ئەندرۆید
15, تشرینی یەکەم 2018
بە فەرمی Poco Launcher بۆ گشت لایەک بەردەستە بۆ داگرتن

مۆبایلی شاومی Pocophone F1 بووە یەکێک لەو مۆبایلانەی بەربڵاویەکی زۆری بەخۆیەوە بینی و لەناو دونیای تەکنەلۆژیا دەنگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. هەروەک بەهۆی بەرزی تایبەتمەندییەکانی و کەمی نرخیەوە لەگەڵ زۆر لە مۆبایلە ئاست بەرزەکان بەراوردی پێکرا.
شایەنی باسە، یەکێک لە خاڵەکانی بەراورد بریتی بوو لە ڕووکاری بەکارهێنەرەکەی کە لەسەر مۆبایلەکە جێگرکراوە و لە جیاتی MIUI، شاومی ڕووکارێکی تری جێگیرکردووە بەناوی Poco. لەدوای ڕاگەیاندنی مۆبایلەکە شاومی لۆنچەری ئەو مۆبایلەی لەسەر گووگڵ پلەی بەشێوەی تاقیکاری بڵاوکردەوە.
لەم ڕۆژەوە تا ئێستا ئەم لۆنچەرە تا نزیکەی نیو ملیۆن جار داگیراوە، بەم بۆنەیەوە شاومی کۆتایی بە وەشانی تاقیکاری ئەم لۆنچەرە هێنا و ئێستا بۆ هەمووان بە گشتی بەردەستە بۆ داگرتن لە گووگڵ پلەی.
ئەم لۆنچەرە کۆمەڵێک تایبەتمەندی لە خۆی دەگرێت، لەوانە پشتگیری لە FullScreen Display و بوونی بزوێنەری گەڕان و گۆڕینی ئایکۆن واتە وێنۆچکەکان بەپێی ڕەنگ و هەروەها بە گوێرەی هاوپۆلیش دەتوانێت ئەپەکان ڕێک بخات. هەروەک پشتگیری لە Icon Packs دەکات بۆ ئەوەی وێنۆچکەی دەرەکی لەگەڵ لۆنچەرەکە بەکاربهێنیت.
ئەگەر ئارەزووی بەکارهێنانی ئەم لۆنچەرە دەکەیت کرتە بکە بۆ داگرتنی لە گووگڵ پلەی.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!