ئەپڵ 8, ئه‌یلول 2016

پوختەی کۆنگرەکەی ئەپڵ، زانیاری تەواو لەسەر بەرهەمە نوێیەکان بزانە!

apple

دوێنێ شەو کاتژمێر ٨ بەکاتی هەولێر کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی لە شاری سانفرانسیسکۆی سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیا، کۆنگرەیەکی تایبەتی ئەنجامدا و لە کۆنگرەکەدا گرنگترین و نوێترین بەرهەمەکانی خۆی ڕاگەیاند. لە کۆنگرەکەدا، ئەپڵ دوو ئایفۆنی نوێی نایابی ڕاگەیاند بە ناوەکانی ئایفۆن ٧ و ئایفۆن ٧ پڵەس، هەروەها ڕاگەیاندنی کاتژمێرێکی هۆشمەندی نوێ بە ناوی ئەپڵ وۆچ ٢، جگە لەمانەش ئاماژەدان بە چەند بەرهەمێکی نوێی وەک AirPods و ڕاگەیاندنی کاتی گەیشتنی وەشانە نوێیەکان.

لە سەرەتادا کۆنگرەکە بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی تیم کوک دەستی پێکرد، لە ڤیدیۆکەشدا تیم کوک بە هاوبەشی لەگەڵ James Corden گۆرانی دەڵێت، دوای ئەوەش تیم هاتە سەر سەکۆ و بەخێرهاتنی میوانانی کرد.

steve

f1473267918

دوای ئەوە تیم کوک باسی لە خزمەتگوزاری Apple Music کردوو و ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستادا نزیکەی ١٧ ملیۆن بەکارهێنەر بەشدارن لە خزمەتگوزارییەکە. لە ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراویشدا، لەو کاتەدا هەژماری ئەپڵ لە تویتەر لە جریوەیەکدا و بەر لەوەی لە کۆنگرەکە باس لە ئایفۆنی نوێ بکرێت، وێنە و ناوی ئایفۆنی نوێی بڵاوکردەوە!

f1473268114

دوای ئەمانەش، میامۆتۆ هاتە سەر سەکۆ و باسی لە یارییەکی نوێ کرد بۆ سیستمی iOS کە بریتییە لە Super Mario Run.

f1473268229

ئەم یارییە مەودایەکی دوورودرێژ لەخۆ دەگرێت و یاریکەر دەتوانێت گەشت بەنێو نەخشەکەدا بکات و پارە کۆبکاتەوە، جگە لەمەش یارییەکە دۆخی یاری دوو کەسی لەخۆدەگرێت کە ڕێگە بە دوو کەس دەدات لەگەڵ یەکتر یاری بکەن و کێبڕکێ بکەن، شایەنی باسە یارییەکە لە ماوەی داهاتوودا لە کۆگای App Store بەردەست دەبێت.

screenshot_2

دوای باسکردنی ئەم یارییە، تیم کوک هاتەوە و باسی لە بواری پەروەردەیی و تێکەڵ بوونی لەگەڵ ئەپڵ کرد. ئاماژە بەوە درا کە لە ئێستادا ئەپڵ پەیوەندی لەگەڵ ١١٤ قوتابخانە و ٥٠ هەزار قوتابی هەیە، ئەم پەیوەندیەش بە مەبەستی هێنانەکایەی وانەی فێرکاری تایبەت بە کۆد داڕشتنە لەژێر دروشمی “هەموو کەسێک دەتوانێت کۆد بنووسێت”. دوای ئەوەش بە گشتی باس لە جیهانی کۆد داڕشتن کرا لەگەڵ خزمەتگوزاری iWorks.

screenshot_3

لێرەوە باسە گرنگەکە دەستی پێکرد! دوای هەموو ئەمانە، تیم کوک هاتەوە سەر سەکۆ و دەستیکرد بە باس کردنی بەرهەمە نوێیەکانی ئەپڵ! لەم بابەتەدا تەواوی زانیارییەکان لەسەر بەرهەمە نوێیەکانی ئەپڵ دەنووسین و بە ڕیزبەندی باسی تەواویان دەکەین، لەگەڵمان بن.

  • Apple Watch 2

applewatch2

دوای ئەوەی ڕۆژی ٢٤\٤\٢٠١٥ ئەپڵ یەکەمین کاتژمێری هۆشمەندی ڕاگەیاند بە ناوی Apple Watch، بۆ ئەمساڵیش کۆمپانیاکە هاتەوە مەیدان و کاتژمێرێکی نوێی ڕاگەیاند. لە سەرەتادا تیم کوک ئاماژەی بەوەدا کە کاتژمێری ئەپڵ ژمارەیەکی پێوانەیی لە فرۆشتن تۆمارکردووە و پێش زۆرێک لە بڕاند و ماڕکە جیهانییەکان کەوتووە.

f1473269142

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە لە ئێستادا ئەپڵ وۆچ یەکەمین و پێشکەوتووترینی کاتژمێرە هۆشمەندەکانە لەڕووی فرۆشییەوە. دوای ئەوە جێف ویڵیامز هاتە سەر سەکۆ و باسی سیستمی وەگەڕخەری watchOS کرد بە نوێترین وەشانی watchOS 3 و ئاماژەدان بە گۆڕانکارییەکانی ئەو وەشانە. دواتر باس لە یاری Pokemon GO کرا و ئاماژە بەوەدرا کە لەمەودوا بەکاربەرانی ئەپڵ وۆچ دەتوانن یاری بە پۆکیمۆن گۆ بکەن و چێژ لە یارییەکە وەربگرن.

f1473269533

کاتی ڕاگەیاندنی نەوەی نوێی کاتژمێری ئەپڵ هات! ویڵیامز هاتەوە سەر سەکۆ بۆ ڕاگەیاندنی نەوەی نوێی کاتژمێری ئەپڵ، لە سەرەتاشدا لەڕێگای کورتە ڤیدیۆیەکەوە ئەو کاتژمێرە نوێیە ناسێنرا.

f1473269773

f1473269734

ئەم کاتژمێرە نوێیە نەوەی دووهەمی زنجیرەکانی کاتژمێری ئەپڵە و دەناسرێت بە Apple Watch 2. دوای ئاماژەدان بەم کاتژمێرە نوێیە، لە سەرەتادا باس لە توانای دژەئاوی کاتژمێرەکە کرا و ئاماژە بەوە درا کە کاتژمێرەکە توانای خۆپاراستنی لە ئاو هەیە تا قووڵی ٥٠ مەتر! توانای خۆپاراستن و پتەوی کاتژمێرەکە زۆر زیاتر کراوە لەچاو پێشوو، بەکارهێنەر دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر لە سەلامەتی کاتژمێرەکەی دڵنیا بێت.

شاشەی ئەم کاتژمێرە لە جۆری نەوەی دووەمە و دوو هێندەی شاشەی ئەپڵ وۆچی پێشوو ڕووناکترە، بوونی پڕۆسێسەرێک کە بە ڕێژەی %٥٠ خێراترە، هەروەها پڕۆسێسەرێکی گرافیکی باشتر و دوو هێندە خێراتر.

screenshot_4

ئەم کاتژمێرە نوێیە بە تەواوی پشت بە خزمەتگوزاری GPS دەبەستێت.

f1473270117

ئەپڵ وۆچ ٢ چەند جۆر و شێوەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، ئەپڵ بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای نایک جۆرێکی تایبەتی لەو کاتژمێرە دروستکردووە و تیایدا ڕووکار و دیزاینێکی جیاواز لەخۆدەگرێت، ئەم جۆرەش ناونراوە بە Apple Watch Nike+.

f1473270449

ئەم کاتژمێرە زیاتر تایبەتە بە کەسانی وەرزشییەکان، چەند زانیارییەکی تایبەت لەخۆدەگرێت بۆ بواری وەرزشی و بەکارهێنەر لێی ئاگادار دەبێت. کاتژمێرەکە بە چوار ڕەنگ دروستکراوە لەسەر بنەمای ڕەنگەکانی ڕەش و سپی.

f1473270739

کاتژمێری ئەپڵ وۆچ زنجیرەی دووەم بە نرخی ٣٦٩ دۆلار بەردەست دەبێت بۆ فرۆشتن لە ١٦ ی ئەم مانگەوە، لەگەڵ توانای داواکاری پێشوەختە بۆ کڕینی ئەم کاتژمێرە نوێیە، داواکارییەکانیش لە ٩ ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکەن.

f1473270790

بە کورتی، جیاوازی ئەم کاتژمێرە نوێیە بە بەراورد لەگەڵ ئەپڵ وۆچ ١:

  • شاشەیەکی باشتر و دوو هێندە ڕووناکتر
  • پڕۆسێسەرێکی دوانی باشتر و %٥٠ خێراتر
  • پڕۆسێسەرێکی گرافیکی خێراتر
  • بوونی پاڵپشتی تەواو بۆ خزمەتگوزاری GPS
  • بوونی خۆپاراستنێکی زۆر پێشکەوتوو دژی ئاو تا قووڵایی ٥٠ مەتر
  • لەخۆگرتنی چەندەها شێوە و ڕووکاری جیاواز
  • دانانی چەندەها ڕووکاری سەرەکی شاشە بۆ کاتژمێرەکە
  • دروستکردنی جۆرێکی تایبەت بە وەرزشوانان بە ناوی Nike+
  • ئایفۆن ٧ و ٧ پڵەس

iphone7-and-7-plus

پێش ڕاگەیاندنی ئایفۆنی نوێ، تیم کوک هاتە سەر سەکۆ و باسی لە چەند ئامار و زانیارییەک کرد. تیم ئاماژەی بەوەدا کە ئەپڵ تاکو ئێستا زیاتر لە ١ بلیۆن ئایفۆنی فرۆشتووە. دوای ئەوە باسی لە گۆڕانکاری و نوێکارییەکانی وەشانی ئای ئۆ ئێس ١٠ کرد. ئینجا بابەتە گرنگەکەی کۆنگرە دەستیپێکرد! تیم کوک نەوەی نوێی ئایفۆنی ڕاگەیاند بە دوو جۆری نوێ، ئەو دوو جۆرەش بریتین لە ئایفۆن ٧ و ئایفۆن ٧ پڵەس، لە خوارەوەدا زانیاری تێروتەسەل لەسەر ئایفۆنی نوێ باسکراوە و دەتوانیت گشت تایبەتمەندییەکانی ئایفۆنی نوێ بزانیت.

screenshot_5

  • دیزاین

design

دیزاین و شێوەی ئەم دوو ئایفۆنە نوێیە زۆر نزیکن لە دیزاینی ئایفۆن ٦ ئێس. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، چەند گۆڕانکارییەکی سەرەکی کراون لە ئایفۆنی نوێدا. لەم ئایفۆنەدا، ئەلەمنیۆمی زنجیرەی ٧٠٠٠ بەکارهاتووە کە ڕووکارێکی سەرنجڕاکێشی پێداوە، هەروەها ئەم دوو ئایفۆنە نوێیە شاشەیەکی نایاب و سەرنجڕاکێش لەخۆ دەگرن.

ئایفۆنە نوێیەکان بە پێنج ڕەنگ بەردەستن کە بریتیین لە (زێڕی، گوڵی زێڕی، زیوی، ڕەش، ڕەشی قەترانی)، ئەو ڕەنگەی کە گرنگییەکی زۆری پێدراوە لە ئایفۆنی نوێدا بریتییە لە ڕەشی قەترانی، ئەم ڕەنگە شێوە و دیزاینێکی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە و بەکارهێنەر سەرسام دەکات.

design_hero_large

یەکێکی تر لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئایفۆنی نوێ، بریتییە لە توانای خۆپاراستن دژی ئاو و خۆڵ و تۆز. لە ئایفۆنی نوێدا تەکنەلۆژیای IP67 بەکارهاتووە کە توانای خۆپاراستنی زۆر دەدات بە ئایفۆنەکە دژی ئاو و تەنانەت خۆڵ و تۆز، بەمەش ئەم دوو ئایفۆنە نوێیە پارێزراوی زیاتر وەردەگرن.

یەکێکی تر لە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی ئایفۆنی نوێ، بریتییە لە گۆڕینی دوگمەی سەرەکی ئایفۆن لە دوگمەیەکی پارچەیی ڕەقەکاڵاییەوە بۆ دوگمەیەکی لەمسی خێرا و ئاسان.

screenshot_6

لەڕێگای ئەم دوگمەیەوە دەتوانیت کاری پەنجەمۆر (Touch-ID) ئەنجام بدەیت، ئەمە جگە لە بەڕێکردنی کارەکانی Apple Pay و ڕێکخستنی ئایفۆن و چەندەها کاری تر لەڕێگای ئەم دوگمەیەوە.

  • کامێرا

camera

یەکێکی تر لە خاڵە هەرە گرنگەکانی نوێکاری ئایفۆنی نوێ، بریتییە لە کامێراکەی. ئەپڵ لە ساڵانی ڕابردوودا، دەتوانین بڵێین گرنگی پێویستی بە کامێرا نەدەدا، بەڵام بۆ ئەمساڵ، ئەوەی بۆ هەموو کەسێک پشتڕاستکردەوە کە توانای بەرهەمهێنانی کامێرای پێشکەوتووی هەیە، کامێرای یەک هاوێنەیی ئایفۆن ٧ و دوو هاوێنەیی ئایفۆن ٧ پڵەس ئامانجی ئەپڵن بۆ بەرەو پێشبردنی بواری کامێرای ئایفۆن.

ڕوونی کامێرای پشتەوەی ئەم دوو ئایفۆنە نوێیە ١٢ مێگاپیکسڵە بە پشت بەستن بە تەکنەلۆژیای OIS بۆ جێگیرکردنی کامێراکە لە کاتی گرتنی وێنە، هەروەها ڕوونی کامێرای پێشەوە ٧ مێگاپیکسڵە، کامێرای ئەم دوو مۆبایلە ڕووناکی (فلاش)ـێکی زۆر باش لەخۆدەگرن لە جۆری Quad-LED و دەبێتە یارمەتیدەری کامێراکە بۆ بارودۆخی تاریکی.

هەروەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەپڵ گرنگییەکی زۆری بە کامێرای ئایفۆنە نوێیەکان داوە، کۆمپانیاکە شەش هەستەوەری جۆراوجۆر بەکارهێناوە بۆ کامێرای ئایفۆنەکان، کە یارمەتییەکی زۆری کامێراکە دەدات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستەکەی و گونجاندنی لەگەڵ کەش و هەوای تاریک.

camera_lens_large

ئەو تەکنەلۆژیای جۆری OIS کە لەم دوو ئایفۆنە نوێیەدا بەکارهاتووە %٥٠ باشتر و جێگیرترە لە چاو ئایفۆن ٦ ئێس. کامێرای ئەم دوو ئایفۆنە %٥٠ ڕووناکترە لەچاو ئایفۆن ٦ ئێس، ئەمەش بە بەکارهێنانی ڕووناکی Quad-LED. جگە لەمانەش، بواری تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە کامێراکە گەشەی پێدراوە و ڕووناکیەکی زیاتری هەیە لە حاڵەتی تاریکیدا، لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە کە دەتوانرێت ڤیدیۆ بە ڕوونی 4K تۆمار بکرێت!

screenshot_7

بەپێی وتەی ئەپڵ، لە کامێرا ئەم دوو ئایفۆنەدا چەندەها تەکنیکی نوێ و پێشکەوتوو بەکارهاتووە و کامێراکە بە ئاستێکی زۆر بەرزەوە کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات.

screenshot_8

ئەمە بە شێوەیەکی گشتی لەسەر کامێرای ئایفۆن ٧، لەگەڵ ئەوەی لە کامێرای دوو هاوێنەیی ئایفۆن ٧ پڵەسیشدا زۆربەی ئەو تەکنیکانە بەکارهاتوون، بەڵام بێگومان کامێرای ئەمەیان پێشکەوتووترە لەچاو ئایفۆن ٧. گرنگترین گۆڕانکاری کە ئەپڵ لە ئایفۆنێکی نوێدا ئەنجامی دا، بریتییە لە دانانی کامێرای دوو هاوێنەیی بۆ ئایفۆن ٧ پڵەس. لەم دوو هاوێنەیەدا چەندەها تەکنیک و هەستەوەر بەکارهێنراون.

plus_camera_mechanics_large

  • شاشە

display

ئەپڵ هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، بۆ ئەمساڵیش پەرەی بە شاشەی ئایفۆنە نوێیەکان داوە و باشتر کراوە لەچاو شاشەی ئایفۆنی پێشوو. شاشەی ئەم دوو ئایفۆنە نوێیە %٢٥ ڕووناکترە لەچاو ئایفۆن ٦ ئێس، ئەمە جگە لەوەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکارهاتووە بۆ پێدانی توانایەکی بەرز بە شاشەکە.

قەبارەی شاشەی ئایفۆن ٧ (٤.٧ ئینچ) ـە بە ڕوونی ١٣٣٤ بە ٧٥٠ پیکسڵ، لە بەرامبەردا قەبارەی شاشەی ئایفۆن ٧ پڵەس (٥.٥ ئینچ) ـە بە ڕوونی ١٩٢٠ بە ١٠٨٠ پیکسڵ.

display_sizes_large

  • پڕۆسێسەر

proccessor

دوای بەرهەمهێنانی ٩ جۆری جیاوازی پڕۆسێسەر لەلایەن ئەپڵەوە، ئەمجارە ئەپڵ هەنگاوی نا بۆ ڕاگەیاندنی نەوەی دووەمی پڕۆسێسەرەکانی بە ناوی A10. ئەم پڕۆسێسەرە کە لەم دوو ئایفۆنە نوێیە بەکارهاتووە، دوو هێندەی پڕۆسێسەری ئایفۆن ٦ خێراترە، ئەمە جگە لەوەی کە ئەم پڕۆسێسەرە پشتگیری لە درێژترین ڕێژەی تەمەنی باتری ئایفۆن دەکات کە لە پێشوودا نەبووە.

ئەم پڕۆسێسەرە لە جۆری چوار ناوکییە و خێراییەکی باشی هەیە، ئەمەش توانای زیاتر دەدات بە ئایفۆنەکان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر و خێراتر ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن، جگە لەمەش، پڕۆسێسەری وردی گرافیک گەشەی پێدراوە و ٣ جار خێراترە لەچاو ئایفۆن ٦.

یەکێکی تر لە گۆڕانکارییە گرنگەکانی ئایفۆنی نوێ، زیادکردنی بیرگەی ناوەکییە تا ٢٥٦ گێگابایت، هەروەها ماڵئاوایی کرا لە بیرگەی ١٦ گێگابایتی و لەم دوو ئایفۆنە نوێیەدا بیرگەی ناوەکی بە فراوانی ٣٢ گێگابایت، ١٢٨ گێگابایت و ٢٥٦ گێگابایت بەردەست دەبێت.

  • دەنگ

audio

گرنگترین گۆڕانکاری لە ئایفۆنی نوێدا سڕینەوەی دەرچەی بیستۆکی گوێیە. ئەمە یەکێک بوو لە بەرچاوترین نوێکارییەکانی کۆمپانیای ئەپڵ بۆ ئایفۆنی نوێ، ئەمەش بۆ پێدانی تەنکی و ڕوونیەکی باشتر بە ئایفۆنەکە. لەمەودوا بەکارهێنەران دەتوانن لەڕێگای دەرچەی بارگاوی کردنەوەوە بیستۆکەکانیان بەکاربهێنن بۆ پەیوەستکردنی بە ئایفۆنەکە.

screenshot_10

تەنها ئەوەندە نا، بەڵکو گۆڕانکارییەکی تریش ئەنجامدراوە کە زۆر گرنگە بۆ سیستمی دەنگیی ئایفۆنەکە. لە ئایفۆنی نوێدا دوو بڵندگۆ لە جۆری ستیریۆ دانراون کە دەنگەکەیان دوو هێندەی ئایفۆن ٦ ئێس بەرزتر و ڕوونترە.

یەکێکی تر لە بەرهەمە نوێیەکان، بریتییە لە بیستۆکی AirPods، ئەپڵ دوای ڕاگەیاندنی ئایفۆنی نوێ و لە بڕگەی دەنگیدا ئاماژەی بەم بەرهەمە نوێیەدا.

  • AirPods

airpods

ئەم بیستۆکە زیرەکە بووە جێگای سەرنجی ئامادەبووان و ڕۆژنامەنووسان چونکە لە تایبەتمەندیەکانیدا هاتووە کە ئاسانکاریەکی باش دەکات بۆ گوێ، ئەمەش لە ڕێگای لاشەیەکی ڕاستەقینەوە کە بۆ گوێیەکانت دروست کراوە، ئەوەش پێویستە بڵێین کە دیزاینی بیستۆکەکە هەمان دیزاینی بیستۆکەکانی پێش خۆیەتی بەڵام ئەوەی ئەم بیستۆکە لەوانی تر جیا دەکاتەوە تایبەتمەندیە بەرزەکانیەتی لە چاو بیستۆکەکانی تری ئەپڵ، لەوانەش توانای پەیوەستکردنی بیستۆکەکە بە ئایفۆن لەڕێگای بێ تەل!

  • تایبەتمەندیەکانی ئەم بیستۆکە:
  • گەیەنەری دەنگ بە وایفای بێ بوونی هیچ وایەرێک (بێ تەل)
  • چالاککردنی تایبەتمەندی سیری بە دوو کرتە
  • باتری بە توانستی ٥ کاتژمێر
  • خاوەن چیپی W1 کە وا لە وایفای بیستۆکەکە دەکات باشتر و باشتر بگەیەنێت.
  • لە تایبەتمەندی سیری دا دەتوانیت فەرمان بکەیت بە دەنگ بۆ زیاد کردنی میوزیک یان دەنگی بیستۆکەکە، یاخود دۆزینەوەی
  • نزیکترین شوێن کاتێک بتەوێت بڕۆیت بۆ شوێنێک و بتەوێت نزیکترین شوێن بدۆزیتەوە، هەروەها فەرمان کردن بە پەیوەندی تەلەفۆنی و پێکردنی میوزیک و گۆرانی.

شایەنی باسە ئەم بیستۆکە زیرەکە لە مانگی ۱۰ ی ئەمساڵ بەردەست دەبێت بە نرخی ١٦٠ دۆلار.

  • ئەم دوو ئایفۆنە نوێیە لە بەرواری ١٦ ی ئەم مانگەوە دەست دەکرێت بە فرۆشتنیان، لەگەڵ توانای داواکردنی پێشوەختە کە لە بەیانیەوە دەستپێدەکات. سەبارەت بە نرخەکانیان، نرخی ئەم دوو ئایفۆنە بەم شێوەیە دەبێت:

7plus

  • لەکۆتاییدا و دوای ڕاگەیاندنی ئەم بەرهەمە نوێیانە، ئەپڵ ئاماژەی بەوەدا کە وەشانەکانی iOS 10 و watchOS 3 و tvOS 10لە ١٣ ی ئەم مانگەدا دەگات بە بەکارهێنەران، هەروەها وەشانی macOS Sierra ڕۆژی ٢٠ ی ئەم مانگە دەگات.
بۆچونی تۆ