ئەپڵ
19, تشرینی دووەم 2018
ئەپڵ سەرقاڵی توێژینەوەیە لە بەردەستکردنی دۆخی دەرهێڵ Offline بۆ سیری

کاتێک دێتە سەرباسی بەکارهێنانی سیری، زۆربەمان نامانەوێت بەکاریبهێنین چونکە پێویستی بە هێڵی ئینتەرنێتە و ئینتەرنێتیش هەموو کات بەردەست نییە. بەڵام خۆشبەختانە لە نوێترین داهێناننامەی ئەپڵ، کە لەلایەن Apple Insider ـەوە دزەی پێکراوە، باس لە بەکارهێنانی یاریدەدەری کەسی سیری دەکات بە شێوەی دەرهێڵ؛ واتە تەنانەت بەبێ پەیوەست بوون بە هێڵی ئینتەرنێت کاربکات.
بۆ ئەم مەبەستە و کارکردنی سیری بەشێوەی دەرهێڵ، ئەوا دەبێت گشت داتاکانی ئەو یاریدەدەرییە کەسییە لەسەر مۆبایلی بەکارهێنەرەکە هەبن، وەک لەوەی لە کاتی پرسیارکردن هەمووی لەسەر ڕاژەکارەکانی ئەپڵ جێبەجێ ببێت و پاشان وەڵام بە بەکارهێنەر بگاتەوە، کە ئەم جۆرەیان پێویستی بە هێڵی ئینتەرنێتە.
بێگومان ئەگەر ئەم دۆخە بۆ سیری چالاک بکرێت، ڕێژەیەکی زۆر لە بەکارهێنەران ڕوو لە بەکارهێنانی دەکەن. ئەمە ئەگەر ئینتەرنێت لەسەر مۆبایلەکە چالاک بێت سیری پشت بە ئینتەرنێت دەبەستێت و بەمەش خزمەتگوزاری باشتر پێشکەش دەکات.
سەرباری ئەوەی ئەم کردارە ئەزموونی بەکارهێنەر لەسەر ئایفۆن باشتر دەکات، ئەوا لەسەر ئامێرەکانی تری ئەپڵیش باشتر دەبێت، بۆ نمونە ئەپڵ وۆچ کاتێک ئایفۆنی پەیوەست کراو لە مەودای پەیوەست بووندا نییە و پەیوەندی بلوتوز بێ هێزە، سیری بە هیچ شێوەیەک کار ناکات. بۆیە کارکردن لەسەر ئەم دۆخە بۆ سیری لە ئێستادا بۆ ئەپڵ پێویستە لە بەشی سەرەوەی لیستی کارەکانیان بێت.
پێم وایە ئەم دۆخە بۆ ئەو زمانانەی سیری پشتگیریان دەکات لە ئێستادا سودی دەبێت، بەڵام بۆ ئێمەی کورد کە زمانی ئینگلیزی نازانین سودێکی ئەوتۆی نابێت تەنانەت بە دۆخی پەیوەست بە ئینتەرنێتیشەوە. لەبەرئەوە تەنها بۆ ئەو کوردزمانانە دەبێت کە یەکێک لەو زمانانە دەزانن کە سیری پشتگیریان لێ دەکات.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!