ئەندرۆید
12, تەممووز 2016
چەند وێنەیەکی نوێی دزەپێکراوی Galaxy Note 7 بڵاودەبێتەوە

کەمتر لە مانگێک ماوە بۆ ڕاگەیاندنی نەوەی نوێی Galaxy Note لەلایەن کۆمپانیای سامسۆنگ ، وا چاوەڕوان دەکرێت کە نەوە نوێیەکە ناوی Galaxy Note 7 بێت.بێگومان لەگەڵ نزیک بوونەوەمان لە وادەی ڕاگەیاندنی ئەو مۆبایلە نوێیە کە پێشبینی دەکرێت لە سەرەتاکانی مانگی داهاتوو بێت ، ئەوەندەش لە پڕوپاگەندە و پێشبینیەکان نزیک دەبینەوە.لە دواین هەواڵیشدا ، لە بەشێک لە پێگەکاندا چەند وێنەیەکی نوێی Galaxy Note 7 بڵاوکراوەتەوە.بەپێی هەواڵێکی پێگەی Android Authority ، باتری ئەم مۆبایلە توانایەکی بەرزی دەبێت و دەتوانرێت بۆ ماوەی ٢٠ کاژێر کاری پێ بکرێت ، کەواتە پێشبینی کراوە کە فراوانی باتریەکەی لەنێوان ٣٦٠٠ تا ٤٠٠٠ میلی ئەمپێر بێت لە کاژێرێکدا.لەلایەکی تریشەوە ، پێگەی OnLeaks وێنەیەکی دزەپێکراوی گالاکسی نۆوت حەوتی بڵاوکردۆتەوە ، لە وێنەکەشدا ئەوە دەردەکەوێت کە شاشەی مۆبایلەکە چەماوەییە و لە بەشی سەرەوەشدا دوو کامێرا بوونی هەیە ، لەگەڵ بوونی کامێرایەکی تر کە پێشبینی دەکرێت تایبەت بێت بۆ بەکارهێنانی تایبەتمەندی Iris Scanner ، كە ئەم تایبەتمەندییە بەکاردێت بۆ پشکنین و کردنەوەی قفڵی مۆبایلەکە لەڕێگای چاوەوە ، ئەمەش پارێزراوی زیاتر دەدات بە مۆبایلەکە.

کەواتە پێشبینی دەکرێت Galaxy Note 7 شاشەیەکی دوو لای چەماوەیی وەک گالاکسی ئێس حەوت ئێج هەبێت ، هەروەها پێدەچێت شاشەکەی تەنکتر بێت لەچاو Galaxy S7 Edge.سەبارەت بە شاشەکەیشی ، بەپێی هەواڵی چەند پێگەیەک ، قەبارەی شاشەکەی ٥.٧ ئینچ دەبێت.
ئەمەی خوارەوە بەراوردی دوو وێنەی دزەپێکراوی گالاکسی نۆوت حەوتە بە گالاکسی ئێس حەوت ئێج:

هەروەها پێگەی Weibo ـی چینی نوێترین وێنەی دزەپێکراوی Galaxy Note 7 بڵاوکردۆتەوە بە هەمان ئەو شێوەیەی کە پێشتر باسمان کرد ، هەروەها بەگوێرەی وێنەکەش گالاکسی نۆوت حەوت بە چوار ڕەنگ کە بریتین لە (ڕەش،زیوی،شین،گوڵی زێڕی) بەردەست دەبێت:

بەگوێرەی نوێترین هەواڵ و پڕوپاگەندەکان ، ئەمانە تایبەتمەندییە پێشبینیکراوەکانی گالاکسی نۆوت حەوتن :
- شاشە:٥.٧ ئینچ بە ڕوونی Quad HD (٢٥٦٠ بە ١٤٤٠) و لە جۆری Super AMOLED
- ڕام:٦ گێگابایت
- کامێرای پشتەوە:١٢ مێگاپیکسڵ
- کامێرای پشتەوە: ٥ مێگاپیکسڵ
- بیرگەی ناوەکی:٦٤ گێگابایت ، ١٢٨ گێگابایت
- توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 2K
- باتری:٣٦٠٠ تا ٤٠٠٠ میلی ئەمپێر لە کاژێرێکدا
- بوونی تایبەتمەندی پشکنەری چاو (Iris Scanner)
- بوونی تایبەتمەندی دژە ئاو
- پشتگیری کردن لە بیرگەی دەرەکی
- بە چوار ڕەنگ (ڕەش،زیوی،شین،گوڵی زێڕی) بەردەست دەبێت
هەروەها پێشبینی دەکرێت ٢ ی مانگی داهاتوو مۆبایلەکە ڕابگەیەنرێت و ١٥ ی هەمان مانگیش دەست بە فرۆشتنی دەکرێت.
سەرچاوە: Android Authority – Slash Gear
ئەنەس هاوار
هەوڵدەدەم بۆ باشترکردنی ڕەوشی تەکنەلۆژیا لەکوردستان و هۆشیارکردنەوەی خەڵکیی لەڕێگەی هەواڵ و زانیاری تەکنەلۆژیی.