10
بابەتی گرینگ 31, ئاب 2016

سامسۆنگ کاتژمێری Gear S3ی ڕاگەیاند

GearS3

دوای ئەوەی ساڵی پار کۆمپانیای سامسۆنگ لە کۆنگرەیەکدا کاتژمێرێکی دەستی بە ناوی Gear S2 ڕاگەیاند، بۆ ئەمساڵیش درێژەی دا بە ڕاگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لەو کاتژمێرە بە ناوی Gear S3. ئەم کاتژمێرە بە دوو جۆری سەرەکی بەردەست دەبێت کە بریتیین لە جۆرەکانی (Classic, Frontier)، ئەم دوو جۆرە شێوە و ڕووکارێکی جیاواز لەخۆ دەگرن. جۆری یەکەمیان کە فرۆنتێرە پشتگیری لە تۆڕی ڕادیۆی 4G و بلوتوز دەکات، بەڵام جۆری کلاسیک جگە لەوەی پشتگیری لەو دوو تایبەتمەندییە دەکات، پشتگیری لە Wi-Fi دەکات. لە کاتژمێرەکەدا چەند تایبەتمەندییەک هاوشێوەی Gear S2 درێژەیان پێدراوە کە بریتیین لە توانای ئاسانکاری و خێرایی لە گەیشتن بە چەند ئەپێکی ناو کاتژمێرەکە و دەستکاری کردنی ڕێکخستنەکانی کاتژمێرەکە بە ئاسانی، جگە لەمەش ئەم کاتژمێرە نوێیە پشتگیری لە تۆڕەکانی 3G و 4G و LTE دەکات.

ئەم کاتژمێرە شێوەیەکی گەورەتری هەیە لە چاو کاتژمێری Gear S2، قەبارەی شاشەکەی ١.٣ ئینچە لەگەڵ ٤٦ میلی مەتری بازنەیی، بەڵام لە Gear S2 قەبارەی شاشەکەی ١.٢ ئینچە لەگەڵ ٤٢ میلی مەتری بازنەیی. جۆری شاشەی Gear S3 لە جۆری Super AMOLED ـە بە ڕوونی ٣٦٠ بە ٣٦٠ پیکسڵ، لەگەڵ بوونی پارێزەری Corning Gorilla SR+. ئەم کاتژمێرە نوێیە هەروەکو ئەوانی پێشتر بە سیستمی تایبەتی کۆمپانیای سامسۆنگ تایزن کاردەکات لەگەڵ بوونی پڕۆسێسەرێکی دوو-ناوکی بە خێرایی ١ گێگاهێرتز، هەروەها باتری ئەم کاتژمێرە ٣٨٠ میلی ئەمپێرە. هەروەها کاتژمێرەکە پشتگیری لە خزمەتگوزاری Samsung Pay دەکات بۆ ئەنجامدانی کاری بانکی و ئاڵوگۆڕ لەنێوان ئامێرە زیرەکەکان.

تا ئێستا سامسۆنگ زانیاری لەسەر نرخی ئەم کاتژمێرە نوێیە نەدرکاندووە، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا دەست بکرێت بە فرۆشتنی کاتژمێرەکە.

  • چەند وێنەیەکی کاتژمێرەکە:
بۆچونی تۆ