بابەتی گرینگ 21, ئاب 2016

گشت زانیارییەکان دەربارەی هەموو ئەو جۆرانەی کەیبڵ کە لە ڕایەڵەدا (نێتۆرکدا) بەکاردێن

cable-typesلە بابەتی ئەمجارەدا ڕوونکردنەوە دەدەین لەسەر هەموو ئەو جۆرانەی کەیبڵ کە لە کاتی دروستکردنی ڕایەڵەیەک دەکرێت بەکاربێن، وە هەروەها باس لە توانستی هەر جۆرێک دەکەین بۆ گواستنەوەی داتا و زانیاریەکان لە ڕووی خێراییەوە.

بەشێوەیەکی گشتی جۆرەکانی کەیبڵ دەبن بە دوو بەشەوە، بەشێکیان لە ڕابردوودا بەکاردەهاتن و ئێستا بەکار نایەن و هەندێکی دیکەش لە ئێستادا بەکاردێن و سوودیان لێوەردەگیرێت.

  • جۆری یەکەم: Coaxial
    ئەم جۆرە کەیبڵە لە پێشوودا بەکاردەهات و شێوەی لە ئەو کەیبڵە دەکات کە لە ئامێری سەتەلایت بەکاردێت، بەڵام جیاوازیان لەگەڵ ئەو کەیبڵە لە توانا و جۆرایەتی دایە. بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت بە دوو جۆرەوە :
  1. جۆری ئەستوور thick
  2. جۆری باریک thin

جیاوازی ئەم دوو جۆرە (جۆری ئەستور و باریک)  لە ئەو  دووریەدایە کە دەکرێت بەکاربێن بە شێوەیەک بتوانن داتا و زانیاریەکان بگوازنەوە کە جۆرە ئەستورەکە دەتوانێت داتاکان بۆ دووری ٥٠٠م بگوازێتەوە بەڵام جۆرە باریکەکەیان تەنها بۆ ١٨٥م دەتوانرێت بەکاربێت بۆ گواستنەوەی داتاکان.

cable1

  • جۆری دووەم :Twisted pair
    ئەم جۆرەیان لە ئێستادا زۆرترین بەکارهێنانی هەیە و باوترین جۆرە لەناو جۆرەکانی کەیبڵی بەکارهاتوو لە ڕایەڵەدا. شێوەی ئەم کەیبڵە وەک ئەو کەیبڵە وایە کە لە ئامێری تەلەفۆنی نۆرماڵی ماڵان بەکاردێت بەڵام ئەمجۆرە لە ٨ تاڵ وایەری ناوەکی پێکدێت بە پێچەوانەی کەیبڵی تەلەفۆنی ماڵان کە لە ٢ تاڵ وایەری ناوەکی پێکدێت، وە بۆیە بەم ناوەوە ناونراوە چونکە هەموو ٢ تاڵ وایەری ناوەکی بەدەوری یەکتردا پێچراون  و ٤ تاڵی جووت وایەری پێکدێنن، وە کۆتاییەکانی ئەم جۆرەی کەیبڵ بە RJ45  دەبەسترێتەوە.

ئەم جۆرەش دابەش دەبێت بۆ ٢ شێواز:

  1. Shielded twisted pair (UTP)
  2. Unshielded twisted pair (STP)

جیاوازیان ئەوەیە کە STP بە چینێکی دەرەکی پارێزراوە و لە کاریگەریی دەرەکی دەیپارێزێت ،بەڵام UTP  ئەو چینە پارێزەرەی بەدەوردا نیە.

cable2

ئەمەی خوارەوەش شێوازی کەیبڵێکە کە بە RJ45 کۆتایی هاتووە وەک لە وێنەکەدا دیارە:

cable3لە ڕووی توانست و بەکارهێنانەوە دابەش دەبن بۆ چەند جۆرێک، لەم وێنەیەوە جۆرەکان و توانای گواستنەوە و بەکارهێنانیان ڕوونکراوەتەوە:

  • جۆری سێیەم  Fiber
    ئەم جۆرەیان توانایەکی بەهێزی هەیە دەتوانرێت بۆ دووریەکی زۆر بەکاربهێنرێت، دەتوانێت بە خێرایی 40Gbps داتا و زانیاریەکان بگوازێتەوە، بەڵام بەکارهێنانی ئەم جۆرەیان کەسانی شارەزای دەوێت تاکو بتوانن بەکاری بهێنن، هەروەها بە شێوازی ڕووناکی لەیزەری داتاکان دەنێرێت بەناو ڕێڕەوێکی شووشەدا، هەر لەبەر ئەو هۆکارەش ناتوانرێت ئەم جۆرە کەیبڵە زۆر بنوشتێنرێتەوە. ئێستا ئەم جۆرە کەیبڵە بەکاردێت لە نێوان وڵاتاندا بۆ گواستنەوەی هێڵی ئینتەرنێت و هەروەها بە گرانترین جۆری کەیبڵ دادەنرێت.

چەند وێنەیەک بۆ زیاتر ئاشنابوون بەم جۆرە کەیبڵە:

cable5 cable6 cable7

بۆچونی تۆ