بابەتی گرینگ
31, ئازار 2016
پوختەی تەواوی کۆنگرەی Microsoft Build 2016 – ڕۆژی یەکەم
سەر لەئێوارەی دوێنێ بەرواری ٣٠\٣\٢٠١٦ مایکرۆسۆفت دەستی بە چالاکییەکانی کۆنگرەی ساڵانەی خۆی بۆ گەشەپێدەران بەناوی Build 2016 بۆ ئەم ساڵ دەست پێکرد و تێیدا ئەو پێشکەوتن و نوێکارییە نوێیانە باس کران کە لەداهاتوودا لە بەرهەمەکان لە مانگەکانی داهاتوو بەردەست دەبن.
سەرەتای پوختەکەشمان بە هەندێک لە ئامار و زانیاریی دەست پێدەکەین کە لە کۆنگرە ئاماژەیان پێدرا..
ئامارەکان..

لەدوای ئەوەی ساتیا نادێلای سەرۆکی جێبەجێکاری مایکرۆسۆفت دەستپێکی کۆنگرەی کرد هەندێک لە ئامار و زانیاری دەربارەی کۆمپانیای وروژاند و ئێمەش بە چەند خاڵێک باسیان دەکەینەوە:
- لە ئێستادا ١.٢ ملیار بەکارهێنەری ئۆفیس لەسەر سیستەمە هەورییەکان هەیە کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات لە هەرشوێنک بن دەستیان بە بەرنامەکانیان بگات.
- ویندۆز ١٠ خێراترین ویندۆزە لە گەشەسەندندا لەچاو ویندۆزەکانی تر لە ڕێژەی بەکارهێنەراندا، کە لە ئێستادا زیاتر لە ٢٧٠ ملیۆن بەکارهێنەری هەیە.
- زیاتر لە ٧٥ ملیار کاتژمێر لەسەر ویندۆز ١٠ پاشەکەوت و گەڕێندراوەتەوە (چۆن ئەوەت زانی ئەی مایکرۆسۆفت؟ جێگای سەرسوڕمانە بەڕاستی!)
- زیاتر لە ٥٠٠ بەرهەم بە ویندۆز ١٠ کاردەکەن.
- زیاتر لە ٥ ملیار زیادکراو بۆ کۆگای ویندۆز ١٠.
- زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی مانگانە لەسەر سکایپ.
- لە ئێستادا و لە ڕۆژێکدا کۆرتانا نزیکەی وەڵامی زیاتر لە ملیۆن پرسیار دەداتەوە.
نوێکردنەوەی Anniversary Update بۆ ویندۆز ١٠
مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند کە نوێکردنەوە واتە ئەپدەیتی Anniversary Update لە هاوینی ئەم ساڵی ٢٠١٦ بە ویندۆز ١٠ دەگات و نوێکردنەوەکەش بە بێ بەرامبەر واتە بەخۆڕایی بەگشت بەکارهێنەران دەگات.
مایکڕۆسۆفت بەڵێنیدا کە لەماوەی ئەم نوێکردنەوەیەدا، هەوڵی بەردەستکردنی نوێکاری و تایبەتمەندی نوێتر دەدات لەسەر سیستەمی ویندۆز ١٠ و بۆ نمونە لەنوێکردنەوەی وێبگەڕی ئێج دا پشتگیری پەنجە مۆربکات بۆ چوونە ژوورەوەی ماڵپەڕەکان بەبێ لێدانی وشەی نهێنی و هەروەها لەڕێگەی دەموچاوی بەکارهێنەریشەوە. ئەمە جگە لەوەی نوێکردنەوەکە واتە ئەپدەیتەکە و کۆرتاناش بۆ ئێکس بۆکس بەڕێوەن.
سەرەڕای ئەوەش، مایکرۆسۆفت وەشانی نوێی ڤیژواڵ بەیسک ٢٠١٥.٢ و نوێکردنەوەی بوخچەی بەرنامەداڕێژی Windows SDK ڕاگەیاند.
ویندۆز ئینک Windows Ink
یەکێک لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی کە لەگەڵ نوێکردنەوەی Anniversary Update دێت بریتییە لە مایکرۆسۆفت ئینک.
مایکرۆسۆفت ئینک ڕێگەت پێدەدات بە نوسین بە بەکارهێنانی پێنوسی ئەلیکترۆنی و دەست و هەروەها کارلێککردنی لەگەڵ کۆرتانا. بۆ نمونە ئەگەر لەسەر Sticky Notes بە پێنوسی ئەلیکترۆنی بنوسین بیرم بهێنەوە کە کاتژمێر ٨ پەیوەندی بە باوکمەوە بکەم ئەوا ڕاستەوخۆ کۆرتانا هەستی پێدەکات و لە بەشی وەبیرهێنەرەوەکان تۆماری دەکات و لەم کاتە وەبیرت دەهێنێتەوە.
بێگومان مایکرۆسۆفت جەختی لەوە کردەوە ئەم تایبەتمەندییە بە پەنجەکانی دەستیش دەتوانرێت سودی لێ وەربگیرێت و بەکاربهێندرێت و ئەمە جگە لەوەی ئەم تایبەتمەندییە لە تەواوی بەرنامەکان بەردەست دەبێت و لە سەرەکیترینیان ئۆفیس و ئەدۆبی و نەخشنەکان …هتد. هەروەها مایکرۆسۆفت لە گفتوگۆدایە لەگەڵ واکۆم بۆ گەشەپێدانی پێنوسێکی ئەلیکترۆنی کە پشتگیری تەواوی بەرنامەکان بکات.
ئەپەکانی فەیسبووک و Audience Network
مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند کە ئەپەکانی فەیسبووکی یەکگرتوو بەردەست دەکات بۆ گەشەپێدەران و بەکارهێنەرانی کەرتی کار لەسەر سیستەمی ویندۆز ١٠ دا کە بریتین لە فەیسبووک و ئینستەگرام و فەیسبووک مێسنجەر.
و هەروەها مایکرۆسۆفت خزمەتگوزاری Audience Network بۆ ویندۆز ١٠ بەردەست دەکات کە بریتین لە کۆمەڵێک ئەپڵیکەیشن کە یارمەتی ڕێکلامکاران دەدەن لەسەر فەیسبووک بە بەکارهێنانی هەمان ئەو کەلوپەل و ئامێرانەی لەسەر فەیسبووک بەکاریدەهێنن کە بریتین لە کۆمەڵێک ئامێری نایاب بۆ گەشەپێدەران کە ڕێگەیان پێدەدات بە بەکارهێنانی ئەو ئامێرانەی بواری ڕیکلام کردن لە فەیسبووک لەسەر ئەپەکانی کۆمپیوتەر.
ویندۆز ١٠ و ئوبونتو
لە کۆنگرەکە مایکرۆسۆفت هاوبەشی کاری لەگەڵ کانۆنیکاڵی پەرەپێدەری ئوبونتوو ڕاگەیاند بە بەردەست کردنی چەند فەرمانێکی ئوبونتو لە ویندۆز ١٠ دا.
شایەنی باسە، شێڵی Bash لە ئەپدەیتی داهاتووی ویندۆز بەردەست دەبێـت و بەمەش هەنگاوەکانی بەرەوبوون بە ویندۆزێکی سەرچاوە کراوە زیاتر ڕوون دەبنەوە و بەمەش گەشەپێدەران لەمەودوا ڕاستەخۆ دەتوانن لە کۆگای ویندۆز کەلولەپەکان دابگرن وئەزموونە تازەکە تاقی بکەنەوە و ئەم ڤیدیۆیەی خوارەوەش لە مایکرۆسۆفتەوەیە کە زیاتر ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم تایبەتمەندییە دەدوێت:
ئامێری گۆڕینی ئەپڵیکەیشنەکان
هەر لە میانەی کۆنگرە مایکرۆسۆفت ئامێرێکی تری ڕاگەیاند کە ڕێگە بە گەشەپێدەران دەدات بە گۆڕینی ئەپڵیکەیشنەکانیان بۆ ئەپی کۆمپیوتەر ڕاستەوخۆ لەسەر کۆمپیوتەر.
شایەنی باسە ئەم ئامێرە، لە ئێستاوە بەردەستە بەبێ بەرامبەر کە ئەمەش ئامێرێکی نایابە بۆ گەشەپێدەران بەوەی بتوانن ئەپەکانیان بگۆڕن بۆ ئەپی ویندۆز بەبێ دەستکاری کۆدی سەرچاوەی سەرەکی.
ژینگەی گەشەپێدان لەسەر ئێکس بۆکس وەن
بێگومان لە کۆنگرەکە ئامێری ئێکس بۆکس وەن پشتگوێ نەخراو و مایکرۆسۆفت ژینگەیەکی نوێی گەشەپێدان و گەیشتنی ئەپەکانی Universal Windows Platform Apps بە ئێکس بۆکس وەن ڕاگەیاند. ئەمەش هۆیەکە بۆ ئەوەی گەشەپێدەران بتوانن ئەپەکان ڕاستەوخۆ لەسەر ئێکس بۆکس وەن دابمەزرێنن و پێشانیان بدەن بەمەبەستی تاقیکردنەوە و بینینی ڕاستەوخۆی ئەپەکان لەکاتی کاردا.
هۆڵۆ لێنز
باسێکی تەواو لەسەر چاویلکەی ناسراو بە هۆلۆ لێنز لە کۆنگرەکە کرا و ئێمەش لێرە بەپوختی ئاماژە بەخاڵە سەرەکییەکان دەکەین:
- لەئێستاوە HoloLens Emulator بۆ گەشەپێدەران بەردەستە کە دەیانەوێت ئەپڵیکەیشن بۆ هۆڵۆ لێنز گەشەپێبدەن بەبێ ئەوەی ٣٠٠٠ دۆلار خەرج بکەن لەو پێناوەدا.
- هەر کەسێک ئارەزووی دەست خستنی ئامێری هۆڵۆ لێنز DevKit دەکات دەتوانێت لەمڕۆوە بە بڕی ٣٠٠٠ دۆلار داوای بکات.
- مایکرۆسۆفت کۆتایی بە گەشەپێدانی ئەپی Galaxy Explorer هێنا کە ڕێگەی بە بەکارهێنەرانی هۆڵۆ لێنز دەدات بە گەشت کردن بە ئاسماندا و بەم زووانەش لە کۆگای ویندۆز بەردەست دەبێت.
- بەهاوکاری لەگەڵ ناسا مایکرۆسۆفت خزمەتگوزاری Destination Marsـی ڕاگەیاند. کە ڕووکارێکە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات بە گەشت کردن بەسەر ڕووی مەریخ لەڕێگەی ڕاستی خەیاڵییەوە.
یاریدەردەری دەنگی ناسراو بە کۆرتانا
وەکو لە پێشتر ئاماژەمان پێدا کە نوێکردنەوە واتە ئەپدەیتی نوێ بۆ ویندۆز ١٠ لە هاوینی ئەمساڵ دێت و ئەوەی پەیوەستە بە نوێکردنەوەکان پەیوەستیشە بە کۆرتانا و بە پوختی مایکرۆسۆفت ئەمانەی خوارەوەی ئاماژە پێدا:
- بەردەستکردنی Cortana Collection لەسەر کۆگای ئەپەکانی ویندۆز کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات بە گەڕان بۆ ئەپەکان بە دەنگیان.
- بەردەست کردنی کۆرتانا لەسەر شاشەی قوفڵ بەمەبەستی خێرا گەیشتن پێی بەبێ ئەوەی قوفڵی کۆمپیوتەرەکە بکەیەوە.
- هەروەها کۆرتانا لەمەودوا ڕۆژانە پێشنیارت بۆ دەکات بۆ نمونە پێشنیاری کڕینی وەجبەی خواردنی بەیانی!
- لەمەودوا کۆرتانا لەگەڵ ئەو سیستەمانە تێکهەڵکێش دەکرێت کە پشتگیری دەکەن نمونەی ئەمەش ناردن و وەرگرتنی پەیامەکانە لەڕێگەی کۆرتانا. هەروەها کۆرتانا لەمەودوا لەگەڵ ئۆفیس و سکایپ تێکهەڵکێش دەکرێت و دەتوانرێت سودی لێ وەربگیرێ بۆ ئەنجامدانی فرمانەکان.
- کۆرتانا بۆ تەواوی گەشەپێدەرانی سیستەمەکانی تر بەردەست دەبێـت و پشتگیری ١٣ وڵاتی تریش دەکات.
پشتگیری لە Bots و ڕووکاری Cognitive
مایکرۆسۆفت بەفەرمی پشتگیری بۆ بۆتە زیرەکەکان ڕاگەیاند و کە ڕێگە بە گەشەپێدەران دەدات بە تێکهەڵکێش کردنیان لەگەڵ ئەپەکانیان. بۆتەکایش ڕێگەیان پێدراوە بە پەیوەست کردنیان لەگەڵ چەندین خزمەتگوزاری بۆ نمونە پەیامی کورت واتە ئێس ئێم ئێس و هەروەها ئۆفیسی ٣٦٥ و سلاک و سکایپ و جگە لەمانەش.
سەرەڕای ئەمەش، مایکرۆسۆفت تایبەتمەندی Cognitiveـی ڕاگەیاند کە پشتگیری لە ٣١ ڕووکار دەکات بۆ ژیریی دەستکرد و زانینی شتەکان و کە ئەمەش بە پشت بەستن بە API تایبەت دەکرێت و پاشان تێکهەڵکێش کردنی لەگەڵ ئەپەکان.
سکایپ
لە کۆنگرەکە زۆر بەڕوونی دیاربوو کە مایکرۆسۆفت لەهەوڵی ئەوەدایە کە سکایپ لە تەنها خزمەتگوزاریەکی پەیوەندی کردنی دەنگییەوە بگۆڕێت بۆ خزمەتگوزاریەکی سەربەخۆی پەیوەندی کردن و سیستەمێکی سەربەخۆ و ئەمەش وەکو کێبەرکێیەکی گەرم لەگەڵ خزمەتگوزارییەکانی تری وەکو واتسئاپ و تێلەگرام و مێسنجەری فەیسبووک.
جێگای ئاماژەیە کە گرنگترین ئەو شتانەشی کە مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند دەربارەی سکایپ بریتی بوون لە تێکهەڵکێش کردنی کۆرتانا لەگەڵ سکایپ و کارکردنی سکایپ لەگەڵ بۆتەکان و هەروەها کارکردنی سکایپیش لەگەڵ هۆلۆ لێنزی ڕاستی خەیاڵی!
بەمەش ئێمە دێینە کۆتایی باسکردنی پوختەی تەواوی کۆنگرەی Build 16ـی ئەمساڵی مایکرۆسۆفت و بەهیوای ئەوەی خوێنەری بوبن و سودتتان لێ وەرگرتبێت.
پرسیار ئەوەیە، ئایا پێتان وایە مایکرۆسۆفت لەم کۆنگرەیەیدا شتانێکی ڕاگەیاند کە کرداریانە کار لە داهاتووی تەکنەلۆژیا بکەن؟
لە کۆمێنت سەرەنجی خۆت بنوسە.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!