرێنە سەر ڕاژەی (سێرڤەری) ڕاستەقینە. لەم چوارچێوەیەدا، پڕۆگرامی Poodle وەک یەکێک لە ئاسانترین ژینگەکانی گەشەپێدانی PHP دەردەکەوێت کە ئەزموونێکی باوەڕپێکراو و خێرا پێشکەش بە بەکارهێنەران دەکات، ئەم پڕۆگرامە ناوازەیە نەک تەنها کارە سەختەکانی ڕێکخستنی ڕاژەی لۆکاڵی ئاسان کردووە، بەڵکو بەرهەمێکی بەهێزی گەشەپێدەرێکی کوردە کە توانای ڕکابەریکردنی لەگەڵ باشترین ئامرازە جیهانییەکاندا هەیە.

پڕۆگرامی Poodle چییە؟

Poodle  دابەشکەرێکی  بێبەرامبەر و تەواو خۆڕایی ئەپاچی (Apache distribution)یە کە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ ئاسانکاریی کارەکانی گەشەپێدەران دیزاین کراوە. ئەم پڕۆگرامە بە شێوازێکی زۆر سادە و لە ڕێگەی تەنها یەک سێتئەپەوە هەموو پێکهاتە سەرەکییەکانی ڕاژە لەسەر کۆمپیوتەری کەسیی خۆت دادەمەزرێنێت و ڕێکیان دەخات.

بە پێچەوانەی زۆرێک لە ژینگەکانی تر کە پێویستیان بە ڕێکخستنی ئاڵۆز هەیە، لە Poodle هەموو پێکهاتەکان پێشوەختە بەیەکەوە ڕێکخراون (Pre-configured)، کە ئەمەش کاتێکی زۆر بۆ گەشەپێدەر دەگەڕێنێتەوە.

پێکهاتە سەرەکییەکانی پاکێجی Poodle

ئەم پاکێجە گشتگیرە چەندین خزمەتگوزاری و نەرمەواڵەی سەرەکی لەخۆ دەگرێت کە بۆ هەر پڕۆژەیەکی وێب پێویستن:

  • Apache: وەک سێرڤەری وێب بۆ پیشاندانی پەڕەکانی HTML و PHP
  • MariaDB / MySQL: بۆ بەڕێوەبردنی بنکەدراوەکان (Databases) بە شێوازێکی خێرا و سەلامەت.
  • PHP: بۆ جێبەجێکردنی سکریپتەکان و دروستکردنی سیستەمە داواکراوەکان.
  • Perl: بۆ پاڵپشتیکردنی زمانە کۆن و بەکارهێنراوەکانی تری سێرڤەر.
  • FileZilla: بۆ ئاسانکاری لە گواستنەوەی فایلەکان لە ڕێگەی FTPـەوە.
  • Tomcat: بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی جاڤا (Java Servlets و JSP).
  • Mailpit: بۆ تاقیکردنەوەی نامە و ئیمەیڵەکان لە ژینگەی گەشەپێداندا بە شێوازێکی ناوخۆیی.

ڕووکار و کۆنتڕۆڵی پێشکەوتووی Poodle Control

ڕووکاری بەڕێوەبردنی Poodle زۆر سەرنجڕاکێش و ئاسانە. لە ڕێگەی بەشی POODLE Controlەوە، بەکارهێنەر دەتوانێت بە تەنها یەک کلیک لەسەر دوگمەی (Start) یان (Stop) کۆنتڕۆڵی تەواوی خزمەتگوزارییەکان بکات وەک Apache، MySQL، FileZilla، Tomcat و Mailpit.

هەروەها پڕۆگرامەکە ڕێگەت پێدەدات بە ئاسانی وەشانی PHP بگۆڕیت (بۆ نموونە هەڵبژاردنی وەشانی 8.4) بۆ ئەوەی پرۆژەکانت لەگەڵ نوێترین تایبەتمەندییەکانی زمانی PHP گونجێنیت.

تایبەتمەندییە بەسوودەکانی تری پڕۆگرامەکە

لە خوارەوەی ڕووکاری سەرەکی Poodle، چەندین دوگمەی بەڕێوەبردنی بەسوود هەن کە یارمەتیت دەدەن لە کارەکانتدا:

  • Logs: بۆ چاودێریکردن و خوێندنەوەی هەڵەکان و تۆمارەکانی سێرڤەر.
  • Virtual Hosts: بۆ دروستکردن و ڕێکخستنی ناوی دۆمەینی ناوخۆیی بۆ پڕۆژە جیاوازەکانت.
  • PHP: بۆ دەستکاریکردن و گۆڕینی ڕێکخستنەکانیini بە شێوازێکی خێرا.
  • Settings: بۆ ڕێکخستنی گشتی پڕۆگرامەکە لەسەر سیستەمەکەت.

ئەگەر بە دوای ژینگەیەکی پەرەپێدانی سێرڤەری لۆکاڵی خێرا، بێ کێشە و تەواو خۆڕایی دەگەڕێیت، Poodle باشترین هەڵبژاردنە بۆ ئەوەی بە ئارامی پڕۆژەکانی وێبت لەسەر ئامێرەکەت دروست بکەیت و پەرەیان پێبدەیت.

داگرتنی Poodle 1.1.0 و بەردەستبوونی بۆ سیستەمەکان

ئێستا وەشانی نوێی Poodle 1.1.0 بەردەستە و دەتوانیت بۆ سیستەمی ویندۆز دایبەزێنیت

لەم بەستەرەیەوە ئەتوانی دایبگریت : https://poodleserver.com

وەشانەکانی macOS و Linux بەم زووانە بەردەست دەبن!

بۆچونی تۆ