بابەتی گرینگ 16, تشرینی دووه‌م 2016

ئایا دەنگۆى لابردنى ئیمۆجى سەر وێنەکان ڕاستە؟!

emoji

وەک دەزانین لە کۆنەوە تاوەکو ئێستاشى لەگەڵدا بێت لەنێو نەتەوەى کورددا بڵاوبونەوەى وێنەى ئافرەت شتێکى ئاسایی و باو نییە و تەنانەت بۆتە بەشێک لە کلتورى نەتەوەکەمان، بەم هۆیەوە ئافرەتان و خانمانى کورد ترسیان هەیە لە بڵاوکردنەوەى وێنەکانیان بۆیە هەندێکجار لەکاتى بڵاوکردنەوەى وێنەى خۆیان هەڵدەستن بە دانانى دەمووچاوە هەست دەربڕەکان ناسراو بە (ئیمۆجى) بۆسەر دەموچاویان تاوەکو دەموچاویان بشارنەوە، بەداخەوە ماوەیەکە لێرە و لەوێ و تاک و تەرا لەهەندێک  پێگە و میدیا کوردیەکان هەواڵى ئەوە بڵاودەبێتەوە کە گوایە بەهۆى چەند ئەپڵیکەیشنێکەوە دەتوانرێت ئەم ئیمۆجیانەى کە لەسەر وێنەکان دادەنرێت لاببرێن و دەمووچاوەکان دەردەخات! لەم بابەتەدا دەمانەوێت بزانین ئایا دەنگۆى لابردنى ئیمۆجى سەر وێنەکان ڕاستە و هیچ بنچینەیەکى هەیە؟!

  • سەرەتا با بزانین ئایا شتى ئاوەها دەکرێت؟!

نەخێر، بەهیچ شێوەیەک شتى ئاوا ناکرێت و بگرە ئەستەم و مەحاڵە! بیرکردنەوە لەم کردارە ژیرانە نییە و هیچ ڕێگەى تێناچێت چونکە لەکاتى زیادکردنى هەر چینێک بۆسەر وێنەیەک لەکاتى زەخیرەکردن و بڵاوکردنەوەى وێنەکە ڕاستەوخۆ گشت چین(لایەر)ەکان دەبن بە یەک چینى هاوتا و هیچ بەرنامە و کردە و شێوازێک تواناى دەرخستنى دواوەى ئەو چینانەى نییە و تواناى نییە بەشێکى شاراوە لە وێنەکان لاببات!

  • ئەى ئەو ئەپڵیکەیشنانە چین کە گوایە ئەم کردارە دەکەن؟!

ئەو ئەپڵیکەیشنانەى کەوا لە بابەتە درۆینەکاندا بڵاوکراوەتەوە ڕاستە کاریان لابردنى بەشێکى وێنەیە بەڵام ئەو چینەى کە لاى دەبات بەبەشێکى ترى وێنەکە پڕى دەکاتەوە واتە لەکاتى لابردنى ئەو بەشەى کە تۆ دیارى دەکەیت ئەوا بەشێکى ترى وێنەکە دەچێتە شوێنى ئەو جێگەیەى کۆ تۆ دەتەوێت بیسڕیتەوە! ئایا ئەگەر ئەم ئیمۆجیەى سەر وێنەکەمان دیارى کرد و لامان برد چی ڕوودەدات؟! بەبێ گومانى و بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت دەموچاوەکە دەرخات کاتێک تۆ ئیمۆجیەکە دیارى دەکەیت ئەوا ڕاستەوخۆ بەبەشێکى ترى وێنەکە شوێنى ئیمۆجیەکە پڕدەکاتەوە! لەکاتێکدا دەمووچاوى کەسەکە شاردراوەتەوە لەوێنەکە لەکوێ ئەم دەمووچاوە بدۆزێتەوە و دەرى بخات ئاخۆ ئەپڵیکەیشنەکە وێنەکێشە و خۆى دەمووچاوەکە دروست دەکات نەمانزانیوە! تەنانەت بیرکردنەوە لەمە ئاقڵانە نییە و لۆژیکى نییە!

  • بەڵگە چییە بۆ ئەوەى کە قسەکانم ڕاستە؟!

باشترین بەڵگە کە من پێشکەش بەئێوەى بکەم خودى ئەو ئەڵیکەیشنانەیە کە لە بابەتە درۆینەکاندا بڵاوکراوەتەوە! دەتوانن خۆتان ئەپڵیکەیشنەکە دابگرن و تاقیبکەنەوە ئەوسا ڕاستى و دروستى بابەتەکە بەچاوى خۆتان دەبینن!

یەکێک لەو هەواڵانەى کە لە پێگەیێک بڵاوکراوەتەوە
یەکێک لەو هەواڵانەى کە لە پێگەیێک بڵاوکراوەتەوە
[su_note]ئامانجى ئێمە لەبڵاوکردنەوەى ئەم بابەتە تەنها بەرچاوڕوونى خوێنەرانمانە لە ڕاستى و دروستى ئەم کارە و لابردنى دوودڵى ئەو خانم و ئافرەتە بەڕێزانەیە کەوا لەو ماوەیەدا دوودڵ بوون و ترسیان لەدڵدا پەیدابووە بەهۆى ئەم هەواڵە درۆینانەوە! بەداخەوە ئەمە یەکەمجار نییە و دوایین جاریش نابێت کە هەندێک لە پێگە کوردییەکان بەبێ گوێدانە ڕاستى و دروستى هەواڵەکە بابەتى لەم شێوەیە بڵاودەکەنەوە، بێگومان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەى کەوا ئەم پێگە و ماڵپەڕانە لەبنچینەدا کاریان بڵاوکردنەوەى بابەتى تەکنەلۆژى نییە یاخود لەبوارەکەدا شارەزا نین بەڵام خۆیان پیا هەڵواسیووە و تەنها ئامانجیان زیادبوونى ڕێژەى ساردانیکردنى بابەتەکانیانە بەبێ گوێدانە هیچ بنەمایەکى ئەخلاقى و ئەتیکى ڕۆژنامەوانى.[/su_note]
بۆچونی تۆ