ئای ئۆ ئێس 29, ئایار 2016

هەموو زانیاریەک دەربارەی نەوەی نوێی ئایفۆن بەناوی iPhone 7

Post

کۆمپانیای ئەپڵ ساڵانە کۆنگرەی سەرەکی خۆی لە کالیفۆڕنیا ئەنجام دەدات ، هەموو ساڵێک ئەو کۆمپانیایە کۆنگرەیەک لە مانگی ٩ گرێدەدات و سەرجەم داهێنان و نوێکارییەکانی لە بواری مۆبایل کۆدەکاتەوە لەژێر ناوی “iPhone”.لەو کۆنگرەیەدا ساڵانە نەوەی نوێی ئایفۆن بڵاودەکرێتەوە ، بڕیار وایە ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی پێشوو ، نەوەی نوێی ئایفۆن لە کۆنگرەی ئەمساڵی ئەپڵ لە ٧ ـی مانگی ٩ ـدا ڕابگەیەنرێت کە بەپێی زۆربەی پێشبینیەکان ناوی “iPhone 7” دەبێت.لەم بابەتەدا سەرجەم زانیاری و پڕوپاگەندە و پێشبینیەکانی ئەو ئایفۆنە نوێیەتان بۆ دەخەینە ڕوو ، بێگومان هەوڵ دەدەین ئەو پڕوپاگەندانەی کە ئاماژەیان پێ دەدەین ئەوەندە خەیاڵی نەبن و هیچ نەبێت تۆزێک لە پێشبینی ڕاستەقینەی ئەو ئایفۆنە نوێیە نزیک بن ، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە پێگەی (Mac Rumors) ـمان هەڵبژاردووە چونکە پێگەکە لە کۆمپانیای ئەپڵ نزیکە و شارەزاییەکی باشیان لەو بوارەدا هەیە ، لەگەڵمان بن.

1

تایبەتمەندییە پێشبینیکراوەکان:

  • دەرچەی بیستۆکی گوێی نییە
  • بوونی دوو هاوێنە بۆ کامێرا لە پشتەوە بۆ “iPhone 7 Plus”
  • بارگاوی کردنەوەی زیرەک لەڕێگای “Smart Connector” بۆ ئایفۆن ٧ پڵەس
  • دیزاینێکی نزیک لە ئایفۆن ٦ ئێس
  • پڕۆسێسەرێکی نوێ
  • دوو قەبارەی جیاوازی شاشە

چاوەڕوانی چی دەکرێـت لەو ئایفۆنە نوێیە؟

نزیکەی ٣ مانگ ماوە بۆ ڕاگەیاندنی ئایفۆنی نوێ لەڕێگای بەستنی کۆنگرەیەک لەلایەن ئەپڵەوە کە هەروەکو ئاماژەمان پێدا لە مانگی ٩ ی ئەمساڵ دەبێت ، بۆیە پێشبینی و پڕوپاگەندەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن بۆ ئەو مۆبایلە نوێیە.بەپێی ئەو سیاسەت و پلانەی کە ئەپڵ لە ساڵانی پێشوو جێبەجێی کردووە ، بەپێی ڕای زۆربەی شارەزایان و پێگەکان ئایفۆنی داهاتوو بە ئایفۆن ٧ دەناسرێت ، بەڵام بەشێکی کەم لە پێگەکان ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئەپڵ وازی هێناوە لە سیاسەتی ناولێنانی ئامێرەکانی و پێدەچێت ئەمساڵ ئایفۆنە نوێیەکە ناوبنرێت بە “iPhone Pro” بەڵام ئەمە ئەگەرێکی کەمتری هەیە.

پێدەچێت ئەپڵ بەهەمان شێوەی ٢ ساڵی پێشوو دووبارە دوو جۆر لە ئایفۆنەکە ڕابگەیەنرێت ئەوانیش “iPhone 7” و “iPhone 7 Plus” دەبن.زۆربەی پڕوپاگەندەکان باس لەوە دەکەن کە دیزاین و شێوەی ئایفۆنەکە نوێ دەکرێتەوە بەڵام بە شێوازێکی نزیک لە ئایفۆن ٦ ئێس ، واتا هەر لەسەر بنچینەی شێوەی ئایفۆن ٦ ئێس دەمێنێتەوە.پێدەچێت هێڵەکانی خوارەوەی کامێرا لە ڕووی پشتەوە بسڕێنەوە و تەنها هێڵەکانی سەرەوە و خوارەوە و دوو لایەکان بمێنن.ئەمەش شێوەی پێشبینیکراوی ئایفۆنەکەیە بەگوێرەی پێگەی “MacRumors” :

iphone_7_render_mr-800x460

هەر بەپێی پێشبینیەکان ، پێدەچێت ئایفۆنی داهاتوو باریکتر بێت لەچاو ئایفۆنەکانی پێشوو ئەمەش بەهۆی سڕینەوەی دەرچەی بیستۆکی گوێ و باریکتر کردنی شوێنی دەرچوونی دەنگ و دەرچەی بارگاوی کردنەوە.بە نەبوونی دەرچەی بیستۆکی گوێ لە ئایفۆنی داهاتوو ، ئەو بیستۆکانەی کە تەلدارن دەتوانرێت هەر بە دەرچەی بارگاوی کردنەوەوە پەیوەست بکرێن ، وە ئەو بیستۆکانەی کە بلوتوزیان هەیە دەتوانرێت بە ئاسانی و لەڕێگای بلوتوزی ئایفۆنەکەوە پەیوەست بکرێن،بەهۆی ئەمانەش پێدەچێت ئەپڵ بیستۆکێکی تایبەت بەرهەم بهێنێت بۆ پەیوەست کردنی بە ئایفۆنەکە.بەپێی چەند وێنەیەکی پێشبینیکراو و دزەپێکراو ، ئایفۆن ٧ پڵەس دەرچەی تایبەتی دەبێت بۆ پەیوەستکردنی زیرەک “Smart Connector” لەڕووی پشتەوەی ئایفۆنەکە ، بەڵام جارێ دیار نییە ئەو تایبەتمەندییە چ سودێکی دەبێت و بۆچی بەکاردێت ، ئەمە جگە لەوەی کە بەشێک لە پڕوپاگەندەکان ڕایان وایە کە ئەو تایبەتمەندییە بوونی نابێت.

تا ئێستا زانیارییەکی وەها تەواو لەسەر پارچە ناوەکییەکان و پڕۆسێسەری ئایفۆنی نوێ نییە ، بەڵام گەر بەپێی ساڵانی پێشوو بێـت ئەوا ئەپڵ بۆ ئەمساڵیش پڕۆسێسەرێکی نوێ بە توانای بەرز لەژێر ناوی “A10” بەکاردەهێنێت بۆ ئایفۆنەکە.

سەبارەت بەو دوو جۆرە جیاوازەی ئایفۆنە نوێیەکە، بەپێی پڕوپاگەندەکان ئایفۆن ٧ ڕامێکی ٢ گێگابایتی دەبێت بەڵام ئایفۆن ٧ پڵەس ڕامەکەی ٣ گێگابایت دەبێت و لە هەمان کاتیش شاشەیەکی گەورەتری دەبێت بە بەراورد لەگەڵ ئایفۆن ٧ ، هەروەها پڕوپاگەندەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە کامێرای ٢ ئایفۆنەکە جیاواز دەبێت بەشێوەیەک کە کامێرای ئایفۆن ٧ تەنها یەک هاوێنە (Lens) ـی دەبێت لەگەڵ توانای هێنانەپێش بۆ ٢ تا ٣ جار ، کەچی کامێرای ئایفۆن ٧ پڵەس ٢ هاوێنەی دەبێت ، کەواتە بەپێی زۆربەی پڕوپاگەندەکان تایبەتمەندی بوونی ٢ هاوێنە بۆ کامێرا تەنها لە “iPhone 7 Plus” بەردەست دەبێت.

پارچە دزەپێکراوەکان:

ماڵپەڕێکی چینی لەم ماوەیەدا وێنەیەکی دزەپێکراوی ئایفۆن ٧ پڵەسـی بڵاوکردەوە و پێدەچێت بەپێی وێنەکە قەبارەی شاشەی ئایفۆن ٧ پڵەس ٥.٥ ئینچ بێت ، وەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا ، لەوێنەکەش دیزاینی ئایفۆنە نوێیەکە نزیک دەردەکەوێت لە دیزاینی ئایفۆن ٦ ئێس و تەنها هێڵی خوارەوەی کامێرا نەماوە،هەروەها لە وێنەکەدا دەردەکەوێت کە کامێرای ئایفۆن ٧ پڵەس وەکو پێشتر باسمان کرد دوو هاوێنەی دەبێت لەگەڵ بوونی ڕووناکی (فلاش) ـێکی بازنەیی لە تەنیشت کامێراکە، هەر لە وێنەکەدا دەرچەی “Smart Connector” دەبینرێت لە بەشی خوارەوە ، بەڵام بەپێی وتەی پێگەیەکی یابانی ئەپڵ بڕیاریداوە کە ئەو تایبەتمەندییە بەردەست نەکات و کاری پێنەکرێت لە ئایفۆنی نوێدا.

iphone_7_plus_rear

بەڵام پێویستە ئەوە بزانین کە تا ئێستا دیار نییە ئایا ئەمە وێنەیەکی پێشبینیکراوی ئایفۆنە نوێیەکەیە کە لەسەر پڕوپاگەندەکان دروستکراوە یاخود دزەپێکراوە یانیش هیچ کامیان نییە و تەنها وێنەیەکی دروستکراوی نادروستە.

ئەم وێنەیە سەبارەت بە ئایفۆن ٧ پڵەس ، بەڵام دەربارەی ئایفۆن ٧ پێگەی “Weibo” ـی چینی وێنەیەکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا هەروەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا کامێرایەکی یەک هاوێنەیی دەبینرێت لەسەر هەمان شێوە و دیزاینی وێنەی پێشوو کە ئایفۆن ٧ پڵەس بوو.

006djxhejw1f44hhivl3lj30qo0zkjud

وێنەیەکی تر کە دزەی پێکراوە ئاماژە بە پارچەکانی ناوەوەی دەرچەی بارگاوی کردنەوەی ئایفۆنە نوێیەکە دەکات بە بەراورد بە دەرچەی بارگاوی کردنەوەی ئایفۆن ٦ ئێس ، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لە وێنەکەدا بوونی دەرچەی بیستۆکی گوێیە ئەمەش پێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندانەیە کە لە پێشوودا باسی لێوەدەکرا بە نەبوونی بیستۆکی گوێ.بەڵام وێنەکە جێگای متمانە نییە و نازانرێـت ئایا ئەمانە ڕاستە و بەتەواوەتی پارچەکانی دەرچەی بارگاویکردنەوەی ئایفۆن  ٧ ـن یاخود نەخێر ئەوە تەنها وێنەیەکی دروستکراوە.

Jack-iPhone7-vs-iPhone6s-HighLights-800x304

کەواتە تا ئێستا بەتەواوەتی ڕوون و ئاشکرا نییە کە ئایا ئایفۆنی داهاتوو دەرچەی بیستۆکی گوێی دەبێت یاخود نا ، بەشێکی زۆری پڕوپاگەندەکان باس لەوەدەکەن کە دەرچەی بیستۆکی گوێی نابێت ، بەڵام ڕەنگە ئەو وێنەیە کەمێک دوودڵی دروستبکات و بابەتەکە سەراو ژێر بکات.

هەروەها لە چەند پێگەیەکی چینی وێنەیەکی دوو هاوێنەیی کامێرای ئایفۆن ٧ پڵەس دزەی پێکراوە ، لەسەر پارچەکە ژمارە (٨٢١) بوونی هەیە و ئەمەش تا ڕادەیەک ڕاستی وێنەکە دەردەخات ، چونکە پێشتر بەشێک لە کامێراکانی ئایفۆن لە پارچەکانی ناوەوەی ژمارە (٨٢١) نووسراوە.

dual_camera_photo-800x462

لە چەند پێگەیەک وێنەیەکی باتری ئایفۆن ٧ بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا ئاماژە بە فراوانی باتریەکە کراوە ئەویش (٧.٠٤ وات)ـە لە کاژێرێکدا.ئەمەش فراوانیەکی زیاترە بەبەراورد لەگەڵ ئایفۆن ٦ ئێس کە فراوانی باتریەکەی (٦.٦١ وات) بوو لە کاژێرێکدا.

ڕووی دەرەوە:

چەند وێنەیەکی پێشبینیکراو بۆ شێوە و دیزاینی ئایفۆنی داهاتوو ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە ئایفۆنەکە دەرچەی بیستۆکی گوێی نابێت.لەم وێنەیەدا پێشبینی شێوەی ئایفۆن ٧ کراوە کە تیایدا کامێراکەی یەک هاوێنەی هەیە و هیچ دەرچەیەکی “Smart Connector” تیایدا بەدی ناکرێـت:

iPhone-7-CAD

لەم وێنەیەی خوارەوەشدا تیایدا شێوەی ئایفۆن ٧ پڵەس پێشبینیکراوە و ئەوە بەدیدەکرێت کە کامێراکەی ٢ هاوێنەی هەیە و لە بەشی خوارەوەی ڕووی پشتەوەی ئایفۆنەکە دەرچەی “Smart Connector” دەبینرێت ، وە ئەوەی جێی سەرنجە ڕووبەری شاشەی ئایفۆنەکە زیاترە لەچاو ڕووبەری شاشەی ئایفۆن ٧ .

iPhone-7-Plus-CAD

ئەم وێنانەی خوارەوەش بەهەمان شێوە دزەیان پێکراوە و ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە دیزاین و شێوەی ئایفۆن ٧ و ٧ پڵەس بەو شێوەیە دەبێت کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە :

macfaniphone7plus Screen-Shot-2016-03-14-at-08.28.29-800x699

هەروەها لە چەند پێگەیەک وێنەی بەرگ (Case) ـی ئایفۆن ٧ بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا بەرگەکە شوێنی دوو دەرچەی دەنگی تێدایە لەگەڵ دەرچەیەک بۆ بارگاوی کردنەوە ، لە بەرگەکەش هیچ دەرچەیەکی بیستۆکی گوێ دەرناکەوێت بۆیە گەر بەپێی ئەو بەرگە بێت ئەوا ئایفۆنی داهاتوو بیستۆکی گوێی نابێت.

iPhone-7-OnLeaks-Case-800x299

دیزاین و شێوە:

2

هەروەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا ، بەپێی زۆربەی پڕوپاگەندە و پێشبینیەکان ئایفۆنی داهاتوو تەنکتر دەبێت لەچاو ئایفۆن ٦ ئێس ، بەڵام نازانرێت ئایا تا چەند تەنک دەبێت.ئەپڵ ئەمجارە لەوانەیە دەرچەی بیستۆکی گوێ بسڕێتەوە ، پارچەی قەبارە کەم و تەنک بەکاردێنێت ، هەروەها دەرچەی بارگاوی کردنەوە تەنکتر دەکات لەچاو ئایفۆنەکانی پێشوو.یەکێک لە پڕوپاگەندەکان ئاماژەی بەوە داوە کە ئەستووری ئایفۆن ٧ لەنێوان ٦ بۆ ٦.٥ میللی مەتر دەبێت ، بەڵام بەشێک لە وێنە دزەپێکراوەکان وای نیشان نادەن کە ئایفۆنە نوێیەکە بەو شێوەیە تەنک بێت ، هەروەها چەند پڕوپاگەندەیەک بڵاوبوونەتەوە کە گوایە ئایفۆنی نوێ پارێزەرێک لەخۆدەگرێت بۆ پاراستنی ئایفۆنەکە لە دژی ئاو و هەروەها هەمان ئەو ئەلەمنیۆمە بەکاردێت لە ئایفۆنەکە کە لە ئایفۆن ٦ ئێسدا بەکارهێنراوە.

دەرچەی بیستۆکی گوێی نابێت:

3

بەپێی زۆربەی پڕوپاگەندەکان ئەپڵ لە ئایفۆنی نوێدا چیدی دەرچەی بیستۆکی گوێ بەکارناهێنێت و دەیسڕێتەوە ، لەجێگای ئەمەش یەک دەرچە بەکاردەهێنێت کە لەڕێگای ئەو دەرچەیەوە هەم ئایفۆنەکە بارگاوی دەکرێتەوە و هەم دەتوانرێت ئەو بیستۆکە گوێیانەی کە تەلدارن بەو دەرچەیە پەیوەست بکرێن،تا ئێستا بەتەواوی و سەد لە سەد دڵنیا نین کە ئایا ئەو هەواڵانە ڕاستن و دەرچەی بیستۆکی گویی نابێت یاخود بە پێچەوانەوە دەیبێت ، بەڵام هەروەکو ئاماژەمان پێدا زۆربەی پڕوپاگەندەکان لە ئێستادا باس لەوە دەکەن کە ئەو دەرچەیەی نابێت . گەر ئەپڵ ئەمە جێبەجێبکات ، بێگومان کارێکی باش دەبێت و لەو ڕێگایەوە هەم بیستۆکە گوێیەکان دەتوانرێت بە دوو ڕێگا (یان بە بلوتوز یان بە دەرچەی ئایفۆنەکە) پەیوەست بە ئایفۆن بکرێن ، هەم ئەپڵ سیستم و پارچەی تایبەت بەکاردەهێنێت بۆ باشترکردنی بیستۆکەکە و نەهێشتنی ژاوە ژاو و دەنگە دەنگ لەکاتی گواستنەوەی دەنگ بۆ بیستۆکەکە،جگە لەمانەش پێدەچێت ئەپڵ کار لەسەر دروستکردنی بیستۆکێکی تایبەت بکات کە تایبەتمەندی بەرزی هەبێت هاوشێوەی (EarPods) و لەگەڵ ئایفۆنەکە دەفرۆشرێت،بەپێی پڕوپاگەندەکانیش پێدەچێت ئەو بیستۆکە لەڕێگای بلوتوزەوە پەیوەست بە ئایفۆنەکە بکرێت و لەڕێگای دەرچەی بارگاوی کردنەوەی ئایفۆنەکەوە بیستۆکەکە بارگاوی بکرێتەوە.لە شوێنی دەرچەی بیستۆکیش کە ئەپڵ دەیسڕێتەوە ، پێدەچێت ئەپڵ لەو شوێنەدا بڵندگۆی دووەمینی ئایفۆنەکە دابنێت.

بیستۆکی گوێی بێ تەل:

4

جگە لەو بیستۆکەی کە ئەپڵ لەگەڵ ئایفۆنە نوێیەکە دەیفرۆشێت ، پێدەچێت کۆمپانیاکە کار لەسەر دروستکردنی جۆرێکی نوێی بیستۆکی گوێ بکات کە بێ تەلە و چەند تایبەتمەندییەکی هەیە ، بەڵام ئەم بیستۆکە لەگەڵ ئایفۆنی نوێ نافرۆشرێت و بەشێوەی جیا دەبێت، هەروەها باتریەکی فراوانی دەبێت کە توانای کارپێکردن و مانەوەی دەبێت بۆ ماوەی چەند کاژێرێک پاشان دەتوانرێت بارگاوی بکرێتەوە.

پەیوەستکردنی زیرەک:

5

زۆربەی ئەو وێنانەی ئایفۆنە نوێیەکە کە دزەیان پێکراوە ئەوە دەردەخەن کە ئایفۆنی داهاتوو بەتایبەت ئایفۆن ٧ پڵەس دەرچەی پەیوەستکردنی زیرەک “Smart Connector” ـی دەبێت.”Smart Connector” ئەو دەرچەیە بوو کە لە ئایپاد پڕۆدا بەردەست کرا ئەمەش بۆ پەیوەستکردنی ئامێرە لاوەکیەکانی وەک تەختەکلیلی زیرەک.

ئایفۆن ٧ و ئایفۆن ٧ پڵەس:

6

لە ماوەی دوو ساڵی پێشوودا ، ئەپڵ چوار جۆری جیاوازی ئایفۆنی بڵاوکردەوە ، بە واتای ئەوەی لە ساڵێکدا دوو جۆری ئایفۆنی بڵاودەکردەوە و بەهۆی هێمای پڵەس جیای دەکردنەوە و هەمیشە ئەو ئایفۆنەی کە پڵەس بوو تایبەتمەندییەکی بەرزتری هەبوو لەچاو ئەو ئایفۆنەی کە پڵەس نەبوو . پێدەچێـت ئەمساڵیش ئەپڵ هەمان ڕێگا بگرێتە بەر و دوو جۆری جیاواز بڵاوبکاتەوە ئەوانیش ئایفۆن ٧ و ئایفۆن ٧ پڵەسن . بەپێی سەرچاوەکان ، قەبارەی شاشەی ئایفۆن ٧ (٤.٧ ئینچ) دەبێت و کامێرایەکی ئاسایی یەک هاوێنەیی دەبێت ، لە بەرامبەردا ئایفۆن ٧ پڵەس قەبارەی شاشەکەی (٥.٥ ئینچ) دەبێت و کامێرایەکی دوو هاوێنەیی دەبێت.

  • کامێرای دوو هاوێنەیی لە ئایفۆن ٧ پڵەس

iPhone-7-Dual-Camera-800x450

کامێرای ئایفۆن ٧ پڵەس کە دوو هاوێنە لەخۆدەگرێت پێدەچێت تەکنەلۆژیایەکی بەرزتری تێدا بەکاربێت لەچاو کامێرای ئایفۆن ٧ .ئەو وێنانەی کە بە دوو هاوێنە دەگیردرێن خاوێنتر ، ڕووناکتر ، ژاوەژاوی کەمتر و هەروەها ڕەنگێکی ڕاستتر و باشتریان دەبێت.

ئەمەش بەراوردی وێنەیەکی گیردراوە بە ئایفۆن پێنج ئێس و کامێراکانی LinX کە ئەپڵ ئەو کامێرایانەی کڕیوەتەوە ، واتا دەتوانین بڵێین وێنەی لای ڕاست وێنەیەکی گیردراوە بە کامێرای ئایفۆن ٧ پڵەس و وێنەی لای چەپیش وێنەیەکی گیردراوە بە کامێرای ئایفۆن پێنج ئێس :

linxlownoise-800x424

ئەم ڤیدیۆیەی خوارەوە کە لەلایەن پێگەی (MacRumors) ـەوە دروستکراوە بە پشت بەستن بە پێشبینی و تەکنەلۆژیاکان زۆر بەجوانی ئەوەی ڕوونکردۆتەوە کە تا چەند کامێرای دوو هاوێنەیی سوودی دەبێت و دەبێتە کەرەستەیەکی باشتر بۆ وێنەگران :

[youtube]https://www.youtube.com/watch?v=ZdP7h_O2rzo[/youtube]

  • ڕام

بەپێی هەواڵی چەند پێگەیەکی چینی، ئایفۆن ٧ و ئایفۆن ٧ پڵەس دوو ڕامی جیاوازیان دەبێت. بەشێوەیەک کە ئایفۆن ٧ ڕامەکەی ٢ گێگابایت دەبێت ، بەڵام ئایفۆن ٧ پڵەس ڕامەکەی ٣ گێگابایت دەبێت.

  • فراوانی بیرگە

پێشبینی دەکرێت فراوانی بیرگەی ئایفۆن ٧ پڵەس بە سێ جۆری ٣٢ گێگابایت ، ١٢٨ گێگابایت و ٢٥٦ گێگابایت بێت ، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان فراوانی بیرگەی ئایفۆن ٧ بە سێ جۆری ٣٢ و ٦٤ و ١٢٨ گێگابایت دەبێت.

هەروەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا ، پێدەچێت بەپێی ئەو وێنانەی کە دزەیان پێکراوە باتری ئایفۆنی داهاتوو باشتر و فراوانتر بێت لەچاو فراوانی باتری ئایفۆنەکانی پێشوو .بەپێی پڕوپاگەندەکان، فراوانی باتری ئایفۆن ٧ (٧.٠٤ وات) دەبێت لە کاژێرێکدا ئەمەش زیاترە لە چاو فراوانی باتری ئایفۆن ٦ ئێس کە (٦.٦١ وات) بوو لە کاژێرێکدا.

  • شاشە

بەپێی پڕوپاگەندەکان ئەپڵ کار لەسەر بەکارهێنانی شاشەی (AMOLED) دەکات بۆ ئایفۆنەکانی داهاتوو، بەڵام پێناچێـت ئەو شاشەیە بۆ ئایفۆن ٧ ئامادەبێت.بۆیە زۆربەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەپڵ درێژە دەدات بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای (TFT-LCD) بۆ شاشەی ئایفۆنی داهاتوو کە پێشتر لە ئایفۆن ٦ ئێس بەکارهاتبوو.

  • کاتی بڵاوکردنەوە

هەروەکو ساڵانی پێشوو ، پێشبینی دەکرێت ئایفۆنی نوێ لە مانگی ٩ ی ئەمساڵ ڕابگەیەنرێت لە کۆنگرەی ساڵانەی ئەپڵ.

7

بۆچونی تۆ