هەواڵ
28, تەممووز 2017
چیتر (بێڵ گەیتس) دەوڵەمەندترین کەسى جیهان نییە!
وەک زانراوە، دەوڵەمەندرترین کەسى جیهان تاوەکو ئەمڕۆشى لەگەڵدابێت کەسێک بوو کە دامەزرێنەى یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین کۆمپانیاى تەکنەلۆژى بوو؛ ئەویش (بێڵ گەیتس)ى دامەزرێنەر و بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى (مایکرۆسۆفت) بوو. بەڵام چیدیکە گەیتس زەنگینترین کەسى جیهان نییە!
دوا بە دواى بڵاوبوونەوەى نوێترین لیستى نرخى پشکى کۆمپانیا زلهێزەکان لە گۆڤارى بازرگانى (فۆربس)، گۆڕانکارى لە ڕیزبەندى زەنگینترین کەسانى جیهاندا ڕوویدا. (جێف بەیزۆس)ى دامەزرێنەر و بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى ئەمازۆن؛ توانى سەرلیستى دەوڵەمەندترین کەسى جیهان بگرێت و شوێن بە (بێل گەیتس) چۆڵ بکات.

فۆربس ئاماژەى بەوە داوە کەوا ڕۆژى پێنج شەممە، پشکەکانى کۆمپانیاى (ئامازۆن) بەرزبوونەوەیەکى بەرچاوى بەخۆیەوە دیووە و بەڕێژەى %١،٤ بەرزبووەتەوە. کە ئەمەش هۆکاربووە بۆ ئەوەى سامانى بەیزۆس بەنزیکەیی ١،٦ بلیۆن (ملیار) دۆلار بەرزبێتەوە و سامانەکەى بگاتە (٩٠،٦) بلیۆن دۆلارى ئەمەریکى، بەواتا ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بەرزترە لە سامانى گەیتس کە سامانەکەى (٩٠،١) بلیۆن دۆلارە.
جێف بەیزۆس؛ کەسایەتیێکى تەکنەلۆژى ئەمریکی ٥٣ ساڵە. دامەزرێنەر و بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى ئامازۆنە بۆ بازرگانى ئەلیکترۆنى، جگە لە پێگەى سەرەکى ئەمازۆن کە وەک گەورەترین بازاڕگەى سەرهێڵ ناسراوە لە جیهان؛ پێک دێت لە کۆمپانیا دووەمیەکانى ترى وەک (Amazon Kindle, Alexa.com, Amazon videos, IMDB, Woot… هتد.).
دیاری شێرزاد
"خوێندکارى بەکالۆریۆسى زمان و ئەدەبى (ئینگلیزى)م لە ز.سەڵاحەددین، هاوکات بەڕیوەبەرى نووسین و نوسەرم لە کەى ئاى تى ئێن؛ به شێوهیەكی گشتگیر لهگهڵ تهكنهلۆژیای تازه تێكهڵم، به تایبهتیش له سیستهمى وەگەڕخەرى مۆبایلە هۆشمەندەکان (ئەندرۆید). لەهەوڵدام بۆ ئەوەى ههموو تاكێكی كورد سوودمهندبن له تهكنهلۆژیا و شتێكی ئهوتۆ دهربارهی تهكنهلۆژیا فێرببن و لەگەڵ پێشکەوتنەکانیدا بڕۆن، هاوکات هەواڵ و بابەتە گەرمەکانى ڕۆژانەى تەکنەلۆژیا بەزمانێکى پاراو و پەتى کوردى بخوێننەوە".