ئای ئۆ ئێس 17, ته‌مموز 2016

چەند ئامار و زانیارییەک لەسەر یاری Pokémon Go

KITN-PokemonGO

یاری Pokémon Go كە یارییەکی بێ بەرامبەری مۆبایلە زیرەکەکانە و پشت بە شوێنی بەکارهێنەر دەبەستێت، ڕۆژ بە ڕۆژ بەکارهێنەرانی ڕووی لە زیادبوونە و لە ئێستاشدا گەرمترین هەواڵەکان لەسەر ئەو یارییەن. ئەم یارییە کە یارییەکی ڕاستەقینەی خۆڕاییە، لەسەر بنەمای شوێنی بەکارهێنەر کاردەکات ئەمەش بۆ دۆزینەوەی ئەو دروستکراوانەی کە لە یارییەکەدا بوونیان هەیە. ئەم یارییە لەلایەن کۆمپانیای Niantic ـی ئەمریکی گەشەی پێدراوە و بۆ دروستکردنی یارییەکەش پشت بە بزوێنەری Unity بەستراوە، هەروەها لەلایەن کۆمپانیای Pokémon بڵاوکراوەتەوە.

یارییەکە لەم مانگەدا بڵاوکرایەوە و سەرجەم بەکارهێنەران لە هەردوو سیستمی وەگەڕخەری Android و iOS دەتوانن یاری پێبکەن. ئەم یارییە ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدات بۆ گرتن، پێکدادان و هەروەها ڕاهێنانی دروستکراوەکانی ناو یارییەکە، کە ئەم دروستکراوانە ناونراون بە Pokémon. هەروەها یارییەکە سوود لە هەردوو تایبەتمەندی کامێرا و شوێن (GPS) ـی بەکارهێنەر دەبینێت بۆ ئەنجامدانی تەواوی تایبەتمەندییەکانی ناو یارییەکە. Pokémon Go لە بنەڕەتدا یارییەکی بێ بەرامبەر و خۆڕاییە و سەرجەم بەکارهێنەران دەتوانن دایبمەزرێنن لەسەر مۆبایلەکانیان، بەڵام لە هەمان کاتدا پشتگیری لە کڕینی ناوخۆیی دەکات بۆ یارییەکە.

ئەم یارییە بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو و زۆر خێرا توانی گەشەبکات، بەشێوەیەک کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا چەندەها تۆماری پێوانەیی شکاند و بوو بە یەکێک لەو ئەپانەی کە زۆرترین جار بەکارهێنراون. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێگەی SimilarWeb چەند ئامارێکی لەسەر بەکارهێنەرانی ئەو یارییە بڵاوکردەوە بە بەراورد لەگەڵ ئەپ و یارییەکانی تر، لە ئامارەکانیشدا دەردەکەوێت کە Pokémon Go لەڕووی بەکارهێنانەوە تۆماری پێوانەیی هەریەک لە فەیسبووک و سناپچات و تویتەری شکاندووە، هەروەها لە یارییەکانیشدا سەرکەوتووە بەسەر یارییەکانی Candy Crush Saga و Clash Royale و Slither.io، ئەمانەی خوارەوە چەند ئامارێکی یارییەکەن:

  • ڕێژەی دامەزراندنی یارییەکە لەسەر سیستمی وەگەڕخەری ئەندرۆید و ژمارەی بەکارهێنەرانی ڕۆژانە:

DataKITN

  • ڕێژەی بەکارهێنەرانی ڕۆژانەی یارییەکان (بە ملیۆن):

Data2KITN

  • ڕێژەی بەکارهێنانی ڕۆژانە بەپێی کات:

Data3Kitn

ئەم یارییە چەندەها کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی کۆبوونەوەی خەڵک لە یەک شوێن ئەویش بۆ گرتنی دروستکراوەکانی یارییەکە، لە زانکۆی فلۆریدای نێودەوڵەتیی سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆمەڵێک خوێندکار کۆبوونەتەوە بە مەبەستی دۆزینەوەی دروستکراوێکی یارییەکە بە ناوی “Haunter”.

Pokémon_GO_gathering

جگە لەمەش ئەم یارییە بووە هۆی برینداربوونی چەند کەسێک و توندوتیژی تێدا کەوتەوە، هەر لەبەر ئەمەش لە زۆرێک لە شەقامەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شۆفێران ئاگاردەکرێنەوە کە یارییەکە نەکەن لە کاتی شۆفێریدا، وەک ئەم دیمەنەی خوارەوە کە لە یەکێک لە شەقامەکانی ویلایەتی فلۆریدا ئەم ئاگادارییە نووسراوە “Pokémon Go بۆ یاریکردن نییە لە کاتی شۆفێریدا”:

Pokémon_Go_traffic_advisory_(day-crop)

  • بۆ داگرتنی یارییەکە:

AndroidDagrtn

iOS-Dagrtn

بۆچونی تۆ