ئەپڵ
2, كانونی دووهم 2016
پێشبینییەکان پێش دەسپێکردنی پێشانگای CES 2016؛ گەورەترین پێشانگای تەکنەلۆژی
هەوادارانی بواری تەکنەلۆژیا زۆر بەگەرم وگوڕی چاوەڕوانی دەسپێکردنی پێشانگا گەورەکەی بواری تەکنەلۆژیان کە ناسراوە بە CES 2016 کە ساڵانە لەم کاتانەدا بەڕێوەدەچێت. ئیتر ئەمساڵیش وەکو ساڵانی تر چاوەڕوانی ئەوە لە پێشانگاکە دەکرێت کە کۆمپانیاکان نوێترین بەرهەمەکانی خۆیانی تێدا نمایش بکەن بۆ ساڵی تازە. جێگای ئاماژەیە پێشانگای CES لە ٦ی ئەم مانگە دەستپێدەکات و تا ٩ی مانگ بەردەوام دەبێت و لە شاری لاسڤێگاس بەڕێوەدەچێت.
بۆ ئەمساڵ چەندین پێشبینی دەربارەی چەندین بەرهەمی نوێ هەن کە بۆی هەیە لە پێشانگای ئەمساڵی CES ببینرێن، لەوانە ئامێری VR و ئەو ئامێرانەیشی کە توانای لەدەستکردن و لەبەرکردنیان هەیە و تا مۆبایلی هۆشمەندی تازە و تابلێت و کۆمپیوتەری جیاجیا و تەنانەت ئۆتۆمبێلیش کە کۆمپانیاکان تێیدا دوایین تەکنەلۆژیایی خۆیان کە پێی گەیشتوون نمایش دەکەن.
١- شاشە
بەگوێرەی ئەوەی شاشەکان هەمیشە پڕ نمایشکراوترین بەرهەمی ئەم پێشانگایە بوون لەساڵانی ڕابردوودا و بۆ نمونە لە ساڵی پاردا سامسۆنگ و ئێڵجی هەر یەکە شاشەی خۆیان نمایش کرد کە هی سامسۆنگ شاشەیەکی زیرەک بوو بە سیستەمی تایزن ئیشی دەکرد و ئەوەی ئێڵجیش شاشەیەکی OLED بوو بە ڕوونی 4K. بۆ ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێت شاشەکان زیرەکتر بکرێن و توانای پەیوەندی و ماڵی زیرەک و ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایانەیان بۆ زیادبکرێت بەڵام بۆ ئەوەی کە شتێکی وا ڕابگەیەندرێت کە شۆڕش لە بواری شاشە بەرپابکات ئەوە پێشبینی نەکراوە. بەڵام پێدەچێت کە شاشەی 8K نمایش بکرێت ئەگەرچی لەوەیە زۆربەی هەر لە جۆری 4K بن.
٢- ماڵی زیرەک و کەلوپەلی ئینتەرنێتی
ئەگەر تۆ پێشتر ماڵێکی تازەت کڕیوە و ئارەزووی ئەوە دەکەیت ببیتە خاوەنی ماڵێکی زیرەک و لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەیت ئەوە باشترین شوێن بۆئەوەی لێیەوە دەست پێبکەیت پێشانگای CES ـە چونکە ساڵانە باشترین بەرهەمە تەکنەلۆژیەکان لەوبوارەدا لەوێ ڕادەگەیەندرێن و نمایشدەکرێن.
ئیتر وا پێدەچێت بۆ ئەمساڵیش لەم بوارەدا چی وای جیاواز نەبێت لەساڵانی ڕابردوو بەڵام کێبەرکێ گەرمەکەی نێوان ئەپڵ و گووگڵ لەوبوارەدا پێشبینی کراوە کە لە پێشانگای ئەمجار ببیندرێن.
٣- ئۆتۆمبێلی داهاتوو
تەکنەلۆژیا و ئۆتۆمبێل دوو جیهانی تێکهەڵکێشکراون، هەر لەبەرئەمەیە تەکنەلۆژیا زۆر دەبینرێت لە دروستکردن و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و هەروەکو هەندێک لە کۆمپانیاکان لەهەوڵی ئەوەدان گووگڵ بەنمونە کە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلێکە کە خۆی خۆی لێبخوڕێت و پێویستی بە شۆفێرنییە!
بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێت لە پێشانگای ئەمساڵی CES چەندین تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی داهاتوو بەرچاوبکەون لەلایەن کۆمپانیا جیاوازەکان، هەروەکو ساڵی ڕابردوو پەردە لەسەر ئۆتۆمبێلی زیرەکی Mercedes F015 لادرا کە بەتەواوی بە ئۆتۆماتیکی و خۆکارانە ئیشی دەکرد.
٤- ڕێژەیەکی زۆر لەو ئامێرانەی لەبەردەکرێن وەکو کاتژمێر و ئامێری ڤی ئاڕ (ڕاستی خەیاڵی) و باند و هتد
ساڵی ٢٠١٥ سەرەتای دەرکەوتنی ئەم جۆرە ئامێرانە بوو و گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆیەوە بینی لەسەرتاسەری ساڵەکەدا و چەندین ئامێری جیاواز جیاواز دەرکەوتن کە بەڕاستی سەختە لێرە ناویان بهێنین و باس لە تایبەتمەندی و ئاست بەرزیان بکەین.
بۆ ئەمساڵیش پێشبینیەکان لەوبوارەدا لەوەدا خۆی دەبیننەوە کە زیاتر و زیاتر بەرهەمی لەوجۆرە نمایش بکرێن و لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەو بوارە بەرهەمبهێندرێن. وا پێشبینی دەکرێت سامسۆنگ و ئێڵجی و شاومی و Fitbit ئامێری خۆیان لەوبوارە لە پێشانگای ئەمساڵ نمایش بکەن.
هەر لە بازنەی بازاڕی ئامێرەکانی توانست بەلەبەرکردن چاویلکەی تایبەت هەن بە ڕاستی خەیاڵی واتا Virtual Reality ناسراون، کە بەخێراییەکی بەرچاو گەشەی بەخۆیەوە بینی و بەڵام تا ئێستاش کێشە لە دروستکردنی ڕووبەڕووی کۆمپانیاکان دەبێتەوە بەوەی تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئاستێکی وەها کە بە شێوەیەکی باش و بەرفراوان بەکاربهێندرێت.
٥- زیاتر و زیاتر لە ئامێری هۆشمەند
لە ئاراستەیەکی ترەوە ئەم پێشانگایە دەرگای واڵاکردووە بۆ کۆمپانیاکانی بواری دروستکردنی ئامێری هۆشمەندی تر وەکو مۆبایل و کۆمپیوتەر و تابلێت بە نمایشکردنی دوایین و نوێترین بەرهەمیان لەوبوارەدا لەو پێشانگایە.
بۆ نمونە پێشبینی دەکرێت کە کۆمپانیاکانی وەکو ئەلکاتێل و شاومی و هواوەی و سامسۆنگ کە نوێترین بەرهەمی خۆیان لە مۆبایلە هۆشمەندەکان لەوێ ڕابگەیەینن و نمایشیان بکەن، لەوانە چاوەڕوانکراوە کە هواوەی مۆبایلی هۆشمەندی Huawei Mate 8 ڕابگەیەنێت کە لە وڵاتی چین لە ساڵی ٢٠١٥ ڕایگەیاند.
دوور لەو کۆمپانیایانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا، کۆمپانیای تریش هەن لەو نێوەندەدا و لەو پێشانگایە پەردە لەسەر بەرهەمی خۆیان لادەدەن بۆ نمونە ئامێری یاری ڤیدیۆیی ناسراو بە ئێنڤیدیا شێڵد کە ساڵی پار نمایشکرا.
ئەمانەی سەرەوە لەو پێشبینیانەبوون کە وا چاوەڕوان دەکرێت لە پێشانگای CES 2016 ببیندرێن و ئێمەش بەگوێرەی توانا و بواری خۆمان هەوڵدەدەین لەماوەی ئەو چەند ڕۆژە ڕووماڵی هەواڵ و زانیارییەکانی تایبەت بەو پێشانگایە بکەین.
سەرچاوە بەدەستکارییەوە Tech-WD
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!