ئەندرۆید
8, تشرینی دووەم 2016
ئێستا دەتوانیت سیستەمى (ئەندرۆید ئۆتۆ) لەسەر هەموو ئۆتۆمبێلێک کار پێبکەیت!

کۆمپانیاى (گوگڵ)ى ئەمریکى ٢ ساڵ پێش ئێستا سیستەمێکى ناوازەى تایبەت بە ئۆتۆمبێلەکان ڕاگەیاند بەناوى (ئەندرۆید ئۆتۆ – Android Auto) کە شوێن فەرمانە دەنگییەکان دەکەوت بۆ ناردنى نامە و پەیوەندیکردن و دیاریکردنى ئاڕاستەى شوێنەکان زۆر بەئاسانى، جگە لەبوونى هەزارەها ئەپڵیکەیشنى بەسوود تێیدا کە دەتوانین بڵێین ئەمانە وایان سیستەمەکە کردبوو ببێت بە کارئاسانیەکى تەواو بۆ ژیانى شۆفێران!
بێگومان دەستخستنى سیستەمێکى ئاوەها ناوازە قورسە بەتایبەتى دەبێت ئۆتۆمبێلەکە لەبنچینەدا پشتگیرى ئەم سیستەمە بکات ئەوسا کار دەکات، یاخود دەبێت سیستەمەکە بۆ ئۆتۆمبێلەکە زیاد بکەیت و بۆى ببەستیت کە ئەمەیش تێچوەکەى زۆرە، هەموو ئەم پێداویستیانە بۆ دەستخستنى ئەم سیستەمە لەئێستادا کۆتایی پێهات ئەمەیش دواى ئەوەى گوگڵ دوێنێ بەردەستبوونى تەواوى سیستەمەکەى لەسەر مۆبایلە ئەندرۆیدەکان ڕاگەیاند!
کۆمپانیا بەنێوبانگەکە دوێنێ لە بڵۆگى فەرمى خۆى هەواڵەکەى ڕاگەیاند و جەختى لەوە کردەوە سیستەمەکە بە نوێکردنەوەیەک بۆ ئەپڵیکەیشنى (Android Auto) بەتەواوى بەردەست دەبێت، ئەمەیش لەکاتێکدایە کە پێشووتر ئەپڵیکەیشنەکە تەنها کارى ئەوەبوو مۆبایلەکە بە ئۆتۆمبێل پەیوەست بکات و بەکاربەر بەهۆیەوە بتوانێت دەستکارى ڕێکخستنەکان بکات، بەڵام دواى ئەم نوێکردنەوەیە سیستەمى ناوبراو بەتەواوى لەسەر ڕوونما(شاشەى) مۆبایلەکە بەردەست دەبێت و بەکاربەر دەتوانێت هەموو ئەرکەکانى سیستەمەکەى پێ راپەڕێنێت.

تا ئەم ساتە نوێکردنەوەکە بۆ ئەپڵیکەیشنى (Android Auto) لەسەر کۆگاى گوگڵ پلەى بەردەست نییە، بەڵام لە چەند ڕۆژى داهاتوودا نوێکردنەوەکە بەردەست دەبێت و گشت بەکاربەرێکى مۆبایلى ئەندرۆید دەتوانێت کار بەسیستەمى (ئەندرۆید ئۆتۆ) بکات تەنها لەسەر مۆبایلەکەى!
بۆ داگرتنى ئەپڵیکەیشنى (Android Auto) لەکۆگاى گوگڵ پلەى کرتە بکە
س/ ئەردرۆید
دیاری شێرزاد
"خوێندکارى بەکالۆریۆسى زمان و ئەدەبى (ئینگلیزى)م لە ز.سەڵاحەددین، هاوکات بەڕیوەبەرى نووسین و نوسەرم لە کەى ئاى تى ئێن؛ به شێوهیەكی گشتگیر لهگهڵ تهكنهلۆژیای تازه تێكهڵم، به تایبهتیش له سیستهمى وەگەڕخەرى مۆبایلە هۆشمەندەکان (ئەندرۆید). لەهەوڵدام بۆ ئەوەى ههموو تاكێكی كورد سوودمهندبن له تهكنهلۆژیا و شتێكی ئهوتۆ دهربارهی تهكنهلۆژیا فێرببن و لەگەڵ پێشکەوتنەکانیدا بڕۆن، هاوکات هەواڵ و بابەتە گەرمەکانى ڕۆژانەى تەکنەلۆژیا بەزمانێکى پاراو و پەتى کوردى بخوێننەوە".