بابەتی گرینگ 31, ئاب 2016

سامسۆنگ هەناردەکردنی نۆت حەوت ڕادەگرێت دوای تەقینەوەی چەند مۆبایلێک!

Note7-Kitn

دوای ئەوەی کۆمپانیای سامسۆنگ لەم مانگەدا مۆبایلێکی نایاب و پێشکەوتووی ڕاگەیاند بە ناوی “Galaxy Note 7”، پاش چەند هەفتەیەک دەستی کرد بە فرۆشتنی ئەم مۆبایلە لە چەند فرۆشگایەک، لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتادا کڕیارانی مۆبایلەکە کێشەیان لە مۆبایلەکە بەدی نەکرد، بەڵام لە نوێترین پێشهاتدا ڕووداوی “تەقینەوەی مۆبایل” ـی یەکێک لە کڕیاران بەنێو پێگە تەکنەلۆژییەکان بڵاوبوویەوە.

هەر ئەمڕۆ کۆمپانیاکە لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی ڕۆیتەرز ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە لە ئێستادا کۆمپانیاکە هەناردەکردنی مۆبایلی نۆت حەوت و فرۆشتنی وەستاندووە، بەپێی وتەی کۆمپانیاکەش هۆکاری ئەم وەستاندنە دەگەڕێتەوە بۆ “تاقیکردنەوەی زیاتری مۆبایلەکە لە لایەنی پتەوی”، بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات لەسەر ئەو تاقیکردنەوانە.

بەڵام بە گوێرەی زۆربەی ڕاپۆرتەکان، هۆکاری ڕاستەقینە دەگەڕێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دوو ڕووداوی نامۆ کە لە مۆبایلەکەدا ڕوویداوە، ئەویش بریتییە لە تەقینەوەی باتری مۆبایلەکە لەکاتی بارگاوی کردنەوە.

Note-7-Explode

بەپێی بەشێک لە هەواڵەکان، لەبەر ئەوەی بارگاوی کردنەوەی مۆبایلەکە لەڕێگای تەلێکی دەرەکی (تەلەکە دروستکراوی سامسۆنگ نەبووە) بە دەرچەی USB Type-C ئەنجامدراوە بووەتە هۆی تەقینەوەی باترییەکەی، لە ماوەی پێشووشدا زۆرێک لە کۆمپانیاکان سامسۆنگیان ئاگادار کردەوە کە ئەو جۆرەی لە دەرچەی USB Type-C بەکارهاتووە لەلایەن سامسۆنگەوە بۆ مۆبایلی نۆت حەوت، جۆرێکی خراپە و لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکە ناگونجێت. کەواتە دەبێ بەکارهێنەرانی ئەو مۆبایلە وریابن لەو حاڵەتانە و نابێ بە هیچ شێوەیەک پەنا ببەنە بەر بەکارهێنانی تەلی تەزویر و زیاندار. لەگەڵ ئەوەی ئەمانە فەرمی نین و تەنها پێشبینی کراون، بەڵام بەپێی ڕای زۆربەی شارەزایان ئەمە کێشەیەکی بچووک نییە، بەڵکو کێشەیەکی گەورەیە و چاوەڕوانی ئەوە نەدەکرا کە کۆمپانیایەکی گەورەی وەکو سامسۆنگ ئەو جۆرە دەرچەیە بەکاربهێنێت! بێگومان ئەم دوو ڕووداوە کە تا ئێستا تۆمار کراون، نیگەرانییەکی زۆریان لێکەوتۆتەوە.

دەبێ چاوەڕوانی کۆمپانیاکە بین بۆ ڕوونکردنەوە و پێدانی زانیاری زیاتر لەسەر ئەم کێشەیە، وەستاندنی فرۆشتنی مۆبایلەکەش ئامانجی سەرەکی کۆمپانیاکەیە بۆ ئەوەی چی دیکە زیان بە کڕیاران نەگات و بە زووترین کات چارەسەری کێشەکە بکات.

سەرچاوە: ئەردرۆید

بۆچونی تۆ