10
ئەپڵ 18, تشرینی دووه‌م 2016

ڕێژەی فرۆشتنی مۆبایلە هۆشمەندەکان بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە

4db6e52e894ac94aaf46c2793b2dfd94-970-80

کۆمپانیای Gartner ـی لێکۆڵەر لە زانیارییەکانی تەکنەلۆژیا، دوایین ڕاپۆرتی خۆی لەسەر ڕێژەی فرۆشی کۆمپانیاکان لە بواری مۆبایلە هۆشمەندەکان بڵاوکردەوە. هەروەکو ئەوەی کە پێشبینی کرابوو، کۆمپانیای سامسۆنگ بە ڕێژەیەکی زۆر پاشەکشەی کردووە لە فرۆشتنی مۆبایلە هۆشمەندەکانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە پلەی یەکەمین ماوەتەوە، هەر تەنها سامسۆنگ نا، بەڵکو ئەپڵیش پاشەکشەی کردووە و بە پێچەوانەوە کۆمپانیاکانی تری وەک هواوی، ئۆپۆ و بی بی کەی و چەند کۆمپانیایەکی تر ڕێژەی فرۆشیی مۆبایلەکانیان زیادی کردووە.

ڕاپۆرتەکە تایبەتە بە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ (مانگەکانی ٧، ٨ و ٩)، تیایدا ئەوە دەردەکەوێت کە ئەمساڵ زیاتر لە ٣٧٣ ملیۆن مۆبایل فرۆشراوە، ئەمەش نزیکەی ١٩ ملیۆن زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار کە ٣٥٤ ملیۆن بوو. کۆمپانیای سامسۆنگ پشکی شێری بەرکەوتووە لەو ڕێژەیە و توانیویەتی ئەمساڵ لە چارەکی سێیەمدا ٧١.٧ ملیۆن مۆبایل بفرۆشێت، ئەمەش نزیکەی ١٢ ملیۆن کەمترە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار کە بڕی ٨٣.٥ ملیۆن فرۆشرا. ئەمەش تا ڕادەیەک چاوەڕوانکراو بوو بۆ سامسۆنگ، چونکە لەدەستدانی فرۆشیی گالاکسی نۆت حەوت بووە هۆی زەرەرێکی زۆر بۆ ئەو کۆمپانیایە. کۆمپانیای ئەپڵیش، بەشێکی ئەو پاشەکشەیەی بەرکەوتووە و ئەمساڵ توانیویەتی بڕی ٤٣ ملیۆن مۆبایل بفرۆشێت، ئەمەش ٣ ملیۆن کەمترە لە ساڵی پار.

ئەوەی کە قازانجی کردووە لەم چارەکەدا، کۆمپانیا چینییەکانن. کۆمپانیای هواوی دوای سامسۆنگ و ئەپڵ زۆرترین مۆبایلی فرۆشتووە بە بڕی نزیکەی ٣٢ ملیۆن، ئەمەش ٥ ملیۆن زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار کە تەنها ٢٧ ملیۆن بوو. کۆمپانیای ئۆپۆش سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە و توانیویەتی نزیکەی ٢٥ ملیۆن مۆبایل بفرۆشێت، ئەمەش نزیکەی ١٣ ملیۆن زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار! بە هەمان شێوە، کۆمپانیای BBK کە ئەویش کۆمپانیایەکی چینییە، بە ڕێژەیەکی زۆر قازانجی کردووە و توانیویەتی نزیکەی ٢٠ ملیۆن مۆبایل بفرۆشێت، کۆمپانیاکانی تریش بە گشتی ١٨١ ملیۆن مۆبایلیان فرۆشتووە.

ئەو ژمارانەی سەرەوە ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئیدی خەڵک بەرەبەرە لە سامسۆنگ و ئەپڵ دووردەکەونەوە و ڕوودەکەنە کۆمپانیاکانی تر و بەتایبەتیش کۆمپانیا چینییەکان.

بۆچونی تۆ